– برۆکسل
لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری برۆکسل و لە ڕێکەوتی 25ی شوباتی 2026، کۆنفرانسێکی فراوان و تایبەت سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە کە بە سەرپەرشتیی پەرلەمانی ئەورووپا و بە هەماهەنگیی گرووپی هاوپەیمانیی سۆسیالیست و دیموکراتەکان ڕێکخرابوو، تیشکی خستە سەر دوو پرسی هەستیار و چارەنووسساز، ئەوانیش داهاتووی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سوریا و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.
گرنگیی کۆنفرانسەکە
ئەم گردبوونەوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکاندا تێدەپەڕێت، ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە دروستکردنی سەکۆیەکی گفتوگۆ لە نێوان بکەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە و بڕیاربەدەستانی ئەورووپا، بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەری ئاشتیانە و کۆتاییهێنان بە ململانێ درێژخایەنەکان،کۆنفرانسەکە دابەش کرابوو بەسەر سێ تەوەردا، ئەوانیش لێدوانی ڕۆژنامەوانی، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، هەروەها دۆسیەی ئاشتی لە تورکیا، کە تێیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار، نوێنەرانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانی مافی مرۆڤ بەشدار بوون.
دیمەشق و هەسەدە.. گفتوگۆ لەسەر هێڵێکی مەترسیدار
تەوەرێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بەو گۆڕانکارییانەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا هاتوونەتە ئاراوە.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر، وردەکاریی قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەو لێکتێگەیشتن و گفتوگۆیانەی خستە ڕوو کە لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دراون.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ داڕشتنی بناغەیەکی سیاسی بۆ داهاتووی سوریا، بە جۆرێک کە مافەکانی کورد لە دەستووری نوێدا زامن بکرێن و کورد بەشێکی کارا بێت لە سیستەمی ئیدارەدانی وڵاتەکە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا بەربەستی گەورە لەبەردەم دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و کێشە دەستوورییەکاندا ماون و چارەسەری کۆتایی تەنها لە ڕێگەی چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراسییەوە دەبێت.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای دانوستانەکان، ئیلهام ئەحمەد دانی بەوەدا نا، پرۆسەی ئاشتی و ڕێککەوتن لە ئارادایە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە دۆخەکە هێشتا لەسەر هێڵێکی مەترسیدارە و پێویستی بە گرەنتیی زیاترە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لەم قۆناغەدا و ئاماژەی بەو ڕۆڵە ئەرێنییە دا کە هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشت و هاوکار بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گێڕاویەتی، هەروەها داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد کە لە تەماشاکەرەوە ببنە بکەرێکی کارا بۆ پاراستنی مافەکان و پاڵپشتیکردنی چارەسەری سیاسی.
تێکەڵبوونی هێزەکان و ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان
لای خۆیەوە رۆهلات عەفرینی، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەژە)، باسی لە ڕەهەندە سەربازییەکانی ڕێککەوتنەکان کرد، بەتایبەتی پرسی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجەکە ڕێکخستنەوەی هێزەکانە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی نیشتمانیدا.
خاڵێکی دیکە کە عەفرینی جەختی لەسەر کردەوە، پێگەی ژنان بوو لەم گۆڕانکارییانەدا، بە بڕوای ئەو، بەشداریی کارای ژنان لە پرۆسەی سیاسی و سەربازیدا تەنها دروشم نییە، بەڵکو پێوەرێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
گرێکوێرەی ئاشتی لە باکوور و تورکیا
بەشی سێیەمی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، لەم پەنێڵەدا کە بە بەشداریی ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر ئەزموونەکانی ڕابردوو.
بەشداربووان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە مێژوو سەلماندوویەتی، هەبوونی ئیرادەی سیاسی دەتوانێت دەرگا بۆ ئاشتی بکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا نەبوونی متمانەی دوولایەنە و پشت بەستن بە بژاردەی سەربازی، بوونەتە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.
ڕەخنە لە هەڵوێستی ئەورووپا
لە پەراوێزی گفتوگۆکاندا، زۆرینەی پەنێڵیستەکان ڕەخنەی توندیان لە بێدەنگی و هەڵوێستی شەرمنانەی وڵاتانی ئەورووپا گرت، بەو پێیەی بێدەنگییان زۆرجار وەک جۆرێک لە پشتیوانی بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی سوریا لێک دەدرێتەوە.
بەشداربووان گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەم جۆرە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییانە دەتوانن فشاری سیاسیی پێویست دروست بکەن بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی پایدار، بە مەرجێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەورووپا قورسایی دیپلۆماسیی خۆیان بەکار بهێنن.
