هه‌شت ساڵ لەمەوبەر سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، لە باشووری كوردستان بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی دا، ئەوە بوو بۆ پشتوانیكردن له‌و بڕیاره مێژووییه له‌و ده‌مه‌دا، ڕەوەندی كورد له وڵاتانی رۆژئاوادا ڕژانە سه‌ر شه‌قامەكان و كەرنەڤاڵ و ئاهه‌نگی گەورەیان گێڕا، لەنێو ئەو ئاهەنگانە و لەنێو جۆش و خرۆش كوردستانیاندا، مرۆڤ دیمەنی وەهای دەبین، نەیدەتوانی لەئاستیاندا پڕمەی گریانی سادی و فرمێسكی خۆشی رابگرێت.
بە خۆشحاڵییەوە رۆژی 22/3/2025، جارێكی دیكە ڕه‌وه‌ندی كورد و كوردستانییان بە جیاوازیی بیر و بۆچوون و ئینتیمای حزبی و لایەنداریی تایبەتیانەوە، هەموان پێكەوە، هاوشێوه‌ی ڕیفراندۆم، بەشداریی ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆزیان لە ئەڵمانیا كرد، كەیی دروشمی سەرەكیی بۆ پیشتوانیكردن بوو لە داخوازییه‌كانی كوردانی ڕۆژئاڤا، تاوەكوو مافەكانی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبەت و خاوه‌ن خاك و زمان و ناسنامە، له‌ناو ده‌ستووری نوێی سووریادا بچه‌سپێ، بەمەش كوردانی تاراوگه بۆ به‌رزڕاگرتنی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی و پشتیوانیكردنی كوردی ڕۆژئاڤا، لەم كەرنەڤاڵەدا ڕیفراندۆمێكی نوێیان تۆمار كرد و دیمەنەكان وەك دیمەنەكانی ئەوێ رۆژێ جوان و سەرنجڕاكێش بوون.
نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌كێكه له‌و نه‌ته‌وه زیندوانه‌ی جیهان، كه لە هەر بارودۆخێكدا بووبێ، پارێزگاریی له كولتووری خۆی كردووە و دەكات و له جەژنە نەتەوەییەكان و بۆنه نیشتمانییەكاندا بەتایبەتی، به جلوبه‌رگی كوردیی ڕەنگاوڕەنگ دونیا دەڕازێننەوە، ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له كەرنەڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵدا، شاره‌وانیی شاری كۆڵن و میدیاكانی وڵاتی ئه‌ڵمانیا و ئەورووپایان سەرسام كرد، ئەمەش هه‌وڵێكی گرنك و بایه‌خدار بوو، چونكه ڕه‌وه‌ندی كوردستانی به‌و گردبوونه جه‌ماوه‌رییه و به جلوبه‌رگی كوردی و موزیك و شایی و دیلان، شادییه‌كی بێوێنه‌یان بە كورد و بە خەڵكی ئەورووپا و بە تێكڕای جیهان بەخشی.
شیفا بارزانی، سه‌رپه‌رشتیاری گشتیی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له دیاسپۆرا، لە كەرنەڤاڵەكەدا په‌یامی سه‌رۆك بارزانی و دڵخۆشیی سه‌رۆكی گه‌یانده ئامادەبوان و بەشدارانی ئاههنگەكە و لە وتارەكەیدا گوتی، ئێمە ته‌نیا جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆز ناكه‌ین، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی نێوان كولتوور و مێژوو و نیشتمانی خۆمان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه، په‌یوه‌ندیی خۆمان له خه‌باتی نه‌پساوه‌ی گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نوێ ده‌كه‌ینه‌وه.
ئه‌م په‌یامه‌ی شیفا بارزانی، هه‌ڵگری ئه‌و شوناسه‌یه، كه سه‌رۆك بارزانی له سیاسه‌ت و خه‌باتیدا كاری بۆ كردووە و ده‌كات.
كه‌رنه‌ڤاڵی نه‌ورۆز له شاری كۆڵن پێمان ده‌ڵێت، یه‌كڕیزیی نه‌ته‌وه‌یی كورد یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی بەهێزبوونی نەتەوە لەلایەك و پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزی نێوان پارته سیاسییه‌كانیش، بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافەكانی گەلەكەمان. كه‌رنه‌ڤاڵی نه‌ورۆز له كۆڵن هه‌نگاوێكی كاریگه‌ر بوو بۆ هه‌موان و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی رۆحی هه‌موانی ته‌نیبوو. شوناسی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد و كوردستانییان له تاراوگه ته‌نیا بابەتێكی سیاسی نییه، به‌ڵكوو كولتوورێكی جێی بایەخی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییە، لەو ڕوانگەیەشەوە كورد هەمیشە له خه‌می پاراستنی زمان و كولتوور و كەلەپوورەكەیەتی و بە هەر نرخێك بێت ئه‌م شوناسه نیشتمانییەیشی دەپارێزێت.