لە پێشهاتێکی سیاسیی گرنگدا کە ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سووریادا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمداریان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سووریا ئەنجام داوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوەی نیشتمانی کراوە و جەخت لەسەر ڕۆڵی یەکگرتووی نوێنەرانی سووریا لە کۆڕبەندە جیهانییەکان کراوەتەوە.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی گرنگیان لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەنجام داوەم تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بووە لە هەڵسەنگاندنی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی تێکەڵبوونەوە بەدەست هاتوون.
بەپێی زانیارییەکان، عەبدی ستایشی ڕۆڵی کارای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە لە ئاسانکاری و پاڵپشتیکردنی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە، هەروەها خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە ڕێگەیان خۆش کردووە بۆ ئەوەی شاندەکەیان بتوانێت لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشداری بکات.
خاڵی گرنگی ئەم بەشداریکردنە ئەوەیە،شاندەکە نەک وەک هێزێکی جیاواز، بەڵکو وەک بەشێک لە نوێنەرانی دەوڵەتی سووریا لە چوارچێوە نیشتمانییە گشتگیرەکەیدا دەرکەوتوون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتای کۆتاییهاتنی دابەشبوونی سیاسی و سەربازی لە وڵاتەکەدا لێک دەدرێتەوە.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن یەکێکە لە گرنگترین سەکۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی جیهانی. بەشداریکردنی هاوبەشی هەسەدە و حکوومەتی سووریا لەژێر چەتری یەک دەوڵەت و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی واشنتن، وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە دۆسیەی سووریادا، ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ دێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە، کە ئامانجی یەکخستنەوەی دامەزراوەکان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە لەژێر سیستەمێکی نیشتمانیی گشتگیردا، بوونی مارکۆ روبیۆ لەم دانیشتنەدا نیشانەی پابەندبوونی ئیدارەی ئەمریکایە بە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتەوایی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
