KDC

لە پاریس یادی 110 ساڵەی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ کرایەوە

ڕۆژی 16ی ئایاری 2026، کۆمەڵەی یاساکارانی کورد بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی (Beaux Parleurs) لە شاری پاریس، چالاکییەکی کولتووری و زانستییان بۆ یادکردنەوەی 110 ساڵەی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ ڕێکخست، تێیدا تیشک خرایە سەر پەراوێزخستنی گەلی کورد لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە نزیکەی 200 کەسایەتیی سیاسی، ئەکادیمی، دیپلۆماتکار و نوێنەرانی کورد و فەڕەنسی بەشدارییان تێدا کرد، نمایشێکی شانۆیی سیمبولی و فێرکاری پێشکەش کرا، نمایشەکە بە شێوازێکی داهێنەرانە گوزارشتی لە ڕووداوەکانی کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دابەشکردنی ناوچەکە لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزەکان دەکرد. هاوکات وەکوو بیرخستنەوەیەکی مێژوویی، باسی لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەسەر کورد کرد، لەوانە کۆمەڵکوژیی ئەنفال و جینۆسایدی ئێزیدییەکان، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی ئاراستەکردنی تۆمەت بێت، بەڵکو تەنیا بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بوو.

چالاکییەکە بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی دیار بەڕێوەچوو، لەوانە سەرۆکی شارەوانی سەنت-کینن-سور-سێن کە بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ مافەکانی گەلی کورد دەربڕی، لەگەڵ عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوکری بەرواری، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، وێڕای ژمارەیەک لە شارەزایانی مێژوو و یاسای نێودەوڵەتی.

ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بەهێزکردنی یادەوەریی مێژوویی گەلی کورد و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بوو لە نێوان دامەزراوەکان و ڕەوەندی کوردیدا، دواتر هەردوو کۆمەڵەی ڕێکخەر جەختیان لە بەردەوامیی کارەکانیان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و ناساندنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا چالاکیی کولتووری و زانستیی نوێ دەست پێبکەن.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

فیدراسیۆنی لاوان پانێڵێکیان لە زانکۆی سەلاحەدین ساز دا

Harmn

ئەڵمانیا: بەچەقۆ هێرش کراوەتە سەر سەنتەری کامپی پێشوازی لە پەنابەران ، کوژراو و بریندار هەیە

Harmn

لە ڕوسیا قوتابییەکی کورد پلەی یەکەم و خەڵاتی وەرگرت

Harmn