کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، بە بۆنەی یادی سەدساڵەی شەهیدبوونی شێخ سەعیدی پیران، سیمینارێکی تایبەتیان لە ئەڵمانیا سازدا، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاوی کوردان بەشدارییان کرد.
لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، سیمینارێکی بۆ ڕێزلێنان لە سەدساڵەی شەهیدبوونی شێخ سەعید و پاراستنی نرخە نەتەوەییەكانمان لە شاری برێمنی ئەڵمانیا سازکرد.
سیمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” دەستیپێكرد و لە هەمان کاتدا ڤیدیۆیەک بە وێنەی سەرکردە و کەسایەتییە بەڕێزەکانی کوردەوە نمایش کرا.
دکتۆر ڤیان یوسف، بە ناوی چوار فیدراسیۆنی ئەندامی کۆنفیدراسیۆنەوە بەخێرهاتنی میوانانی کرد.
پاشان کۆڤان ئامێدی، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ناوی کۆنفیدراسیۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای وتەکانیدا بە سڵاوی گەرمی ڕێزدار شفا بارزانیی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی و ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پێشكەشی ئامادەبووان كرد.
ئامێدی لە وتارەکەیدا وتی: ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی دەزانین، کە سەرکردەکانمان و کار و تێکۆشانیان بپارێزین، کارەکانیان هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەیان بە نەوە نوێیەکانی کورد بناسێنین، هەروەها درێژە بە دۆزی ئازادی کوردستان بدەین.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەش کرد، کە کۆنفیدراسیۆن بە ئەرکی خۆیی دەزانێت، کە یاد و ڕێزگرتن لە سەرۆك و سەرکردە مێژووییەکانمان، وەک مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، پێشەوا قازی محەمەد، سەید ڕەزا و ئەوانی دیکە، کە پێگەیەکی گرنگ و تایبەتییان لە مێژووی کوردستاندا هەیە، هەروەها بەرز نرخاندنی کارە پیرۆز و خەباتەکانیان بكات.
پاشان بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، کە لە ١١ ڕێکخراو پێک هاتووە، نوسرەت ئی، وتارێکی ھاوبەشی پێشکەش کرد.
بەرنامەی سیمینارەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو. لە بەشی یەکەمدا عەبدولموسلم کۆرکوت ئاتە، لە کۆمەڵەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی، لە بنەماڵەی شێخ سەعید، نەوەى شێخی چالێ، وتارێکیان لەسەر یادی سەدساڵەی شێخ سەعید و بزووتنەوەی ١٩٢٥ پێشکەش کرد.
عەدنان بەشیر نووسەر و چالاكوانی دۆزی کوردستانیش، هەروەها باسی لە ڕۆڵ و بیرۆکەکانی د مەلا مستەفا بارزانی لە خەباتی نەتەوەیی کرد.
لە بەشی دووهەمیشدا، نەجات زانیار بەرپرسی ئینستیتیوتی کورد لە سویسرا و نووسەر و لێکۆڵەر، وتارێکی لەسەر ڕۆڵی سەرکردەکانی کورد لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا پێشکەش کرد.
هەروەها شاریار نەقشبەندیش وتارێکی لەسەر قازی محەمەد و خەباتی نەتەوەیی پێشکەشی کرد.
پاشان شاعیری کورد عەسکەرێ بۆیک، بە کورتی وتارێکی لەسەر سەرۆك و سەرکردەکانی کورد پێشکەش کرد.
سەرجەم وتاردەرانی سیمینارەکە بە بوێری و پڕ لە زانستەوە سیمینارەکانیان پێشکەش کرد. میوانەکان بە سەرنجێکی زۆرەوە گوێیان لە وتاردەران دەگرت و هەموو بەشداربووانی سیمینارەکە زۆر دڵخۆش بوون بە بۆنەیەکی لەو شێوەیە.
سیمینارەکە لە لایەن بەڕێزان گوڵستان ئاواز و نەورۆز باوەڕەوە سەرپەرشتی دەکرا. هەروەها ناوبەناو شیعری نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەیان دەخوێندەوە. کە تێیدا چەندان میوانی دیدارەکە، وەک عەلی عەونی، سالار عوسمان و ڕێناس جانۆ، کە بڕیار بوو لە باشووری کوردستانەوە بێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی گەشتە ئاسمانییەکانەوە نەیانتوانی ئامادەبن و گەرمترین سڵاویان ئاڕاستەی سەرجەم بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کۆڤان ئامێدی، بە ناوی کۆنفیدراسیۆنەوە سوپاسی سەرجەم وتاردەران و سەرجەم بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی کرد، هەروەها سوپاسی ئەو چوار فیدراسیۆنەی، کە ئەندامی کۆنفیدراسیۆنیشن كرد.






