لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری مۆرھێدی ولایەتی مینێسۆتای ئەمریکا، پەیوەندییە بەھێزەکانی نێوان ئەو شارە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چووە نێو قۆناغێکی نوێ، کە بڕیاری دروستکردنی پارکێک بە ناوی کوردستان لە ئەمریکا و کردنەوەی یەکەمین کلینیکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی چاو لە زاخۆ ڕاگەیەنرا.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی٤ی٢٠٢٦بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی، نوێنەرانی کەرتی پەروەردە، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و خاوەنکاران، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی دۆستایەتیی نێوان مۆرھێد و زاخۆ بەڕێوەچوو، کەشوهەوای ڕێوڕەسمەکە پڕ بوو لە ھەستی پشتیوانی و مرۆڤدۆستی بۆ ئاھەنگگێڕان بەبۆنەی ئەو پەیوەندییە قووڵەی لە نێوان ھەردوو شارەکەدا دروست بووە.
لە گرنگترین وێستگەی ئەم چالاکییە، شێلی کارلسن سەرۆکی شارەوانیی مۆرھێد بڕیارێکی مێژوویی و دڵخۆشکەری ڕاگەیاند، ئەویش بریتییە لە ناونانی پارکێکی شارەکەیان بە ناوی پارکی دۆستایەتیی کوردستان، ئەمەش وەک ھێمایەک بۆ بەڵێنی بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیە، ھاوکات پەیامێکی گۆھدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خوێندرایەوە، کە وێڕای ئاماژەدان بە ئامادەنەبوونی بەھۆی کاری فەرمییەوە، شانازیی گەورەی خۆی بەم دۆستایەتییە دەربڕیبوو و گەشبینیی خۆی بۆ داھاتووی پەیوەندییەکان نیشان دابوو.
لە بەشێکی دیکەدا، ڕۆب کوپێک سێناتۆری ئەمریکی جەختی لە گرنگیی ئەم پەیوەندییە کردەوە کە چۆن خەڵک پێکەوە کۆدەکاتەوە، لە ڕووی پەروەردەییشەوە، جەیسن ترەینەر نوێنەری زانکۆی مینێسۆتا ستەیت مۆرھێد، ڕۆڵی پەروەردەی لە گەشەپێدانی ئەم دۆستایەتییەدا بەرز نرخاند.
یەکێکی دیکە لە ھەواڵە زۆر باشەکانی ئەم چالاکییە لەلایەن کریستین فۆڵمان نوێنەری ڕێکخراوی ھایتی ئای میشن ڕاگەیەنرا، کە ئاشکرای کرد ڕێکخراوەکەیان دوای کارە سەرکەوتووەکانیان لە ھایتی، ئێستا ئامانجیان خستووەتە سەر زاخۆ و پلانیان ھەیە یەکەمین کلینیکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی چاو لەو شارەی کوردستان بکەنەوە.
چالاکییەکە چەندین بڕگەی تری لەخۆگرتبوو، لەوانە نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەژێر ناوی دۆستایەتیی مۆرھێد و زاخۆ کە لەلایەن چێڵسی فاڵک ئامادەکرابوو، تێیدا تیشک خرایە سەر چاوەڕوانییەکانی شاندی ئەمریکی و ئەو ڕاستییە جوانانەی لە کاتی گەشتەکەیان بۆ کوردستان بینیبوویان، پاشان پانێڵێکی گفتوگۆ بۆ شاندەکە ڕێکخرا تاوەکو ئەزموونی خۆیان بگوازنەوە.
ھەروەھا نزار حەبیب نوێنەری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە مینێسۆتا باسی لە دەستپێشخەرییە گرنگەکانیان کرد، لە پاڵ ئەوەشدا نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر ھەوڵە مرۆییە گەورەکانی دەزگاکە لەسەر ئاستی جیھان. ڕێوڕەسمەکە بە وتەیەکی کاریگەری سکۆت ھۆڵدمان کۆتایی ھات.
ڕێکخەرانی چالاکییەکە سوپاسی تایبەتیان ئاراستەی جێرێد پیجن بەڕێوەبەری پانێڵەکان و ھەریەک لە شارەوانیی مۆرھێد و زانکۆی مینێسۆتا ستەیت مۆرھێد کرد کە ڕۆڵی سەرەکییان ھەبووە لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و پێشاندانی وێنەیەکی جوانی شاری مۆرھێد بە جیھان کە تیایدا کۆمەڵگە پشتیوانی یەکتر دەکات.
پەیوەندییەکانی نێوان شاری مۆرھێدی ئەمریکا و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە چوارچێوەی دروستکردنی پردی دۆستایەتی و ئاڵوگۆڕی کولتووری و پەروەردەیی دەستیپێکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا شاندێکی فەرمی و باڵای شاری مۆرھێد بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی درێژخایەن سەردانی زاخۆیان کرد و لە نزیکەوە ئاشنای کولتوور و میوانداریی کوردەواری بوون، ئەم ھەنگاوانە ئامانج لێیان پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە، تەندروستی و کولتوورییە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، کە ئێستا بەرھەمەکانی بە دروستکردنی پارکێک لە ئەمریکا و کلینیکێکی پزیشکی لە زاخۆ دەردەکەون، ئەمەش وێنەیەکی جوانی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستییە کە سنوورەکانی بڕیوە.
