KDC

داڤۆس 2026.. مەسرور بارزانی پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە کارنامەی کۆڕبەندە جیهانییەکەوە

ڕاپۆرت ئۆفیسی ڕاگەیاندن

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشدارییە چڕوپڕەکەیدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس لە کانوونی دووەمی 2026، جوڵەیەکی دیپلۆماسیی بەرفراوانی ئەنجام دا کە تێیدا پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا وەک تەوەری سەرەکی و بنەڕەتی لە زۆربەی دیدارەکانیدا ڕەنگی دایەوە.


سەرۆک وەزیران کە بە فەرمی (ماڵی کوردستان)ی لە داڤۆس کردەوە، ئەم سەکۆیەی وەک ناوەندێکی ستراتیژی بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بەکارهێنا، تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان نیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی بارودۆخی ناوچەکە و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکاندا.
لە جەمسەرە هەرە هەستیارەکانی دیدارەکانیدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ جاسم محەممەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو، و نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، بە وردی باسی لە ئاڵۆزییەکانی سووریا کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی لە پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکان دەربڕی، لەم دیدارانەدا سەرۆک وەزیران جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئاشتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا کردەوە، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکەدا. ئەم هەڵوێستە نەتەوەییە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیاشدا ڕەنگی دایەوە، کاتێک هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکانی ناو سووریا و بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە سیاسییانە، سەرۆک وەزیران پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و پەرەسەندنە سەربازییەکانی سووریای لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، تاوتوێ کرد و نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لە تێکچوونی دۆخی تەناهی ئەو ناوچەیە گەیاندە سەرۆکی ئازەربایجان، کە هاوکات بوو لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئەگەری کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی ئازەربایجان لە هەولێر.
لە لایەکی دیکەوە، دۆسیەی چاکسازی و پەرەپێدانی کەرتی کارگێڕی بەشێکی گرنگی کارنامەی سەرۆک وەزیران بوو، کە لە دیدارێکدا لەگەڵ محەممەد عەبدوڵڵا قەرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ پێشخستنی توانا مرۆییەکانی هەرێم، هەروەک چۆن لەگەڵ دیک شوف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، جەختی لە بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە ڕێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە کردەوە.
لەم گەشتە دیپلۆماسییەدا، مەسرور بارزانی جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندێکی باڵای شانشینی بەحرەین، لەگەڵ ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆک کۆماری ئەرمەنستانیش کۆبووەوە، کە تێیدا سەرۆکی ئەرمەنستان ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئەرمەن و بە فەرمی سەرۆک وەزیرانی بانگهێشتی یەریڤان کرد. بەم شێوەیە، بەشداریی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس 2026، لە سایەی (ماڵی کوردستان)دا، بووە وێستگەیەکی کاریگەر بۆ تێکەڵکردنی دیپلۆماسییەتی ئابووری و سیاسی، کە تێیدا پرسی پاراستنی قەوارەی هەرێم و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کرا بە سەنتەری گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پشتیوانییەکی جیهانیی بەهێزتر.

___

دانیمارک بە مۆزەخانەیەکی جیهانی چیرۆک و تراژیدیایی کۆچبەران کۆدەکاتەوە

nusar1

کۆمەڵەی یەکگرتووی کوردی نیو ساوس وێلز NSW بڕیاریاندا ببنە ئەندامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

nusar1

هاوڵاتیەکی ڕوسی دوای ٢٣ کاتژمێر مەلەکردن داوای پەناهەندەیی لە یابان دەکات

KDC