KDC

بەیاننامەی فیدراســیۆنی ژنانی دیاســپۆڕای کوردستانی بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیــهانیی ژنـان.

فیدراســیۆنی ژنـانی دیاســپۆڕای کوردستانی لە ڕۆژی ٨ی مارس، پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان بەگشــتی و ژنـانی کورد بەتایبەتی دەکات، و ڕێز لە خەباتی ماندوونەناســانەی ژنانی بەهێز و بوێر دەگرێت کە بەردەوام تێدەکۆشــن بۆ یەکســانی، دادپەروەری و ئازادی.

پرســى ژنان ئەمڕۆ لەجیهاندا پرسـێکى گشتگیرە و بووە بە پێوەرێک بۆ خەباتى هەمەچەشــنەى ئازادى و ڕێزگرتن لەمافەکانى مرۆڤ و بنەماکانى دیموکراسـى.

ئاشــکرایە کە ژنانی کورد خاوەنی ئیرادە و میراتی خۆڕاگری و هێزێکی بێکۆتان، مێژووی ژنانی کورد ناسـراوە بە بەرەنگاربوونەوەی چەوســانەوە بۆ مافی چارەنووس.

ئەم ڕۆژە بۆ فیدراسـیۆنی ژنانی دیاســپۆڕای کوردسـتانی، تەنها ڕۆژی پیرۆزبایی و ئاهەنگگێڕان نیە، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەو ململانێ و بەرەنگارییانەیە کە ژنان تا ئێستاش ڕووبەڕوویان دەبنەوە، چ لە کوردستان و چ لەجیهان.

ڕوونە کە ڕۆژ و بۆنەی ٨ی مارس هەڵقووڵاوی بیری ســەربەستی، و قبووڵ نەکردنى سـتەم و زوڵم جیاکارییە دەرهەق بەژنان و نیشــانەى بەرەنگارىی و داکۆکیکردنە لە مافەکان.

هاوکات ٨ی مارس رۆژێکە بۆ بەرزنرخاندنى رۆڵى ئەو ژنـە تێکۆشــەرانەى کە دژى هەموو ئەو کۆت و بەندانە وەسـتانەوە کە ببوونە بەربەست بۆیان، دواتر کرانە سیمبولی خەباتى ژنان بۆ ژیانێکى باشـتر کەتێیدا رێز لە بەهـاکان و مافەکانی ژنان بگیرێت.

ژنان هەمووکات و لەساتە سەختەکانیشدا پێشەنگ بوون، لە شۆڕشەکان سەرکردایەتی بزووتنەوەی پێشکەوتووخوازانەیان کردووە، و بەردەوام هیوایەکیان بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست کردووە.

ســەرباری ئەمانە تائەمڕۆش بەئاشکرا دەبینین لە فەرمانگەکان و شوێنی کارکردندا، لە هەمان جۆر و چەندیێتی کاتژمێری کارکردندا نادادپەروانە ژنان کەمتر لە پیاوان داهاتیان هەیە، و هێشتا ڕووبەڕووی هەڵاواردنی پێکهاتەیی و نایەکسانی ئابووری و هەروەها تووندوتیژیی ڕەگەزی دەبنەوە، و زۆرجاریش دەنگیان لە پرۆســەکانی بڕیاردان پشتگوێ دەخرێت.

ئێمە وەک ژنانی کورد لە دیاسپۆڕا، بە ئەرکی خۆمانی ئەزانین کە دەنگمان بەرز بکەینەوە لەبری ئەوانەی ناتوانن گوزارشت لە لەئازاری خۆیان بکەن، و دەنگ و هاواریان نابیسترێ.

ئێمە پێکەوە ئەبێت بەرەو جیهانێک بچین کە هەموو ژنان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پاشخان، ئایین، ڕەنگ، کەلتوور و بارودۆخی ژیان، ئازادییان هەبێت بەبێ ترس، بێ جیاکاری و بێ چەوساندنەوە بژین.

ئێمە باوەڕمان بە هێزی یەکدەنگی کۆمەڵگا هەیە، وەک بزووتنەوەیەک، بە خەباتی بەردەواممان دیدگایەک بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بنیاد دەنێین، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین لە ڕێگەی چالاکی و ڕێکخستنی پەروەردەوە گۆڕانکاری دروست بکەین. ئێمە نەک تەنها بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتوو خەبات دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانن لە جیهانێکدا بژین، بە ئازادی و کەرامەتەوە گەورەببن، و ڕەگەز چیتر بەربەست نەبێت لەبەردەم دەرفەت و ئازادیدا. ئەمەش بەتەنها ئەرکی ژنان نیە، بەڵکو ئەرکى تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەیە کە داکۆکى لە مافەکانى ژنان بکەن، بەتایبەتیش دام و دەزگا باڵاکانى هەرێمى کوردستان و پێویستە هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ چاکتر کردنى رەوشى ژنان لەکوردستاندا.

ڕۆژی ژنان پیرۆز بێت لە هەموو ژنان، بەتایبەت ژنانی خەباتکار و تێکۆشەرانی کوردی بەهێز و بوێر.

فیدڕاســـیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردســتانی

___

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە نەرویج پیرۆبایی لە مانی حسێن کرد

KDC

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی 39 هەمین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەکان پەیامێک بڵاودەکەنەوە

nusar1

پورتوگال سەدان پەنابەر لە یۆنان وەردەگرێت

KDC