جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری کوردستان..
کوردستانییانی دیاسپۆرا…
بە توندترین شێوە ئەو هێرشە تیرۆریستییە شەرمەزار دەکەین کە لەنێو خاکی ئێرانەوە کرایە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و هاوسەرەکەی لەنێو ماڵی خۆیدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 7ی نیسانی 2026، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ماڵێکی سڤیلی لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم تاوانەدا، کە لە کاتی خەودا کرایە سەر ئەو خێزانە، هەردوو هاوژین مووسا ئەنوەر رەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن شەهید بوون و دوو منداڵی کچی بچووکیان بێ دایک و باوک مانەوە و تووشی شۆک و ترسێکی گەورە بوون.
ئەمە تاوانێکی دژە مرۆڤایەتی و پێشێلکارییەکی زەق و روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی کە ئەم خێزانە نیشتمانپەروەرە پێشتریش لە ساڵی 2018 قوربانییان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا داوە.
وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی هاوپەیمانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، لە ئاست ئەم پێشێلکاری و تاوانانەی جەنگ بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی ڕژد و یەکلاکەرەوەیان هەبێت بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان و گیانی هاووڵاتییانی سڤیل.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو دوو شەهیدە سڤیلە دەکەین و هاوبەشی خەمی قووڵی ئەو دوو منداڵە بێتاوانەین، سڵاو لە رۆحی پاکی شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان.
بژی کورد..بژی کوردستان..
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
7ی نیسانی 2026
