لە هەنگاوێکدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و یەکخستنی تواناکانی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ژمارەیەک ناوەند و ڕێکخراوی مەدەنیی بەڕێوەچوو، کە جەخت لەسەر ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ کاری پێکەوەیی کرایەوە.
ڕۆژی ٢٥ی ١ی ٢٠٢٦، لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بە سەرپەرشتیی هەریەک لە شوکری بەرواری و هەرمن ئەحمەد، وەک نوێنەرانی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای ناوەندی برۆکسل، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا، کە نوێنەران و ئەندامانی ناوەندی برۆکسل، ناوەندی لیوڤن و کۆمەڵەی ئاشتیی ئامادەبوون.
تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بوو لە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕەوەندی کوردستانی و خستنەڕووی چەندان پێشنیاز و پلانی کاری هاوبەش.
بەشداربووان بە وردی باسیان لە گرنگی یەکڕیزی و هەماهەنگیی نێوان ناوەندە جیاوازەکان کرد وەک پێویستییەک بۆ قۆناغی ئێستا، ئەوەش بە ئامانجی پاراستن و برەودان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کار لەسەر دانانی بەردی بناغەیەک کرا بۆ کاری داهاتوو، بە شێوەیەک بتوانرێت لێیەوە خزمەتێکی شایستە بە کۆمەڵگەی کوردی بکرێت و پەیوەندییە نەتەوەییەکان لە تاراوگە بەهێزتر بکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە (مستەفا شاکر، عەبدولڕەزاق ماجد، ئاشتی سێنۆ، ناسک نەسیری، فەرشاد گردکانە، جگەر نێروێی و ژیلەمۆ) بەشدار بوون و سەرنج و تێڕوانینی خۆیان خستە ڕوو.
جێی باسە، ئەم دەستپێشخەرییە وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنە جیاوازەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ کاری هەرەوەزی، بە ئومێدی ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە هەوێنی پڕۆژەی گەورەتر لە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
