KDC

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا 20 کاندیدی کورد دەرچوون

لە پرۆسەی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە وڵاتی بەریتانیا، 20 کاندیدی کورد توانیان متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنن و ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییە جیاوازەکانی شاری لەندەنی پایتەخت، هەرچەندە ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕەوەندی کوردی سەیر دەکرێت، بەڵام ئەنجامەکان بە بەراورد بە ڕابردوو پاشەکشەیەکی بەرچاوی نوێنەرایەتیی کورد لەو وڵاتە نیشان دەدەن، بەتایبەتی کە ئەمجارە تەنیا کاندیدەکانی باکووری کوردستان توانیویانە بگەنە ئەو پۆستانە.

بەپێی داتاکانی پەیوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی ئەو کوردانەی کە پێشتر لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی لەندەن ئەندام بوون 33 کەس بوون، بەڵام لەم خولە نوێیەدا ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ 20 ئەندام دابەزیوە، ئەو 20 کاندیدە کوردەی کە لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، سەرجەمیان خەڵکی باکووری کوردستانن و لە ناوچە و شارەوانییە جیاوازەکانی لەندەن کێبڕکێیان کردووە، لە بەرامبەردا، 5 کاندیدی دیکە کە خەڵکی باشووری کوردستان بوون و بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردبوو، نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ چوونە ناو ئەنجوومەنەکان مسۆگەر بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە و پاشەکشەیەی نوێنەرانی کورد، بەرپرسان و سەرپەرشتیارانی کۆمەڵگەی کوردی لە بەریتانیا ئاماژە بە هۆکارە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکەن، زۆرینەی ڕەهای ئەو کاندیدە کوردانەی کە بەشدارییان کردووە، لەسەر لیستی پارتی کرێکاران بوون، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی کرێکاران ڕووبەڕووی کێبڕکێیەکی زۆر سەخت و بەهێز بووەوە لەلایەن پارتی ڕیفۆرمی ڕاستڕەو بە سەرۆکایەتی نایجل فەراج، ئەم کێبڕکێ توندە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر دەنگی کاندیدەکانی پارتی کرێکاران بەگشتی و کاندیدە کوردەکان بەتایبەتی، کە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆریان نەتوانن دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و لە دەرەوەی ئەنجوومەنەکان بمێننەوە.

ئەم دۆخە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا پێویستی بە بەشدارییەکی کاراتر و خۆڕێکخستنەوە هەیە لە پرۆسە سیاسییەکاندا، تاوەکو بتوانێت دەنگی خۆی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی لۆکاڵیدا بەهێزتر بکات.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

 

___

پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید

Harmn

سەرۆکی یانەی Kurdish FC سوپاسی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکات

Harmn

جنێف: ئاهەنگی کۆتایی ساڵی خوێندنی زمانی کوردی بەڕێوەچوو

Harmn