ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، مێردمنداڵێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانی لە یەکێک لە شارەکانی باکووری ئەڵمانیا لەناو مارکێتێکدا بە سەختی بریندار دەکرێت و دواتر لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، پۆلیسی ناوچەکەش بەدوای شایەتحاڵەکاندا دەگەڕێت بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە.
ڕووداوەکە لە ئێوارەی ڕۆژی 11ی ئاداری 2026 لە شاری ئێکەرنفۆرد کە دەکەوێتە نزیک شاری کیڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕوویداوە. قوربانییەکە ناوی ئەحمەد تاریق بەکرە و تەمەنی 15 ساڵە، بەپێی زانیارییەکان، ئەحمەد لە بنەچەدا خەڵکی شاری سلێمانییە و ناوی دایکیشی شەونمە.
مێردمنداڵەکە لە کاتی ڕووداوەکەدا سەردانی مارکێتێکی شارەکەی کردووە، لەوێدا هێرشی کراوەتە سەر و بە سەختی بریندار کراوە. دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە نەتوانراوە ژیانی ڕزگار بکرێت و گیانی لەدەستداوە.
دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی ئەڵمانیا دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ کردووە سەبارەت بەم کەیسە و داوا لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن، هەر کەسێک زانیاریی هەیە یان لە کاتی ڕووداوەکەدا لە نزیک شوێنی مەبەست بووە، لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ژمارە 04311603333 بکات، تاوەکو یارمەتیدەر بن لە دەستگیرکردنی تاوانباران.
وڵاتی ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە گەورەترین ڕەوەندی کوردی تێدا نیشتەجێیە، شاری کیڵ و ناوچەکانی دەوروبەری، وەک شاری ئێکەرنفۆرد، دەکەونە هەرێمی شلێسڤیگ-هۆلشتاین لە باکووری ئەڵمانیا، هەرچەندە ئەم ناوچانە بەگشتی بە شوێنی ئارام دادەنرێن و ڕێژەی تاوان تیایاندا کەمە، بەڵام جار جارە ڕووداوی توندوتیژی لە شوێنە گشتییەکاندا ڕوودەدەن کە دەبنە جێگەی نیگەرانیی دانیشتووان و کۆمەڵگەی پەنابەران، بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا، پۆلیس لەم جۆرە تاوانانەدا پشت بە زانیاریی کامێراکانی چاودێری و هاوکاریی کۆمەڵگە دەبەستێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامدەران و ڕادەستکردنیان بە یاسا، کۆمەڵگەی کوردی لە ئەورووپا زۆرجار لە بەرامبەر ڕووداوی لەم شێوەیەدا داوای پاراستنی زیاتری ئەمنی و خێرا یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان لە دادگا دەکەن.
