KDC

جەژنی نەورۆز لەناو پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو

 

ئێوارەی ڕۆژی 18ی ئاداری 2026 بە دەستپێشخەریی دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و ئامادەبوونی ئەڤین ئینجیر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا بە ڕەچەڵەک کورد، لەسەر لیستی سۆسیال دیموكراتەكانی سوید، مەراسیمێکی تایبەت و شایستە بۆ بەرزڕاگرتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەناو تەلاری پەرلەمانی ئەوروپا سازکرا، کە ئاڵای کوردستان شەکێندرایەوە و نمایش کرا، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا بەشدارییان کرد.

مەراسیمەکە بووە جێگەی سەرنجی ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا و کەسایەتییە سیاسی و ڕووناکبیرییەکان بەڕێوەچوو.
لەم ئاهەنگە نەتەوەییەدا، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەشدارییەکی کارای لە چالاکییەکەدا کرد، خاڵی هەرە گەش و جۆشخەری مەراسیمەکە، ئامادەبوونی هونەرمەندی گەورە و بەناوبانگی کورد شڤان پەروەر بوو، ئەو هونەرمەندە بە چڕینی چەندین گۆرانیی نەتەوەیی، جۆش و خرۆشێکی بێوێنەی خستە دڵی ئامادەبووانەوە و کەشی ناو پەرلەمانی ئەوروپای بە هونەر و ڕەسەنایەتیی کوردی ڕازاندەوە.

لەچوارچێوەی سازکردنی ئاهەنگی نەورۆزدا لە تەلاری پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، هەریەک لە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و ئەڤین ئینجەر، پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتی سوید وتاری خۆیان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز پێشکەش کرد، دووپاتیان لەوە کردەوە، کورد بە درێژایی مێژوو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێکۆشاوە و بەرگریی لەخۆی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگربووە لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

جەژنی نەورۆز لای نەتەوەی کورد تەنها بۆنەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هێمای دێرینی نوێبوونەوە، ئازادی، بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمە، کە هەموو ساڵێک لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشتدا کوردان لە سەرتاسەری جیهان ئاگری بۆ دەکەنەوە، سازکردنی ئەم جۆرە مەراسیمە گەورانە لە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانی نێودەوڵەتیی وەک پەرلەمانی ئەوروپا، نیشاندەری قووڵبوونەوە و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا.

هاوکات ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ناساندنی زیاتری کولتوور، مێژوو، و پرسی ڕەوای گەلی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەلایەکی دیکەوە، ڕۆڵی دامەزراوەکانی ڕەوەندی کوردی و دیپلۆماسییەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەگێڕن لە هێشتنەوەی پردی پەیوەندیی نێوان کوردانی دیاسپۆرا و نیشتمان، هەروەها دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی.

___

گرژییەکانی ئۆکرانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ ئەنجامێکی نەبوو

nusar1

ئیسرائیل بۆردومانی چەند بنکەیەک لە باشوری سوریادەکات

nusar1

لە نیویۆرک باڵەخانەیەک گڕی گرت و بەو هۆیەوە ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا

KDC