KDC

فیستیڤاڵی هاوینەی کوردی لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو

ڕۆژی 31ی ئایاری 2026، لە ناوچەی تێگلن لە وڵاتی هۆڵەندا، فیستیڤاڵێکی فراوانی کلتووری و هونەری ڕەوەندی کوردی لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە، بە هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ مۆسیقا و خواردن و کەلتووری ڕەسەنی نەتەوەیی، بەڕێوەچوو.


لەم فیستیڤاڵە تایبەتەدا کە هەریەک لە خاتوو سۆزان جەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە ڤێنلۆ و بەڕێز فوئاد عەریف کەریم ڕێکیان خستبوو، مەبەست لێی زیندووڕاگرتنی هونەر و دابونەریتی کوردی بوو، چەندین بڕگەی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێش پێشکەش کران، ئامادەبووان جگە لە چێژوەرگرتن لە مۆسیقای ڕاستەوخۆ و هەڵپەڕکێی کوردی و کورتە فیلم کەلەلایەن خاتوو سۆزانەوە ئامادەکرابوو، دەیانتوانی سەردانی بازاڕی تایبەت بە کەلوپەل و جلوبەرگی کوردی بکەن، هەروەها تامی ڕەسەنی خواردنە کوردییەکان کە لەلایەن چێشتلێنەرە شارەزاکانەوە ئامادە کرابوو، تایبەتمەندییەکی جوانتری بە بۆنەکە بەخشیبوو.

بۆ زیاتر جۆش و خرۆشدانی کەشی فیستیڤاڵەکە، کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد،لەوانە ئەحلام مستەفا، دڵشاد زاخۆیی، ئاواز خابیری، هەژار زاخۆیی و دۆسکی بابیری، بەشدارییان کرد، ئەم هونەرمەندانە بە دەنگە خۆشەکانیان و گۆرانییە ڕەسەنەکانیان، کەشێکی پڕ لە شادی و ئاهەنگگێڕانیان بۆ ئامادەبووان دروستکرد.

فیستیڤاڵەکە لە کاتژمێر 13:00ی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد و تا کاتژمێر 19:00ی ئێوارە لە هۆڵی هاندەرت بەردەوام بوو، ڕێکخەرانی کارەکە ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ هاووڵاتیان کردبوو، لە هەمان کاتدا خواردنی بەچێژیش بۆ ئامادەبووان ڕێکخرابوو، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان و گەنجانی کورد بتوانن بەشداری لەم کەرنەڤاڵەدا بکەن.

سازدانی ئەم جۆرە فیستیڤاڵ و کۆبوونەوە کلتوورییانە لە وڵاتانی ئەوروپا گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، لە لایەکەوە دەبێتە پردێکی بەهێز بۆ هێشتنەوەی پەیوەندیی نێوان ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە و زێدی باوباپیرانیان، لە لایەکی دیکەشەوە نەوەی نوێی کورد کە لە هەندەران لەدایک دەبن و گەورە دەبن، لە نزیکەوە ئاشنا دەکات بە جلوبەرگ، مۆسیقا، هەڵپەڕکێ و ڕەسەنایەتیی نەتەوەکەیان.

سەرەڕای ئەوەش، ئەم فیستیڤاڵانە دەرفەتێکی زێڕینن بۆ ناساندنی کلتووری دەوڵەمەندی کورد بە نەتەوەکانی دیکەی جیهان. بوونی سپۆنسەر و گرووپی هونەریی وەک کۆما ئازادی و کۆمپانیاکانی تایبەت بە خۆراک و جلوبەرگی کوردی لەم جۆرە بۆنانەدا، نیشاندەری یەکڕیزی و هەوڵی بەردەوامی تاک و دامەزراوە کوردییەکانە بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی کەلەپوور و هونەری کوردی لە دەرەوەی وڵات.

___

پێنج رۆژە لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان 29 کۆچبەر بێ ئاو و خوارن ماونەتەوە

KDC

لەماوەی ساڵێکدا 5000پزیشک لە تورکیا کار بەجێدەهێڵن

Harmn

کاراکتەری داگیرکەری عەرەب، لە قەسیدەی (داڵ)ی شێرکۆ بێکەس دا

KDC