بە بەشداریی بەرپرسی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سویسرا، کۆمەڵەی کولتوری کوردی لە شاری جنێف ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی خۆی ڕێکخست و تێیدا بڕوانامەی دەرچوون بەسەر ئەو قوتابیانەدا دابەش کرا کە خولەکانی فێربوونی زمانی کوردییان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
ڕۆژی شەممە 6ی 6ی 2026، سەیران کەریم بەرپرسی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سویسرا، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆمەڵەی کولتوری کوردی جنێف، بەشداری لە ڕێوڕەسمی 10 ساڵەی تەمەنی ئەو ڕێکخراوەدا کرد، لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، سەیران کەریم لە وتارێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبەران و ئەندامانی کۆمەڵەکە کرد و ڕۆڵی بەرچاویانی بەرز نرخاند لە بەرامبەر 10 ساڵ خزمەتی بەردەوام بە کولتوری کوردی و کۆکردنەوەی ڕەوەندی کورد لە سویسرا.
لە بەشێکی دیکەی هەمان ڕێوڕەسمدا و لە کەشێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوتابیان، بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە ئەو قوتابیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانی فێربوون و نووسینی زمانی کوردییان بڕیوە.
کۆمەڵەی کولتوری کوردی جنێف کە 10 ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە، لە ماوەی کارکردنیدا خزمەتێکی بەرچاوی بە ناساندن و پاراستنی کولتوری کوردی کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی هاوسەنگی و پێکەوەبەستنی کۆمەڵگەی کوردی لە شاری جنێف، یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی ئەم کۆمەڵەیە، ڕێکخستنی بەردەوامی خولەکانی فێربوون و نووسینی زمانی کوردییە بۆ منداڵانی کورد، کە ئامانج لێی پاراستنی زمانی دایک و خزمەتکردنی نەوەی نوێی کوردە لە دەرەوەی نیشتمان.
