KDC

قوتابخانەیەکی کوردی لە کۆپنهاگن کرایەوە و دانیمارکییەکانیش فێری کوردی دەبن

لە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر و پڕ لە هیوادا بۆ ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا، قوتابخانەیەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک کرایەوە، ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ نەوەکانی ڕەوەندی کوردی تا بە زمانی شیرینی دایک ئاشنا ببنەوە، هاوکات بووەتە جێگەی سەرنجی هاووڵاتییانی دانیمارکیش کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لە فێربوونی زمانەکەمان کردووە.

ئەم پڕۆژە لەلایەن دەنیز سەرنجی، نووسەر و ڕۆژنامەڤانی ناسراوی کورد لە دانیمارک سەرپەرشتی دەکرێت و خۆیشی وەک مامۆستای وانەکان ڕۆڵ دەبینێت، ئامانجی سەرەکی ئەم قوتابخانەیە گەڕاندنەوەی زمانی کوردییە بۆ ئەو خێزانە کوردانەی کە بەهۆی بارودۆخی ژیان و چەندین ساڵ کۆچکردنەوە زمانەکەیان لەبیرکردووە یان لێی دوورکەوتوونەتەوە، بەتایبەتی ئەو کوردانەی باکوور و باشووری کوردستان کە پێشتر کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی کۆنیای تورکیا و دواتر چوونەتە دانیمارک، ئێستا دەتوانن لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە خۆیان و منداڵەکانیان بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان گرێ بدەنەوە.

ئەوەی جێی شانازییە لەم پڕۆژەیەدا ئەوەیە، تەنیا کوردەکان نین ڕوو لە قوتابخانەکە دەکەن، بەڵکوو تا ئێستا 16 هاووڵاتیی ڕەسەنی دانیمارکیش ناوی خۆیان تۆمارکردووە و لە پۆلەکاندا دادەنیشن تا فێری خوێندنەوە، نووسین و قسەکردن بە زمانی کوردی ببن. ئەمەش نیشانەی کاریگەریی و جوانیی کەلتووری کوردییە لەو وڵاتەدا.

ئێستا دەرگای ئەم ناوەندە کراوەیە بۆ هەموو ئەو کوردانەی لە دانیمارک دەژین و دەیانەوێت منداڵەکانیان بێبەش نەبن لە زمانی نەتەوەکەیان، خێزانەکان دەتوانن بۆ تۆمارکردنی ناو، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەنیز سەرنجی یان لاپەڕەی تایبەتی ژیان دیکێ بکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

زمانی دایک، ناسنامە و ڕۆحی هەر نەتەوەیەکە، بۆ ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە، پاراستنی ئەم زمانە لەناو شەپۆلی کەلتوورە جیاوازەکانی ئەورووپادا هەردەم ئاڵەنگارییەکی گەورە بووە، کردنەوەی ئەم جۆرە ناوەندە پەروەردەییانە، تەنیا فێربوونی پیت و وشە نییە، بەڵکوو دروستکردنەوەی پردێکی ڕۆحیی پتەوە لە نێوان نەوەی نوێی تاراوگە و نیشتمانە ڕەسەنەکەیاندا، کاتێک زمانێک دەتوانێت لە دڵی ئەورووپادا نەک هەر ڕۆڵەکانی خۆی لە باوەش بگرێتەوە، بەڵکوو بیانییەکانیش بەلای خۆیدا کەمەندکێش بکات، سەلمێنەری زیندوویی و هێزی ئەو زمانەیە کە سەرباری هەموو هەوراز و نشێوەکانی مێژوو، هێشتا وەک داربەڕوویەکی سەوز و بەپیت لە گەشەکردندایە و سنوورە جوگرافییەکانی بڕیوە.

 

___

بەوێنە ..ڕەوەندی کوردستانی بەشداری کۆنگرەی نەتەوەو دەوڵەتەکان CNSدەکەن

Harmn

ئێران دوو هاووڵاتی کورد دەستگیر دەکات

KDC

نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری دووەم دیداری (شێخی شاعیران )دەکات

Harmn