KDC

(دەوەن)ی جوانەمەرگ لە پەراوێزی مەرگی خەتەر و سەرەقەڵەمی باسێکی هونەر دا…

هەڵۆ بەرزنجەیی

ئیمڕۆ هەواڵی مردنی لەناکاوی هونەرمەندی کوردی راپ (خەتەر)وەک هەورە برووسکە بڵاوبۆوە..هەواڵێکی ناخۆش و خەمگین

بەداخەوە جارێ هۆکاری مردنەکەی نازانرێ و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە

لە رووی مێژووییەوە هونەری گۆرانی وتن بەتایبەت راپ Rapp لەسەر دەستی کۆمەڵێ گۆرانیبێژدا سەری هەڵدا کە تا سەردەمانێکی زۆر ئەو هونەرە بۆ کورد وەک تابوو وا بوو .کەس بوێری ئەوەی نەدەکرد وەک کوردێ بێتە مەیدانەوە خۆی بناسێنێ.. بەڵام دواتر دوای دەرکەوتنی (ئازاد)وە بە تایبەت (خەتەر) پاشان چەندانێکی تر لەم گۆرانیبێژانەی راپ ئەم دیوارە رووخا بە دوو دیودا..

جارێک گرووپ و گۆرانیبێژەکانی تری نەتەوەکانی دیکە کەوتنە بەردەم واقعێکی نوێوە ئەوە نەما چیدی کورد بەناوی تورکی و ئێرانی و عەرەبییەوە بەرهەم بڵاوبکاتەوە و ئەوەش داڕما کە نکۆڵی لە کوردبوون بکرێ!.. ئەم گۆرانیبێژە کوردانە زۆر بە تایبەت لە نێویاندا (خەتەر) توانی بێ پەروا و شەرم و ترس وشەی کورد و کوردستان بەکار بهێنێ و ئاڵای کوردستان لە کلیپ و ئاهەنگەکانیدا بڵند بکاتەوە.. لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەوروپا خەتەر بووە ناوێکی دیار و پێشەنگی بواری هونەری راپ..بە کورتی و کرمانجی ئەمانە گرووپی گۆرانیبێژ کاریگەرییەکی گەورەی هونەرییان لە سەر ئەم جۆرە هونەرە لە ئەڵمانیا دا دروست کرد و بوونە ئەستێرە و جەماوەرێکی فراوانیان لە ناو ئەڵمان و ئەوروپایی و گەلانی تریشدا لێ کۆبۆوە.

لایەنێکی تری گرنگی دەرکەوتنی ئەم کارە هونەرییانە، بەخشینی هیوایەک بوو بە نەوەی نوێی لە گەنجانی کورد کە ئێستا وزە و سەرمایەکی گەورەی مادیین بەتایبەت ئەوانەی لە ئەڵمانیا لەدایک بوون. هیوای خۆدۆزینەوە و بەئاگاهاتنەوە و شکاندنی ترس و شەرمی کوردبوون..دیارە مەبەستم زیاتر بۆ کوردانی باکوورە!! کە بەهۆی زوڵم و ستەمی زۆری داگیرکەری تورکەوە متمانەیان بە خۆ نەبوو بڵێن کوردین ! .. یان بە جۆرێک کوردبوونەکەیان دەردەبڕن مڕۆ سەری دەسووڕما:

باوکی دایکم کوردە، یان دایکم کوردە ،باوکم کوردە.. واتە بۆ خۆیان بوێریی ئەوەیان نییە راستەوخۆ بڵێین کوردین! ئەمەش هۆکاری نەتەوەیی و سیاسی و هەروەها بەرژەوەندیشی وا لە پشتەوە.بەڵام بە هەڵکەوتنی هەر کەسایەتییەکی کوردی سەرکەوتوو لە بواری وەرزش، موزیک، رۆشنبیریی کە لە میدیادا بەرچاوبوون، باوەڕ و ورە و هێز و متمانە بەخۆبوونێکی گەورە لای ئەم جۆرە لە گەنجانی کورد پەیدا دەبوو!..

بیرمە پێش ١٥ـ٢٠ لەمەوبەر منداڵەکانم دیلان و جوانەمەرگ دەوەن بە هەواڵی هاتنی (ئازاد) بۆ بەرلین و گێڕانی کۆنسێرتێک شاگەشکە بوون.. زۆریان لێ کردم بیان بەم.. دەبێ راستیتان پێ بڵێم زۆر حەزم لە شێوازی گۆرانی ڕاپ نەبوو، بەڵام زۆری ئەوان وای کرد مل دا و هەوڵی بەدەستهێنانی بلیتم دا ، کە بەزەحمەت پەیدا دەبوو.

