ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، بۆ یەکەم جار لە شاری لێۆڤنی بەلجیکا قوتابخانەی کوردستانی سەرەتایی بۆ فێربوونی زمانی دایک کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ١٢ی ٢٠٢٥، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پاراستنی زمانی دایک، “قوتابخانەی کوردستانی سەرەتایی لە لێۆڤنی بەلجیکا کردەوە و یەکەمین خولی فێربوونی زمانی کوردی تێدا دەستیپێکرد.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەکە و دەستپێکردنی خولەکە، بە سەرپەرشتی ناسک نەسیری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و بە هەماهەنگی و هاوکاریی سەیران زاویتەیی بەرپرسی کۆمیتەی ئافرەتان و دکتۆر ئاراس ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی فیدراسیۆنی لاوان بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا و وەک ڕێزێک بۆ بەها نیشتمانییەکان، بە بەرزکردنەوە و نیشاندانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە قوتابییەکان و پیرۆزباییکردن لە بەشداربووان دەست بە چالاکییەکان کرا.
ئەو دەستپێشخەرییە وەک هەوڵێک بۆ ئاشناکردنی نەوەی نوێی کورد لە تاراوگە بە زمان و کولتوریی نەتەوەییەکەی کورد وەسف کرا.
دواتر یەکەمین وانەی خولەکە لەلایەن هەر سێ سەرپەرشتیار و مامۆستای خولەکە ( ناسک نەسیری، دکتۆر ئاراس و سەیران زاویتەیی)ـەوە پێشکەش کرا. پڕۆسەی وانەوتنەوەکە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند، کە تێیدا بنەما سەرەتاییەکانی زمانی کوردی بۆ فێرخوازان ڕوونکرایەوە.
شایانی باسە، وانەکانی ئەو خولە لە کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانی دەستیانپێکرد و لە کاتژمێر ١٢:٣٠ی نیوەڕۆ کۆتاییانهات. کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ خزمەتکردن بە ڕەوەندی کوردی لە بەلجیکا و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان منداڵانی کورد و زمانی دایکیان دادەنرێت.
