ئامادەکردنی: سۆران حەسەن
ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە وەرزێکی نوێی دوای کۆنگرەی دووەمی بەرلین، بەشی وێبنارەکان لە ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆن دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە، لە یەکەم ویستگەدا وێبنارێکی بۆ مەریوان نەقشبەندی بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕێگای پڕۆگرمی ZOOM ساز کرد، کە لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی شوعلە ڕەسول بوو.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی٣ی٢٠٢٥، ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وێبنارێکی بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕ لە کاروباری ئایینیی مەریوان نەقشبەندیی ساز کرد، کە تەوەری وێبنارەکەی لەسەر
١-پێکەوەژیانی ئایینی و کولتووری و زمانی کوردی لە کوردستاندا، ئایا فۆرمەلەی هەستی نەتەوەیی بەرەوپێش دەبات؟
٢- بیری نەتەوەیی کوردبوون بە چ ئاڕاستەیەک دەتوانێت شوناسی خۆی لەناو نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بپارێزێت؟
ئەمەو نووسەر، لە سەرەتاوە باسی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی لە کوردستان، بە تایبەت کوردستانی باشوور کرد و بەسەر دوو کاتی جیاواز پۆڵێنی کرد، کە ئەوانیش پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین. لە هەر یەک لەو کاتانە شرۆڤەی مێژوویی و جیۆگرافی و سیاسی بۆ کرد، کە پێکهاتەکانی کوردستان سروشتێکی جیاوازیی پێکەوەژیانیان لە ناوچەکەدا ڕەخساندووە، تا ئەوەی شۆڕشەکانی کوردستان بە تایبەت شۆڕشی نەتەوەیی ئەیلوول لە پێکهاتەی سەرکردایەتیی سەرکردەی لێهاتوو لەناو بزاڤی ڕزگارییخوازیدا هەڵکەوتوون و جێ دەستیان لە تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگاریی جێی شانازیی هەموو لایەک بوون. لە دوای ڕاپەڕینیش هەمان بەرنامە و ڕێگا لەناو دامودەزگا حکوومییەکان و سەرۆکاتییەکانی هەرێمی کوردستان جێگایان دیار و بەرچاوە.
پاشان هاتەسەر قۆناغی شەڕی تیرۆرستانی داعش، کە پێشمەرگەی کوردستان بە بێ جیاوازیی قوربانی بۆ پارێزگاریی پێکهاتەکانی کوردستان داوە، هەمیشە لە سەنگەر دابوون بۆ پارێزگاریی کردنیان، ئەمەش بە ڕای نووسەر دەرگای بۆ چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ڕەخساندووە، کە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن.
هەروەها لە تەوەرێکی دیکە، باسی لە پێکهاتەکانی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان لە ڕۆژئاوا کرد، کە تێیدا پێکهاتەجیاوازەکان پارێزراون.
لە کۆتاییدا، لە لایەن ئامادەبووان سەرنج و تێبینیی جۆرازجۆریان خستەڕو و بە پرسیار و وەڵام دەرفەتێک هاتە ئاراوە، کە بەرچاوڕوونی لە ڕەوتی مێژووی ناوچەکە بە بەیاخەوە باس کرا.