دادگای ناوچەی ئەتۆندا دۆسیەیەکی ئیستغلالکردنی مرۆییی توندی گرتۆتە دەست، کە تێیدا دوو پیاو و ژنێکی پەنابەر تۆمەتبارن بە ڕاکێشانی کەسانی بیانی بۆ کارکردن لە دوو چێشتخانەی باکووری ستۆکهۆڵم، لە بارودۆخێکدا کە بە “هاوشێوەی کۆیلایەتی”ی وەسف دەکرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن، پەنابەرەکان بە بەڵێنی مووچەی بەرز ڕاکێشراون و بە خەونی ژیانێکی باشترەوە هاتوونەتە سوید، بەڵام لەبری ئەوە، وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئەوەش بە گوتەی داواکاری گشتیی یۆهانا ستیگسۆن.
یەکێک لە پەنابەرەکان بە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی وتووە: مانگانە زیاتر لە 300 کاتژمێر کارم دەکرد و هەرگیز ڕۆژێکی پشووم نەبووە، هیچ باجێکیشم نەدەدا.
پەنابەرێکی دیکە ئاشکرای دەکات، کە لەسەر دۆشەکێکی تەنک لەسەر زەوی چێشتخانەکە خەوتووە، کە لەسەر پارچە کارتۆنێک دانراوە.
پشوو نییە و ژیان لەژێر چاودێریی کامێرادا
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، کاتێک لێکۆڵەرانی پۆلیس پرسیاریان لە یەکێک لەو پەنابەرانە کردووە، کە ئایا هیچ کاتێک پشووی وەرگرتووە، ئەویش لە پرسیارەکە تێنەگەیشتووە، بەو پێیەی پێشتر وشەی “کاتی پشوو”ی نەبیستووە و نەیزانیوە واتای چییە. دواتر وتی: “هەرگیز هیچ پشوویەکم نەبووە و قەرەبووی ئەوەشیان بۆ نەکردوومەتەوە”.
هەروەها چەند پەنابەرێکی دیکەش باسیان لەوە کردووە، کە خاوەنکارەکانیان لە کاتی کارکردنیاندا چاودێرییان کردوون. لە چێشتخانە و ناوچەکانی دیکەی چێشتخانەکەدا کامێرای چاودێریی هەبوون، هەڕەشەی ئەوەشیان لێ دەکرا، کە ئەگەر پابەند نەبن بە داواکاریی خاوەنەکەیەوە، ئەوا دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان
چۆنییەتی ئاشکرا کردنیان
لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٤ پۆلیس بەنهێنی کامێرای چاودێری لە چێشتخانەیەک دانا و بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ چاودێریی چالاکییەکانی دەکرد. بۆیان دەرکەوتووە کە کارمەندێک تا ١٢ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کار دەکات، واتە شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا.
کارمەندێکی دیکە نزیکەی هەموو ڕۆژێک لە ماوەی چاودێریکردنەکەدا ئامادە بووە و هەموو شەوێک دوای داخستنی چێشتخانەکە لەسەر زەوی چێشتخانەکە خەوتووە.
تۆمەتبارکردنەکە ئاشکرای دەکات، کە سێ کەس- دوو پیاو و ژن- گومانیان لێدەکرێت لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٥، ئیستغلالکردنی مرۆییی گەورەیان ئەنجام داوە.
هەروەها دوو کەس گومانیان لێ دەکرێت، کە یاساکانی کۆچبەرییان پێشێل کردبێت، چونکە یەکێک لە پەنابەرەکان مۆڵەتی کارکردنی نەبووە.
جێی باسە، تۆمەتباران هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە، کە ئاراستەیان کراوە و بڕیارە دادگاییکردنەکە تا ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەردەوام بێت.
