KDC

ناوەندی بازل ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ڕاپەڕینی شاری قامیشلۆی بەڕێوەبرد

فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری بازل، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یادگاری هەڵەبجە (مۆنۆمێنتی هەڵەبجە)، ٣٨ەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و ٢٢ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خوێناوی شاری قامیشلۆیان لە شاری بازل بەڕێوەبرد

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە و ڕاپەڕینی قامیشلۆ لەلایەن ئەمیر ئامادەکرابوو، هەروەها پێشکەشکاریی بەرنامەکە لەلایەن فەیزییە پەریشان و ئەحمەد تەیموری ئەنجامدرا. دواتر، وتاری بەخێرهاتن و ناساندنی بەرنامەی کار لەلایەن سۆران حەسەن، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بازل، پێشکەشکرا.

بەرنامەکە بە وەستانی خولەکێک بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و قامیشلۆ و هەموو شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، پاشان سرودی نەتەوەیی و نیشتمانی «ئەی ڕەقیب» خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەدا، چوار مۆمی وەفاداری بۆ گیانی قوربانیانی هەڵەبجە و قامیشلۆ داگیرساندران، لەگەڵ  سرودی «بەتەنیا جێم مەهێڵن» لاواندنەوەیەک بە دەنگی هونەرمەند شڤان پەروەر  پەخشکرا

هەروەها کورتە فیلمێک لەسەر مێژووی ڕووداوەکانی کارەساتی هەڵەبجە پێشاندرا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی یادگاری هەڵەبجە ئامادەکرابوو. لە هەمان کاتدا، فیلمێکی تر سەبارەت بە ڕووداوەکانی ١٢ی ئاداری ٢٠٢٤ لە شاری قامیشلۆ و ڕاپەڕینی خوێناوی ئەو شارە پێشکەشکرا، کە لەلایەن مزگین بەرپرسی ناوەندی زیورخ ئامادەکرابوو، لەگەڵ گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەلایەن شێخ موسا.

لە چوارچێوەی وتارەکاندا، سەیران خان وتاری فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پێشکەش کرد. هەروەها مەحمەود، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، بە شێوەی ئۆنلاین وتاری بەڕێوەبەرایەتی یادگاری هەڵەبجەی خوێندەوە.

نوێنەرانی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانیش بەشداربوون و وتاریان پێشکەش کرد، لەوانە:

خەزال خان لە لایەن کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستان، ئایدۆگان ئەینەل لە لایەن پارتی سۆسیالستی کوردستان، ئازاد لە لایەن سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، و شۆڕش لە لایەن پارتی دیمۆکراتی باکور.

لە بەشی ڕۆشنبیری و فکریدا، شاعیر و نووسەر ئاکۆ ئەلیاسی باسێکی پێشکەش کرد بە ناونیشانی «کارەساتەکانی گەلی کورد لە ویژدانی زیندووی شیعردا». هەروەها چالاکوان ئاکۆ کەریمی باسێکی دیکەی پێشکەش کرد بە ناونیشانی «کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، لە ئاساییبوونی خراپەکارییەوە بۆ داگیرکاریی بەردەوام».

لە کۆتایی بەرنامەدا، ڕەقیب ئەجەوی، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی، باسێکی پێشکەش کرد بە ناونیشانی «کارەسات و هیوا»، کە تێیدا گرنگیی پاراستنی یادەوەریی قوربانیان و بەردەوامیی خەبات بۆ دادپەروەری خستە ڕوو.

ئەم بەرنامەیە لە کەشێکی نیشتمانی و هاوسۆزییەکی بەرزدا بەڕێوەچوو، و ئامادەبووان جەختیان لەسەر پاراستنی یادەوەریی کارەساتەکانی گەلی کورد و گواستنەوەی پەیامی ئاشتی، ئازادی و دادپەروەری کردەوە

___

ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆن بەبۆنەی ساڵیادی ڕیفراندۆم وێبینارێکی لەسەر فیلم و سەربەخۆیی سازکرد

nusar1

پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس

KDC

شاری بۆن بووە ناوەندی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کوردانی دیاسپۆرا

nusar1