KDC

پەڕەسێلکەکانی سلێمانی لە ئەڵمانیاوە گوزارشت لە ئازادی و شکۆی ژنی کورد دەکەن

لە هەنگاوێکی هونەریدا کە ئاوێتەکردنی ڕەنگ و ناسنامەیە، شاری گیرمرسهایمی ئەڵمانیا بووە وێستگەیەک بۆ نمایشکردنی جوانی و ئازارەکانی ژنی کورد.
بەهایدن، شێوەکاری دیاری کورد، لە ڕێگەی کردنەوەی نوێترین پێشانگەی خۆیەوە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هێمای (پەڕەسێلکە)وە، چیرۆکی بوێری و گەڕان بەدوای ئازادیدا بۆ بینەرانی ئەورووپا بگێڕێتەوە.
پەیامی ڕەنگەکان
بەهایدن بە ناونیشانی (ناوچەی سرووشتی)، دەرگای پێشانگە تایبەتەکەی لە شاری گیرمرسهایم کردەوە، هونەرمەند لەم کارەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بەرهەمەکانی گوزارشتن لە جوانی و پایەداریی ئافرەتی کورد لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا.
بە بڕوای ئەو، بەکارهێنانی ڕەنگەکان لەم تابلۆیانەدا تەنیا بۆ جوانکاری نییە، بەڵکو وەک ئامرازێکی ناڕەزایەتی دژی پێشێلکارییەکانی مافی ئافرەتان بەکارهاتوون، هاوکات پەڕەسێلکەکانی سلێمانیش وەک سیمبولی بوێری و چاونەترسیی ژنان بەرجەستە کراون.
هونەر و ئەدەب لە خزمەت ئازادیدا
پێکهاتەی سەرەکیی تابلۆکان لەسەر بنەمای پەڕەسێلکەی ڕەنگاوڕەنگ داڕێژراوە، کە وەک هێمایەک بۆ ئازادیی ئافرەت لێک دەدرێتەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پێشانگەیە، تێکەڵکردنی هونەری شێوەکارییە لەگەڵ ئەدەب، بە جۆرێک خاتوو ئەرخەوان ڕەسوولی نووسەر، لە ڕێگەی دەقێکی کورتەوە کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی لەسەر یەکێک لە تابلۆکان نەخشێندراوە، بەشداریی کردووە، ئەم دەقە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو ئازادییە ڕۆحییەی کە ئافرەتی کورد لە ناخیدا هەستی پێ دەکات و هونەرمەند هەوڵی داوە لەسەر ڕووی تابلۆکان ڕەنگی بداتەوە.

فەلسەفەی پشت تابلۆکان
سەبارەت بە پەیامی قوڵی پشت کارەکان، بەهایدن ئاماژە بەوە دەدات، پەڕەسێلکەکانی وڵاتەکەی، ئەگەرچی بە بەرگێکی ڕەنگین و ئاڵاوە دەردەکەون، بەڵام هەڵگری دڵێکی غەمگینن، ئەوان وێڵن بە دوای ئاسمانێکدا بۆ فڕین و گەڕان بە دوای بنمیچێکدا بۆ ئەوەی ئاسوودەیی تێدا بەدی بکەن، هونەرمەند ئەم باڵندانە بە ڕوحی ئەو ژنانە دەچوێنێت کە لە سەردەمی لاوی و نازدارییاندا سەمایان بۆ هەڵفڕین کردووە، بەڵام دواجار لەناو کۆت و زنجیری دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشتوونەتەوە و ئازادییان لێ سەندراوەتەوە.

باگراوندی هونەرمەند
بەهایدن، شێوەکارێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانییە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە، ناوبراو وەک هونەرمەندێکی چالاک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراوە و کارە هونەرییەکانی فرەچەشنن، بەشێوەیەک پڕۆژەکانی نیگارکێشی، هونەری گرافیک، پەیکەرسازی و هونەری گشتی لەخۆ دەگرن، شێوازی کارکردنی ئەم هونەرمەندە بەوە جیا دەکرێتەوە کە پشت بە بەکارهێنانی ڕەنگی دەربڕین و هێما و پێکهاتەی وێنەیی گێڕانەوە دەبەستێت، هەروەها توانای هەیە ئەزموونی کەسیی خۆی لەگەڵ تەوەرە گشتگیر و مرۆییەکاندا تێکەڵ بکات، ئەمەش وای کردووە کارەکانی جێگەی سەرنجی ناوەندە هونەرییەکان بن.

___

ئەڵمانیا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری گردبوونەوەیەک دەکەن

nusar1

دوای 40 رۆژ لە دەستگیرکردنی چارەنووسی کوردێک نادیارە

KDC

ڕۆژنامەنوس ،وەرگێر و نوسەری گەورەی کورد مونزور جەم کۆچی دوایی کرد

nusar1