برا و هاوبیرم کاک کامەران ئەویش دوو منداڵی نزیک بە تەمەنی دیلان و دەوەنی هەیە ئەوانیش حەزیان کرد بێن و ئیدی پێکەوە چووین و کەوتینە دنیایەکی سەیروسەمەرەوە… شوێنەکە لەگەڕەکی کرۆیتسبێرگ بوو کە قەڵای تورکانە و بە ئەستەمبوڵی بچووک ناودەبرێ . کەشوهەوایەکی سامناک و مافیایی هەبوو…چڕینی گۆرانی بە دەنگی بەرز و جوڵەی سەیرو عەنتیکە کە وات دەزانی زەبروزەنگی لێ دەبارێ دەکرا.. هەرچۆنێ بوو منداڵان دڵیان خۆش بوو. سەرەتا سەرەرێی رێگامان گرت لە گەیشتنی ئازاد کەبە دەیان کەس بەدواوەیەوە بوون و دەیان پاراست، بە گەرمی بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی ئەو هونەرمەندەمان کرد و بە خۆشییەوە منداڵان توانییان چەند وێنەیەکیان لەتەکدا گرت.. ئیدی گەورەترین خۆشییان پێ بڕا و ئێمەش ئەوەمان دەویست!…

سەرەتای کۆنسێرتەکە وەک خواردنی زەڵاتە! چەند کەسێک هەندێ گۆرانییان وت، تا کەشوهەواکە گەرم بکەن . یەکێ لەوانە ئەو راپە ببەرلینییە Denis Cuspert بوو کە بووە داعش و دواتر رەوانەی دۆزەخ کرا!. ئینجا پاڵەوانی شەوەکە (ئازاد) هاتە سەر ستەیج و بە جوڵە و شێواز و پەرۆش و گەرموگوڕیی و جۆرێک لە توڕەیی و شێوازێک لەشەڕ فڕۆشتنەوە بە دەنگێکی نێر کەوتە گۆرانی نەک هەر ئامادەبووان بگرە داروبەرد و دەرگا و پەنجەرەکانیش هاتنە سەماکردن.. منیش لەگەڵ هاوبیر کامەران لە کونجێکدا وەستابووین چاوێکمان لەسەر منداڵان و بە شێوەی تریش ئەبڵەق بووبووین بە دیار دیمەن و دەنگی ئازاد و حاڵ لێهاتنی ئامادەبووانەوە

(هیران)ی کوڕی کاک کامەران دەرفەتی هێنا ئاڵایەکی کوردستانی دایە دەست ئازاد.. ئازاد زۆر بە گەرمی لە دەستی وەرگرت و ماچی کرد و بەرزی کرەوە و بژی کوردستان، بژی کوردستانی دەست پێکرد…

ئیدی چ منداڵان و چ من و کاک کامەران خۆشییەکی سەیرمان پێبڕا…ئاخر تژی لە گەنجی تورک و عەەب و ئەڵمان بوو…منداڵان هۆڵەکەیان بەجێ نەهێشت تاوەکوو ئازاد ماڵئاوایی لێ کرد و پاشان کۆمەڵێ بەرهەمی ئەویان وەک سی دی و تی شێرت کڕی.. ئەو ڕۆژەیان زۆر بەلاوە خۆش بوو

هەم موزیک و هەم تیفتیفەی هەستی کوردبوون و هەمیش شانازیی و متمانە بەدەستهێنان و هەمیش رەوینەوەی تابووی ترس لە کوردبوون کە نیمچە بڤەیەک بوو. لە پێناوی ناسنامەی کوردبووندا کە پڕ لە ئیشکالێت و ناتەواویدایە بۆ ئەم نەوە نوێیەی لە ئەورۆپا دروست بوون و خەڵکی وڵاتێکن لەسەر نەخشەی سیاسی بوونی نییە و ئاڵای نەتەوەیی تێدا ناشەکێتەوە و کەس پاسپۆرتی ئەو وڵاتەی لە گیرفاندا نییە و کۆمەڵێ گرفتی تر کە لە قوتابخانە و ناو کۆمەڵدا رووبەرووی گەنجی کورد دەبێتەوە.. هەموو ئەم فاکتەرانە لەم بۆنەیەدا بە چڕینی چەند گۆرانییەک لە لایەن کوردێکەوە! گەرماوگەرم گەڵاڵە دەبن و وەک چەپکە گوڵێ و مەدالیایەکی پیرۆز دەبەخشرێت بە کوردی دیاسپۆا و ئامادەبووان.

