(بیرکردنەوە لە ئامادەبوونێکی لەدەستچوو)
جه‌وده‌ت سۆفی
(دەربەدەری تەنیا جیابوونەوەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو بارودۆخێکی مرۆڤایەتییە کە ئاواره لەگەڵ لەدەستدان دا بژی و
لە هەمان کاتیش‌دا هەوڵدەدات فۆرمێکی نوێی پێ بدات.) ئێدوارد سەید.
ئەم بابەتە ڕێبازێکی ئۆتۆئێتنۆگرافی ڕەخنەگرانەیه كە ئەزموونی نابابەتی(سوبژیكتیڤ) و كه‌سی، دەبنە مادەی شیکاری بەکۆمەڵ. بێگومان وەکوو هه‌ر کوردێکی دەربەدەر، لە یادەوەریی خۆمدا هەڵگری دوو جوڵەی هاوكاتم كه بریتین له سڕینەوە و خۆڕاگریم. لێره‌دا “من”، تەنها بریتی نیه له ژیاننامەی كه‌سی من. به‌ڵكو جۆرێكه له من كه دەنگی کۆمەڵگەیەکی پەرشوبڵاویشی تێدایە، كه زۆرجار لە گێڕانەوەی باڵادەستدا بێدەنگ دەکرێت یان خۆی خۆی بێده‌نگ ده‌كات.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ دوو دیمەنی بە ڕواڵەت چیڕۆك ئامێزتان بۆ بگێڕمه‌وه كه ئەم پەیوەندییە بە پێداویستیه وجوودیه‌كانی من وه‌كو كورد گرێ ده‌داته‌وه؛
چیرۆكی یه‌كه‌م بریتیه له وه‌سوه‌سه‌ی پیتی ك (كه‌ی به لاتینی). لە کاتی گەیشتنم بۆ ئه‌ورووپا له ساڵی 1980 وه‌كو هه‌ر كوردێكی تر كه تازه هاتبوو بۆ هه‌نده‌ران، ده‌گه‌ڕام به‌دوای سه‌مبۆلێك بۆ خۆناسینه‌وه‌م یان بۆ هه‌ستكردنم به بوونم وه‌كو
نیشانەیه‌كی خۆ ناساندن و خۆ ناسینه‌وه.
چیرۆكی دووه‌م، لەم دواییانەدا، ئاماده نەبوونی كورد و زمانی کوردی بوو لە کۆبوونەوەیەکدا له جنێڤ کە زۆربه‌ی زمانەکانی جیهان تێیدا كۆ ببوونه‌وه.
لە نێوان ئەم دوو ساتەدا شوێنەوارێك ده‌بینم كه بێدەنگی دایە، کەچی له‌و شوێنه‌دا زمان دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکی خەبات بۆ بوون و ئاماده‌یی و وجوودی ڕەمزی كورد.
وه‌كو كورد یان كوردستان K وه‌كو كوردستان یان كوردK
چیرۆكی یه‌كه‌م:
ساڵی 1980 بوو، واته چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر کە له ده ست ڕژێمی به‌عس و شه‌ڕی براكوژی ڕامكردبوو و گەیشتمە ئەوروپا، تامەزرۆی ئه‌وه بووم كه گوێم لە ناوی گه‌له‌كه‌م یان وڵاته‌كه‌ی خۆم بێت. بۆیه هه موو ڕۆژێ لە ڕۆژنامەکان، لەسەر دیوارەکان، لە قسەكانی ئەوانی تردا بەدوای وشەی کورد یان کوردستان دا ده‌گەڕام. هەر جارێک كه پیتی (ک)ه م له‌به‌رده‌می هه‌ر ووشه‌یه‌ك دا دەبینی وام هه‌ست دەکرد كه باسی ئێمە دەکات. ئەم هه‌ڵوێسته‌م کە له ڕوانگه‌ی ده‌روونناسیه‌وه بە شتێكی ناواقیعانه و ناعاقڵانه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ، ئێستا ده‌زانم كه ده‌روونناسان وەک فۆرمێک لە زێده وریایی(هیپه‌ر سێنسیبیلیتی) هێمایی دەیخوێننەوە، بەو مانایەی کە فانۆن پێی وایه كه (لە جیهانی دیاسپۆرا، نه‌بوونی كه‌سه‌كه‌ی تر تەنیا بریتی نیه لهغایب، به‌ڵكو بریتیشه له كه‌سایه‌تی شێواو و به مه‌حاڵیش ناخی بەتاڵ کراوە ). چونكه دەربەدەر لەناو نیشانەکانی ئەویتردا بەدوای پشتڕاستکردنەوەی بوونی خۆیدا دەگەڕێت. بۆیه نەبوونی ناوی ئەو و ناوی وڵات و ناوی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌و، کەموکوڕییەکی ئۆنتۆلۆژی بەرهەم دەهێنێت: ئەوەی فانۆن پێی دەڵێت: (ئارەزووی خۆنووسینه‌وه لە ده‌سته‌جه‌مع دا یان له گشتگیردا). ئێدوارد سەعید، دەربەدەری وەکو فەزایه‌ك وه‌سف ده‌كات كه بۆ مرۆڤ هێڵەكان به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ناڕێكن و تاك بۆ هەمیشە بەدوای ئاوێنەیەکدا دەگەڕێت لە زمانی باڵادەستدا كه خۆی تێدا ببینێ.
