بە مەبەستی تاوتوێکردنی ناوەڕۆک و گرنگیی بڕیاری پەرلەمانی فلاندەرز تایبەت بە دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناوەندی ڕەوەندی کوردستان لە برۆکسل بە هاوکاری کۆمەڵەی ئاشتی، سیمینارێکی کراوە بۆ ڕای گشتی ڕێکدەخەن کە تێیدا دوو ئەندامی پەرلەمانی فلاندەرز بەشدار دەبن.
سیمینارەکە لە ڕۆژی یەکشەممە بەرواری 07/06/2026 کاتژمێر 14:00 لە ناونیشانی Schildknaapsstraat 47, 1000 Brussels بەڕێوەدەچێت. لەم کۆڕەدا، پەرلەمانتاران ئینە تۆمبۆر (Ine Tombeur) و کارل ڤانلۆوە (Karl Vanlouwe) وتار پێشکەش دەکەن و ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر گرنگیی سیاسی و مرۆیی ئەم بڕیارە دەدەن.
ئەم چالاکییە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و گەیاندنی دەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان، بڕیاری پەرلەمانی فلاندەرز هەنگاوێکی گرنگە لە چوارچێوەی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی مرۆیی و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، سازدانی ئەم دیدارە دەرفەتێکی گونجاو بۆ دۆستان و لایەنگرانی دیالۆگ دەڕەخسێنێت تا لە نزیکەوە بەشداربن لەم گفتوگۆیەدا.
کارزان حەیدەر
