KDC

ناوەندی برۆکسل خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشییە خانمە چالاکوانێکی کورد

 

ناوەندی برۆکسل و کۆمەڵەیەکی کوردی خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشییە خانمە چالاکوانێکی کورد، کە چەندان ساڵە خزمەت بە کولتوور و فەرهەنگیی کورد دەکات.

رۆژی یەکشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ناوەندی ڕەوەندی کوردستان-برۆکسل، بە هاوکاریی کۆمەڵەی ئاشتی، ڕێوڕەسمێکیان بۆ ڕێزلێنان لە چالاکوانی کورد “پەرڤین ئەکرەم جەمیل پاشا” ساز کرد.

ئەو مەراسیمە، بەمەبەستی ناساندنی دەستپێشخەرییە مرۆیی و ڕۆشنبیرییەکەی بەڕێوە چوو، کە لە چوارچێوەی  کتێبخانە و ئەرشیفەکانی بە بارەگای ناوەندی ڕەوەندی کوردستان لە برۆکسل بەخشی .

زۆرێک لە کەسایەتییە کولتووری، هونەری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کورد لە بەلجیکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد. لە چالاکییەکەدا تیشکخرایە سەر گرنگیی چالاکییەکانی کۆمەڵگەی کورد و پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکانی پاراستن و گواستنەوەی میراتی کولتووری بۆ نەوەکانی داهاتوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە وتاری بەخێرهاتن لەلایەن مستەفا شاکر بەرپرسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی-برۆکسل، دەستیپێکرد. لە وتارەکەیدا جەختی لە گرنگیی دەستپێشخەرییەکە و ڕۆڵی لە پاراستنی میراتی فەرهەنگیی کورد و بەرەوپێشبردنی کاری هاوبەشی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کردەوە.

خاتوو شێرمین بۆزارسلان جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی، بەشداری لە چالاکییەکەدا کرد و بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا سوپاس و ڕێزی خۆی بۆ خاتوو پەرڤین دەربڕی بۆ کارە دڵسۆزەکەی، کە نزیکەی ٤٠ ساڵ بەردەوام بووە. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەی کورد و دۆزی کورد و فەرهەنگی کورد. خاتوو پەرڤین لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی میدالیای پێبەخشرا.

کۆمەڵەی ئاشتیی پارچە میوزیکێکی کچە کورد “کاجین ئەفرینی” پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
مەراسیمەکە بە هەڵپەڕکێی کوردی کۆتاییی هات.

ناوەندی برۆکسل سوپاسی هەریەکە لە، کەناڵی کوردستان ٢٤ (بارزان حەسن)، تەلەفزیۆنی وڵات (ئاشتی مەلکی)، کەناڵ ٨ (حەمید مستەفا)، کەناڵی کوردستان تیڤی (دڵگەش ڕۆژبەیانی) دەکەن، کە ئامادەی ڕوماڵکردنی مەڕاسیمەکە بوون.

___

بە بڕیاری سەرۆکی توونس کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیخوانی دادەخرێت و بەشێک لە کارمەندانی دادگایی دەکرێن

KDC

بۆچوونی ڕزگار شێخ عەلی لەسەر بەستنی یەکەمین کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد

KDC

پرۆفایلی شابی ئالۆنسۆ

nusar1