منیش ئه‌و پیتی (ك)ه ی کە بەدوایدا دەگەڕام هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی خۆم لە جیهانی ئه‌وروپای دیموكراسی و مافی مرۆڤ دا ببینم كه تیایدا ڕەنگ بده‌مەوە و له نیگای ئه‌وانی تر دا ببینرێم و له گوێچكه‌كانیاندا ببیسترێم. چونكه ئه‌وه بۆ من ده‌بوو به جێگرەوەیەکی ڕەمزی: بۆیه لەو شوێنانەی کە دانپێدانانی سیاسی منی كورد بوونی نه‌بوو، ئه‌وا بەدوای شوێنەواری وشه و تایپۆگرافیدا دەگەڕام. ئیتر پیتی (كه‌ی، به لاتینی) له مێشك و هه‌ستم دا وەک نیشاندەرێکی سەرەکی کاری دەکرد كه پارچەیەک بوو لە واقیعێك كه تەواوی ئارەزووی خۆناسینەوەی خۆمی وه‌كو كورد تێیدا چڕ ببۆوە. بێگومان ئاگادار نه‌بووم كه ئەم ئاره‌زووه هه‌ستێكی تاکە کەسی نەبوو. به‌ڵكو باری بەکۆمەڵی گه‌له‌كه‌م بوو، گەلێکی بێ جێگە و نه‌بوونی لە ناو گێڕانەوەكانی جیهانیدا، وه‌كو بارێكی زۆر قورس به‌سه‌ر پشتی خۆمدا هەڵگرتبوو.
45 ساڵ دوای ئه‌مه ئه‌و پێداویستی گه‌ڕانه‌م به دوای ناسنامه‌ی خۆمادا هێشتا هه‌ر به بێده‌نگی و به نه بوون ماوه‌ته‌وه.
چیرۆكی دووه‌م: 45 ساڵ دوای ئه‌وه، له 10 ی نۆڤه‌مبه‌ری 2025 سێ کۆمەڵەی كولتووری کوردی نه‌بوونیان هه‌بوو له‌و داوه‌ته‌ی كه بۆ کۆبوونەوەیەک لە جنێڤ سەبارەت بە فێرکردنی زمانی دایک، كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی كانتۆنی جنێڤ ڕێکخرابوو. نه‌خێر هیچیان لهوێنەبوون و ده‌نگیان نه‌بوو. ڕه‌نگه بتوانین بڵێین كه له یادیان چووبوو، یان كاری كه‌سێتیان هه‌بوو، كه‌چی نوێنه‌ری هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كانی تری زمانی دایك له‌وێ بوون. بۆ نموونه سێ كه‌س نوێنه‌رایه‌تی یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی زمانی فارسیاندهكرد، كه‌چی بۆ سێ كۆمه‌ڵه‌ی كوردی یه‌ك نوێنه‌ریش بوونی نه‌بوو؟
ڕەنگە بتوانین وا بیر بكه‌ینه‌وه كه ئاماده نه‌بوون له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دا زۆر گرنگ نه‌بێت و وردەکارییەکی بچووک بێت. بەڵام لای من ئه‌و پرسیاره سه‌ری هه‌ڵدا: ئه‌دی ئه‌گه‌ر كرده‌ی ئەم ئاماده نەبوونه خۆی له خۆیدا بیه‌وێت هه‌ندێ شتمان پێ بڵێت دەربارەی دەربەدەری، دەربارەی یادەوەری، دەربارەی چۆنیەتیبوون، لە کاتێکدا كه جیهان فێری نەمانی کردووین وه‌كو كورد؟
ئه‌م نووسینه تێڕامانێكی خێرایه لەم نەبوونیەی ئێمه، واتە هەوڵدانێكه بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی کورد لە ڕێگەی نه‌بوونی و نادیاری و بێدەنگیەکانییەوە. چونكه هه‌ندێك جار كه كه‌سی ئاماده نه‌بوو قسە دەکات،ئەوەی كه ڕوونادات ڕووناکی زیاتر دەپڕژێنێته سه‌ر ئەوەی کە ڕوودەدات. ئەمجارەیان ئاماده نه‌بوونی كورد بوو: سێ کۆمەڵەی کوردی بێسەروشوێن بوون لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئامانجی یارمه‌تیدان و بەرەوپێشبردنی زمانەكانی دایك بوو لە جنێڤ. ڕه‌نگه له‌یه‌كه‌م هه‌ڵوێست دا ئه‌مه شتێکی زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێش نه‌بێ، به‌ڵام ڕه‌نگیشه بۆشایییەک بێت کە قووڵاییه‌كی زۆری هەبێت. ئاخر بۆ لەوێ نەبووین؟ لەدەرەوەی هەلومەرجە تایبەتەکان، ڕه‌نگه ئەم پرسیارە وه‌ڵامێكی فراوانترمان بدات به‌ده‌سته‌وه: ئەم نەبونە چیئاشکرا دەکات سەبارەت بەوەی کە کورد، چ لە دەربەدەری و چ لە ناوخۆدا، چ پەیوەندیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ بوونی خۆی له جۆری بینین و زمان و نوێنەرایەتی بە کۆمەڵی خۆی ؟
بێگومان دیارنەبوونی کورد، كه هەرگیز كارێكی بێ بایەخ نییە، ڕه‌نگه بتوانین بڵێین كه قووڵایی مێژوویی هەیە و له‌وانه‌شه قورسایی میتافیزیکیشی هەبێت. چونكه ئه‌م دیارده‌یه ئه‌م پرسیاره ده‌هێنێته پێشه‌وه: ئایا كورد لە ڕێگەی ئەم نەبوونیهوه هه‌وڵ ده‌دات بوونی خۆی بسه‌پێنێ و خۆی بنووسێته‌وه وهكوجەستەیەکی پەرش و بڵاو؟ هه‌موومان ده‌زانین كه کوردبوون، واته ژیانکردن لەناو جەستەیەکی دەستەجەمعیی پارچەپارچەدا بە سەر سنوور و ڕژێم و زاراوە و گرووپ و عه‌شیره‌ت و پارته سیاسیه‌كاندا. ئه‌مه‌ش وای كردووه كه بە دەگمەن دەرفەتی ئەوەمان هەبووبێ کە وەک کۆیەکی سەقامگیر بیربکه‌ینەوە. ئەو هه‌موو دابەشبوونانه بوونه‌تە هۆی دابەشبوونێکی ڕەمزیش كه لە ڕەوەند دا بە فۆرمەکانی دیکە دووبارە دەکرێتەوە: وه‌كو سه‌رهه‌ڵدانی چەندین کۆمەڵەی كولتووری(زۆرجار كورت خایه‌ن) ی په‌رش وبڵاو، دەستپێشخەری تاكه‌كه‌سی هاوتەریب و پەیوەندییە ناجێگیرەکانی نێوان نەوەکان و هتد. به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه ناچارمان ده‌كات كه خۆمان له‌به‌رده‌می ئه‌و پرسیاره سادە و لە هەمان کاتیش‌دا ئاشکراکەر و وجوودی دا بدۆزینه‌وه؛ مادام باس لە سێ کۆمەڵەی كولتووری دەکەین، بۆچی بۆ هەریەکەیان تەنها یەک کەس و یه‌ك ده‌موچاوی هەیە كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات ولە حاڵەتی پێویستدا کەسێکی تر نیه شوێنی بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی كورد بوونی هه‌بێت و ده‌نگی ببیسترێت؟
بێگومان ئەم دیاردەیە ڕه‌نگه زۆر شتمان پێ بڵێ ده‌رباره‌ی لاوازی دامەزراوەیی كورد كه نازانین چۆن دەسەڵات ڕادەست بکەین و بیگوازینەوە، یان هاوبەشی بکەین له‌گه‌ڵ كوردانی تر؟ بۆیه هه‌روه‌كو ده‌بینین، زۆرجار کۆمەڵەکانمان له تاراوگه دەبنە درێژکراوەی تاقهکەسی، یان حیزبی، نەک فەزای بەکۆمەڵ. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌مه‌ن پێ ده‌دات كه بتوانین گریمانی ئه‌وه بكه‌ین و بڵێین كه كورد لە ئاستێکی بچووکدا، تەنیایی، یان نه‌بوونی گەلی کورد له گێڕانه‌وه‌كانی دووژمنان دا دووباره بەرهەم دەهێننەوە: کۆمەڵێک تاکی دابڕاو، هەریەکەیان پارچەیەک لە کۆی گشتییان هەڵگرتووە، بەڵام بە دەگمەن توانای کۆکردنەوەیان هەیە.
