کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە شاری زیورخی سویسرا بە مەبەستی پشتیوانیی کوردستان، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو ، کە دروشم و پەیامیان بە زمانی کوردی و ئەڵمانی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی شەممە، ١١ی ٤ی ٢٠٢٦، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە شاری زیورخی سویسرا ساز دا، کە بە ئامانجی پشتیوانیی گەلی کوردستان و داواکردنی ئازادی و ئاشتی و وەستانەوە لە دژی هێرش و زۆردارییەکان بۆ سەر کوردستان بوو.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەستیپێکرد، هەروەها گرنگی یەکگرتوویی و بەردەوامیی خەباتی گەلی کوردستان ڕوونکرایەوە. هاوکات وتارەکان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە کوردستان تەنیا نییە و دەنگی ڕاستی هەرگیز نامرێت.
پاشان، خولەکێک بێدەنگی و وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ئازادی و سەربەخۆییی کوردستان بوو. دواتر، سروودی نیشتمانیی «ئەی ڕەقیب» بە یەکدەنگیی لەلایەن ئامادەبووان خوێنرایەوە، کە ڕووحی هاوبەشی و هەستی نیشتمانیی زیندوو کردەوە.
لە ماوەی خۆپیشاندانەکەدا، دروشمەکان بەردەوام بوون، وەک «بژی کوردستان»، «ژن، ژیان، ئازادی» و «کوردستان تەنیا نییە». هەروەها، بە زمانی ئەڵمانییش پەیامی پشتگیری لە کوردستان بۆ گەیاندنی بۆ کۆمەڵگەی سویسری و نێودەوڵەتیی بڵاو کرایەوە.
لە بەشی وتارەکاندا، ژمارەیەک لە نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی و ناحکوومییەکان وتاریان پێشکەش کرد، لەوانە:
• وتاری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەلایەن سەیران کەریم.
• وتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەربەست کەریم .
• وتاری فیدراسیۆنی کۆمکاری سویسرا لەلایەن عابدی چادری.
• وتاری فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سویسرا لەلایەن سۆران حەسەن.
• وتاری پارتی دیمزکراتی کوردستان (باکوور) لەلایەن شۆڕش ئۆردۆگان.
• وتاری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا لەلایەن مستەفا عومەر.
• وتاری پارتی سۆسیالستی کوردستان (پەسەکە) لەلایەن ئایدۆگان ئەینال.
• وتاری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بازل لەلایەن ڕەشاد شەڕەف.
• وتاری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-زیورخ لەلایەن مزگین حاجی.
• وتاری یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سوریا لەلایەن شێخ موس.
وتارەکان بەگشتیی جەختیان لەسەر یەکگرتوویی گەلی کورد و بەردەوامیی خەبات و گرنگیی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان دەکردەوە.
هەروەها، لەنێوان وتارەکاندا، دروشم و پارچەیەک لە سروودە نیشتمانییەکان وتران، ئەوەش بۆ پاراستنی ڕووحی خۆپیشاندان و پەرەپێدانی هەستی یەکگرتوویی.
لە کۆتاییدا، چالاکییەکی هونەری بە بەشداربوونی هونەرمەندان پێشکەش کرا، کە گۆرانی و سترانی شۆڕشگێرییان خوێند و ڕووحی خۆپیشاندەرانیان زیاتر بەرز کردەوە.
ئەم خۆپیشاندانە دووبارە پیشانیدا، کە گەلی کورد تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش بەردەوامن لە خەبات بۆ مافەکانیان. هەروەها پەیامێکی ڕوون بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە داواکارییەکانی گەلی کورد هێشتا زیندوون و پێویستییان بە پشتگیرییەکی زیاتر هەیە.
