KDC

کارسازێکی کورد مێژووی شارێکی ئەڵمانیا نۆژەن دەکاتەوە

رزگار رەحیم، ئەو کارسازە کوردەی ماوەی 32 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، چیرۆکێکی دەگمەنی کۆڵنەدان و سەرکەوتنی هەیە، لە کارکردن بە سادەترین کەرەستەوە، ئێستا بووەتە خاوەنی دووەم گەورەترین کۆمپانیای شاری میونشن لە بواری رووخاندن و لابردنی ماددە مەترسیدارەکان، وێڕای جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە، لە پشتی پەردەوە دەستی هاوکاری بۆ نیشتمانەکەی درێژ کردووە.

ئەو پیاوەی لە سلێمانییەوە پیشەی باپیری گواستەوە و بە(رزگاری کلیل)ناسراوە، لە ساڵی 1998ـەوە بناغەی کۆمپانیاکەی لە ئەڵمانیا دانا، لە سەرەتادا تەنیا بە عەرەبانەیەک و خاکەنازێک، شانبەشانی یەک بۆ دوو کرێکار دەستی بە کارەکانی کرد، بەڵام ئەمڕۆ، کۆمپانیاکەی خاوەنی سەرمایەیەکی چەندین ملیۆن یۆرۆییە و 150 ئەندازیار و کرێکار و کارمەند لەخۆ دەگرێت، کە متمانەی گەورەترین دامەزراوەکانی ئەڵمانیایان بەدەستهێناوە.

کارەکانی ئەم کۆمپانیایە، کە ئێستا هاوشانی زەبەلاحترین کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کار دەکات، خۆی لە رووخاندنی باڵەخانە کۆنەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ماددەی مەترسیداری (ئەزبێست) دەبینێتەوە، کۆمپانیاکە ئێستا بەشدارە لە نۆژەنکردنەوەی پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکانی میونشن، لەوانە مۆزەخانەی نیشتمانیی میونشن، وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەری شارەکە و شانۆی ئەڵمانی.

یەکێک لە ئەرکە هەرە قورس و مەترسیدارەکانی کۆمپانیاکە، لابردنی ماددەی ئەزبێستە، ئەو ماددەیە کە پێشتر بەهۆی هەرزانی و خۆڕاگرییەوە لە دیوار، پشتی کاشی و بۆرییە ئاوییەکاندا بەکارهاتووە، لە ساڵی 1990ـەوە لە ئەڵمانیا قەدەغە کراوە، چونکە دەرکەوت کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوونی کرێکارانی بیناسازی بە شێرپەنجە، رزگار رەحیم لەم بارەیەوە هۆشداری دەدات کە مەترسیی ئەزبێست لە کاتی شکاندنیدایە، کە ریشاڵەکانی بە هەوادا بڵاو دەبنەوە و دەچنە ناو سییەکانەوە، هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆیشی دەردەبڕێت لە نەبوونی هۆشیاریی پێویست بەرامبەر بەم ماددەیە لە کوردستان.

بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، کۆمپانیاکە سیستەمێکی زۆر توندی خۆپارێزیی هەیە، کرێکاران دەبێت بە سێ قۆناغی جیاوازی ناو کابینەیەکدا تێپەڕن؛ سەرەتا جلەکانیان دادەکەنن، پاشان لە بەشی دووەمدا جلە پاکەکانیان هەڵدەگرن و لە قۆناغی سێیەمدا جلوبەرگی کار و ماسکی تایبەت بە فلتەرەوە دەبەستن، کرێکاران ناچارن هەر کاتژمێرێک جارێک پشوو بدەن و ماسک و فلتەرەکانیان بگۆڕن، لە کاتی تەواوبوونیشدا، بە هەمان ڕێکار دەگەڕێنەوە، جلە پیسەکان فڕێ دەدەن و خۆیان دەشۆن، بۆ ئەوەی هیچ پاشماوەیەکی ئەو ماددە بکوژە بە جەستەیانەوە نەمێنێت.

سەرکەوتنی کۆمپانیاکە تەنیا لە قەبارەی کارەکانیدا نییە، بەڵکو لە دڵسۆزیی ستافەکەشیدایە، لە سەرەتای کارکردنەوە، زۆربەی کرێکارەکانی کۆمپانیاکە کورد بوون،  نزیکەی 20 بۆ 25 کەسیان دوای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر هێشتا ماونەتەوە و ئێستا بەرزترین پلە و بەرپرسیارێتییان لەناو دامەزراوەکەدا پێ سپێردراوە، بە بڕوای خاوەنی کۆمپانیاکە، بەڕێوەبردنی ئەم سوپایە لە کارمەند تەنیا بە بڕوانامە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ئەزموونی قووڵی ژیان، لێهاتوویی کارگێڕی، فرەزمانی و کەسایەتییەکی بەهێز هەیە.

لە پاڵ ئەم هەموو سەرکەوتنە بازرگانییەدا، ئەم کارسازە کوردە دیوێکی مرۆیی گەورەی هەیە، ئەو پێی وایە سامان تەنیا کاتێک بەهای هەیە کە ببەخشرێت، بۆیە بڕیاری داوە ساڵانە و بە شێوەیەکی تەواو نهێنی، تێچووی خوێندنی 12 قوتابی لە شاری سلێمانی لە ئەستۆ بگرێت، ئەو قوتابیانە لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت، بێ ئەوەی هەرگیز رووخساری سپۆنسەرەکەیان ببینن، ئەوان تەنیا ئەوەندە دەزانن کە فریادرەسێکیان هەیە لە ئەڵمانیا بە ناوی (رزگار).

چیرۆکی کۆچبەرانی کورد لە ئەوروپا پڕە لە هەوراز و نشێو، بەڵام بەشێکیان توانیویانە ببنە بزوێنەری ئابووری و پیشەسازی لە وڵاتانی خانەخوێدا. گەشەکردنی کارسازێکی کورد لە کرێکارێکی سادەوە بۆ خاوەنی دامەزراوەیەکی زەبەلاح لە شارێکی پێشکەوتووی وەک میونشن، نیشاندەری توانای خۆگونجاندن و لێهاتوویی ڕەوەندی کوردییە، لە هەمان کاتدا، ئەم جۆرە چیرۆکانە تیشک دەخەنە سەر گرنگیی گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ کوردستان، بەتایبەت لە بوارەکانی سەلامەتیی پیشەیی و پاراستنی ژینگەدا.

___

هونەرمەندێکی بەریتانی داوای ئازادکردنی هاوڵاتییەکی کورد لە تورکیا دەکات 

KDC

پاسەوانەکانی سنوری پۆڵەندا بۆ بڵاوەپێکردنی پەنابەران لە دەروازەی سنوری لەگەڵ بیلاروسیا گازی فرمێسک ڕێژو ئاو بەکاردەهێنن

KDC

شاندی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی لقی 6ی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەکەن

Harmn