KDC

لە شاری ئۆستەندی بەلجیکا مەراسیمێک بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی دایک رێکخرا

کۆمەڵەی ئاشتی لە شاری ئۆستەند لە وڵاتی بەلجیکا، مەراسیمێکی تایبەت و قەشەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی دایک ڕێکخست.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە خێزانەکان و بە کەشێکی پڕ لە خۆشی و کوردەوارییانە بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لە پێگە و ڕۆڵی گرنگی دایکانی کورد کرایەوە لە پاراستنی زمان و کلتووری نەتەوەییدا.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، منداڵان بە شێوازی جیاواز و بە پەیامی پڕ لە میهرەبانی، خۆشەویستیی بێپایانی خۆیان بۆ دایکەکانیان دەربڕی.

دواتر کەشی ئاهەنگەکە بە گێڕانی هەڵپەڕکێی شاد و نمایشی کلتووری ڕازێندرایەوە و خۆشییەکی زۆری بەخشییە ئامادەبووان.

تەوەرێکی سەرەکیی مەراسیمەکە تەرخان کرابوو بۆ هەڵسەنگاندن و بەرزنرخاندنی پێگەی دایکی کورد، لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی دایکی کورد نەک تەنها وەک پەروەردەکارێک، بەڵکوو وەک ژنێکی تێکۆشەر و فیداکار وێنا کرا کە بە درێژایی مێژوو بە هێز و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرگریی لە ناسنامە، زمان و کلتووری کوردی کردووە و نەوە لە دوای نەوە ئەم کەلەپوورەی گواستووەتەوە و پاراستوویەتی.

لە مەراسیمەکەدا، لەپای ئەو هەموو قوربانیدان و ماندووبوونە، پەیامی پیرۆزبایی ڕۆژی دایک ئاراستەی سەرجەم دایکانی جیهان و بەتایبەتی دایکی کورد کرا.
ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت لە بەلجیکا، ساڵانە لە بۆنە نەتەوەیی و جیهانییەکاندا چالاکیی جۆراوجۆر ڕێکدەخەن، ئامانج لەم چالاکییانەش هێشتنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەستنەوەی نەوەی نوێیە بە ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیی خۆیانەوە،گرنگیدان بە ڕۆژی دایک لای کوردانی تاراوگە ڕەهەندێکی نەتەوەیی قووڵی هەیە، چونکە دایکی کورد لە مێژووی سەختی کوردستاندا هەمیشە قەڵغانێکی پتەو بووە بۆ ڕێگریکردن لە توانەوەی کلتووری و فەوتانی زمانی شیرینی کوردی. بەردەوامبوونی ئەم جۆرە یادانە لە تاراوگە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کلتوور و بەها بەرزەکانی خێزانی کورد لە هەر کوێیەکی جیهان بن، گرنگییان پێ دەدرێت و لە فەوتان دەپارێزرێن.

 

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

زارا محەمەدی بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی گوازرایەوە گرتووخانەی گشتی ئافرەتانی سنە

KDC

Tentoonstelling Brieven uit de oorlog. پێشانگای هونەری نامەکان لە بەرەی جەنگەوە

KDC

پەنتاگۆن: چاودێری هەڕەشەکانی ئیران دەکەین

KDC