لە بەرامبەریشدا کۆمەڵگەی پێشوازیكه‌ر و خانەخوێ و زۆر له كۆمه‌ڵه كولتووریه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی تر له دیاسپۆرا گرنگی ده‌ده‌ن به بینراوی و خۆنیشاندان: بۆ ئه‌وه‌ی ببینرێن و گوێیان لێ بگیرێ ئه‌وا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و له بۆنه‌كان دا ئامادە ده‌بن. بەڵام بۆ کورد بوون و ئاماده بوون و خۆنیشاندان هه‌ڵوێستێكی ئۆتۆماتیكی خۆڕسك نییە، به‌ڵكو زۆر جار هەوڵدانێکە، كه ماندووبوونی زۆری پێوه دیاره: ئه‌م نەبوون و ئاماده نه‌بوون و ده‌نگ كپیهی كورد کە لە جنێڤ و گشت وڵاتانی تاراوگه دا هه‌ستی پێكراوه، ڕەنگدانەوەی ئه‌وه نیه كه ئێمه بەرژەوەندی له‌و بوونه‌دا نابینین، بەڵکو میراتێکی پەرشوبڵاوییە كه له باوك و باپیرانمانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه. بۆیه ده‌توانین كوردانی دیاسپۆرا وه‌كو جەستەیەکی بەکۆمەڵ وه‌سف بكه‌ین کە هێشتا خه‌ریكی خۆ پێکهێنان و خۆ ڕێكخستنن له فەزایه‌كی هاوبەشدا، کە هێشتا دانه‌هێنراوە.
ماندوویی كورد له كورد بوون
ماندووبوون له کورد بوون ئەم بڕینە قووڵه‌یه کە بەدرێژایی دەیان ساڵ کەڵەکە بۆته‌وه. ماندووبوونه له هەمیشە ناچاربوون بۆ شایەتی دان وه‌كو میلله‌تێكی ژێر ده‌ست و چه‌وساوه، هەمیشە و له هه‌موو شوێنێك دووباره و سێ باره گێڕانی ڕۆڵی نوێنەرایەتی گه‌ل و خاكێكی ژێر ده‌ست، ماندوو بوون له هەمیشە پاساو هێنانه‌وه بۆ بوونی خۆ وه‌كو مرۆڤ نه‌وه‌ك ژێر ده‌ست. له به‌رامبه‌ریشدا، لە نیگای ڕۆژئاوادا زۆرجار وێنه‌ی کورد بریتیه له قوربانی و بێ دەوڵەتی یان له ئازایه‌تی و خەباتکاری و خۆڕاگری. ئەم نیگایە تەنانەت کاتێک بە نیازێکی پاكیش بێت، لە کۆتاییدا مرۆڤ ماندوو دەکات. کەواتە، ئایا، نەهاتن و ئاماده نه‌بوون و خۆ شاردنه‌وه له‌وانه‌یه ڕێگەیەک بێت بۆ پاراستنی خود؟ شێوازێک بۆ ئەوەی بڵێین: “با هەناسە بدەین”؟ بەڵام ئەم خۆ حه‌شاردان و خۆ پاراستنە ڕه‌نگه باجێکی زۆری هەبێت. چونكه مرۆڤ كاتێ بە بەردەوامی هەوڵبدات بۆ پاراستنی خۆی، لە کۆتاییدا ماندوو و کاڵ دەبێتەوە.
