کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە نیگەرانی و دڵگرانییەوە دەڕوانێتە ئەو هێرش و پێشێلکارییانەی لە شاری عەفرین و ناوچەکانی ئەعزاز لە پارێزگای حەلەب کراونەتە سەر هاووڵاتییانی کورد لە کاتی یادکردنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا.
بەپێی ئەو بەڵگانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک کەسی توندڕەو پەلاماری ئەو کەسانەیان داوە کە جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە و ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەتەوە، سووتاندن و بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان و ڕاخستنی لەسەر شەقامەکان بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بەسەریدا بڕوات، هەروەها پەلاماردانی ئافرەتان و گەنجانی کورد و زیان گەیاندن بە ماڵ و موڵکیان بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە، کارێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراوە.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارە توندڕەوانەیە دەکەین و پێمان وایە ئەم جۆرە کارانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی، دووپاتی دەکەینەوە کە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن و ڕێزگرتن لە جیاوازییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان، بنەمای سەرەکی و تاکە ڕێگەن بۆ بونیادنانی وڵاتێکی ئارام و پڕ لە ئاسایش. جەژنی نەورۆز هێمای ئاشتی و نوێبوونەوەیە، نەک بیانوویەک بۆ هاندانی ڕق و کینە و پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی.
سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە کاتژمێر 8 ی ئێوارە بۆ 2 ی شەو لەلایەن ئاسایشی ناوچەکەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، دەرخەری ئاڵۆزی و مەترسیی ڕەوشەکەی، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات ڕێکاری یاسایی توند بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی کورد و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە
، پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئەو کەسە توندڕەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و ئەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکانیش کە کەمتەرخەم بوون یان بەشدار بوون لەم پێشێلکارییانە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، تاوەکو هەموو پێکهاتەکان بتوانن لە کەشێکی ئارام و دوور لە توندوتیژیدا پێکەوە بژین.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