بە هەقەت ویستم لەم پەراوێزی مەرگی خەتەردا تیشکێ بخەمە سەر گرنگی ئەم جۆرە فیگورانە.. هەبوونیان چەند بایەخی مادی و مینۆکیان هەیە و لە دەستدانیان چەند بە زیان و بە ئازارە ..ئێستا کەم گەنجی کورد هەیە خەبار و دڵتەنگی کۆچی دوایی خەتەر نەبێت…ئەوەی منداڵی هەیە ئاگاداری ئەم هەقیقەتەیە

جوانەمەرگ (دەوەن)ی کوڕم لەم دنیایەدا دەسووڕایەوە بەیانی تا شەو هەر گوێی لەم بابەتانە دەگرت و دەوتەوە .. هەروەها لە پەیوەندییەکی زۆر توند و بەهێزدا بوو لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە و سەرسامی هونەرەکەیان بوو.خۆشەویستی هەمووان بوو،تەنانەت جارێ باسی کرد رەنگە بۆ هەندێ کاری هونەری لەگەڵیان بەشداری بکات، نازانم بۆ ڕێک نەکەوت؟!.. بەردەوام بە عەشقەوە باسی دەکردن و دەیوت:

ئەمانە پێشەنگن و ئێستا کاریگەریان لەسەر نەوەیەک لەدوای خۆیان دروست کردووە. راستی دەکرد دوای هاتنە مەیدانی ئەمانە زۆر شت گۆڕا و بەرادەیەک گەنجی کورد چیدی پێویستی بەوە نەما لە بێئاگایی و ناچاریدا دوای گۆرانیبێژی تورک و فارس و عەرەب بکەون و و بیانکەنە سەرمەشقی خۆیان… ئێمە ، کورد بووە خاوەنی پۆلێک گۆرانیبێژ و وەرزشوانی سەرکەوتوو دیار. زۆر گرنگە پشتیوانییان لێ بکەن تا سەرکەوتووتر بن….

خۆشەویستی جوامەرگ بۆ وەرزش و موزیک زۆر پتەو و گەورە بوو دواتر لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێکی تردا پەیوەندی پەیدا کرد لەوانە (دیلۆ) پەنا و یەک Dilo51 ..ناوبراو یەکێ بوو لەوانەی دوای جوانەمەرگ بوونی دەوەن گۆرانییەکی تایبەتی بۆ وت.. دەوەن زۆر حەزی لە کارە هونەرییەکانی گۆرانیبێژێکی تریشی بەناوی 50 Cent کە دەنگی نەوەی هەژاری رەش پێستەکانی ئەمەریکا بوو کە لە زۆر مافی مرۆیی بێبەش بوون.

بریا موزیکزانێ یان هونەردۆست و شارەزایەک ئاوڕی لەم بوارە و ئەم جۆرە فیگورانە دەدایەوە و لە گرنگییەی دەکۆڵییەوە.ئێستا تێدەگەین بۆیە بۆ خەتەر دووجار بەداخین وەک مردنێکی ناوەخت و وەک گۆرانیبێژێکی دیار و کاریگەر، کە نەخشێکی گرنگی گێڕاوە ..پێویستە ئەوەش بوترێ خەتەر چەند کارێکی هونەری کردووە و لە فیلم و نووسینی کتێب و هەروەها بڵاوکردنەوەی چەندین بەرهەمی هونەریی … چەندەها کۆنسێرتیشی کردووە داهاتەکەی بەخشیووە بە لێقەوماوانی کوردستان..

بە داخەوە بۆ مەرگی ناوادەی بە ئازارت خەتەر ماڵئاوا

بڕۆ ڕۆحی پەروازت ئێستا بەڕێوەیە و دەوەن بە تاسەوە بۆ ٣ ساڵ دەچێ ، چاوەڕێتە، جارێکی تر بە زیندوویی Live گوێ بۆ گۆرانییەکانت رادێرێتەوە

  1. لینکی گۆرانییەکەی دیلۆ بۆ دەوەن.

https://m.youtube.com/watch?v=Vtd1uQ-lq04…

___

ئێمەی مرۆڤەکان لە گێژاوێکی گەورەداین 

KDC

کەشتی جەنگی (باتان)ی ئەمریکا، هاوشێوەی دەستەخوشکەکەی (کێنتاکی)، دەتوانێت جارێکی تر مێژوو بگۆڕێت

nusar1

کۆلۆنیالیزم و کولتوور

nusar1
KDC

FREE
VIEW