له كاتێكدا گرووپێك كه هەمیشە لە نێوان دوو جیهان و دوو زمان و دوو شوناسدا ڕێگه ده‌كات و هه‌رگیزیش ناگات، ئایا ده‌توانین ئه‌و پرسیاره بكه‌ین كه ئه‌ویش بریتیه له؛ ئایا کورد خۆی گەلێکی بەربەستە؟
بێگومان ئێمە سه‌ره‌ڕای ده‌یان ساڵ ژیان له دیاسپۆرا، هەرگیز نه بە تەواوی خەڵکی ئێرەین و نە بە تەواویش ئیدی خەڵکی ئەوێین. چونكه ئێمە لە سه‌ر خاكێكی مامناوەند و نێوان دا دەژین و كه نە دەوڵەتەکان و نە ووشەکان دەتوانن ناوی لێ بنێن. كه‌واته ئایا هه‌ر ئەم پێگە سنوورییە ده‌توانێت چاوڕوونییەکی تایبەتمان پێ ببەخشێت، له كاتێكدا كه هەندێک جار ڕێگریمان لێدەکات لە داكوتانی ڕەگ؟ کورد ته‌نانه‌ت له غوربەتیشدا به ڕاستگۆیی لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا دەمێنێتەوە: هه‌میشه بوون و ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام ته‌نها لە پەراوێزدا و لە سێبەرەکاندا دیارە! له‌و باره‌وه ئێدوارد سەعید نووسیویەتی (دەربەدەر لە نێوان لەدەستدان و به‌ده‌ستهێنانەوە، به‌رده‌وام لە گرژیدا دەژی). بۆ گەلی کورد، نەبوون یان ئاماده نه‌بوونی، وه‌كو ئه‌و سێ كۆمه‌ڵه كولتووریهی ژنێڤ، ڕه‌نگه له‌ده‌ستدان نه‌بێت: به‌ڵكو شێوازێک بێت بۆ خۆ نیشتەجێکردنی له ناو جیهاندا. بەڵام بۆ كورد، دەربەدەری نابێت ببێتە شوناس! كه‌واته ئامادەبوون بۆ ئه‌و بریتییە لە منه‌وه‌ی ناسنامه‌ی و قبوڵکردنی كه ببینرێت و ببیسترێت بە ناوی زمانێک و مێژوویەکەوە. بێگومان ناشكرێ بڵێین كه نەبوونی کورد له ناو گۆڕه‌پانی ئه‌وانی تر دا واتای به‌تاڵی و پووچەڵی ده‌گه‌یه‌نێ: به‌ڵكو لاوانه‌یه بانگەوازێك بێت، به‌ڵام بۆچی؟ ڕه‌نگه به نائامادهییبیهوێت پێویستی شێوازێکی نوێی بوونی بەکۆمەڵ ده‌رببڕێت، نەک لە دەوری ئاڵایەک یان چه‌ترێك یاخود نۆستالژیای یه‌كبوون، بەڵکو لە دەوری ئامادەبوونێکی جیاواز کە هەوڵی قەناعەتپێکردن نادات، بەڵکو له‌وانه‌یه ئاماده‌بوونێك بێت ته‌نها بۆ بەرگەگرتن و به‌رده‌وامی دان به خۆ. چونکە كه زمانێک تا قسەی پێ بکرێت نامرێت و گەلێک تا به‌رده‌وام بێت له سەرهەڵدان ئه‌وا نامرێت.
كه‌واته ئایا ده‌توانین بڵێین كه غیابی كورد له نێو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی دا كه نوێنه‌رانی زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیای لێێه ته‌نها له‌بیرچوونێكی ساده نیه؟ ئایا ده‌تونین بڵێین نیشانەیە؟ نیشانه‌ی گەلێک کە بەدوای فۆڕمی بوونی خۆیدا دەگەڕێت؟
ئیتر ڕه‌نگه ئێمە فێربووبین كه بەبێ خاك بژین، بەڵام دەبێت ئێستا فێرببین كه هه‌بین بەبێ ئەوەی بسڕێینەوە. بۆیه بیرکردنەوە لە نەبوونی ئێمە له تاراوگه، گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و خاكمان و لە ئێستاوە سه‌ره‌تایه‌كه بۆ دەستکردن بە گۆڕانكاریمان. ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه له‌گه‌ڵ جه‌نجاڵی و ئاڵۆزی دنیادا ئیتر ڕه‌نگ ده‌گرێ.
