ڕۆژی یەکشەممە 26ی 4ی 2026، لە شاری فرانکفۆرتی وڵاتی ئەڵمانیا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە پێشمەرگە غەزال مەولان کرد و وەک وەفایەک بۆ خەباتی ئەو تێکۆشەرە، پەیامی هاوخەمی و پشتیوانی خۆی گەیاند.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە لەلایەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە ڕێکخرابوو، نادر دوغاتی، سکرتێری کۆمیتەی گشتی، بە نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئامادە بوو، لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا، بەیاننامەی فەرمی کۆنفیدراسیۆنەکە سەبارەت بە ژیان و شەهیدبوونی غەزال مەولان خوێندرایەوە، تێیدا تیشک خرایە سەر قوربانیدانی ژنانی کورد لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵی بەرچاویان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا.
غەزال مەولان یەکێک بوو لەو پێشمەرگە تێکۆشەرانەی کە لە پێناو ئازادی و سەرفرازی نیشتمانەکەیدا گیانی خۆی بەخت کرد، بەشداریکردنی ڕەوەندی کوردستانی لەم جۆرە یادانەدا، دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامەیە کە ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە لە خەباتی شەهیدان دەڕوانێت و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی نەتەوەیی، بەردەوام پشتیوانی لە بەرز ڕاگرتنی ناوی شەهیدانی کوردستان دەکات.
