KDC

بەریتانیا گەورەترین سەنتەری راگرتنی کۆچبەران فراوانتر دەکات

حکومەتی بەریتانیا پلانێکی رادەستی دەستەی پشکنینی پلاندانان کردووە بۆ ئەوەی توانای لەخۆگرتنی یەکێک لە سەنتەرە سەرەکییەکانی راگرتن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکات، ئەم هەنگاوەی حکومەت کاردانەوەی توندی پەرلەمانتاران و چالاکڤانانی لێکەوتووەتەوە و بە هەنگاوێکی خراپ و پشتگوێخستنی دەنگی خەڵکی ناوچەکە وەسفی دەکەن.

سەنتەری کامپسفیڵد بۆ راگرتن و لابردنی کۆچبەران، کە دەکەوێتە نزیک ناوچەی کیدلینگتۆن لە ئۆکسفۆردشایەر، لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا دووبارە کرایەوە، ئەم سەنتەرە پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی زنجیرەیەک کێشەی وەک ئاژاوەگێڕی، هەڵاتنی کۆچبەران و سکاڵای زۆر لەسەر خراپیی دۆخەکەی، داخرابوو.

لە پلانە نوێیەکەیدا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەیەوێت توانای لەخۆگرتنی کەمپەکە لە 160 جێگەی خەوتنەوە بۆ 400 جێگە زیاد بکات، ئەوەش لە رێگەی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی شێوازی باڵەخانەکانی ئێستای سەنتەرەکە.

کالەم میلەر، پەرلەمانتاری ناوچەی بایسێستەر و وودستۆک، نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕیوە و حکومەتی بە پەراوێزخستنی دەسەڵاتی پلاندانانی ناوخۆیی و پشتگوێخستنی دەنگی دانیشتووانی ناوچەکە تۆمەتبار کردووە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی ناوخۆ رەتی کردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو پرسە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدات.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندبوو، بە بڕی 70 ملیۆن پاوەند سەنتەرەکەی نۆژەن کردووەتەوە و بە پێوەرێکی ئەمنیی زۆر بەرز ئامادەی کردووە، تاوەکو پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی تاوانبارانی بیانی و کۆچبەرانی نایاسایی خێراتر بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی ناوچەکە، پەرلەمانتاران و رێکخراوە خێرخوازییەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە توندی دژی ئەو سەنتەرە وەستاونەتەوە و چالاکڤانانیش بە شوێنێکی تۆقێنەر وەسفی دەکەن، تەنانەت لە کاتی گەیشتنی یەکەمین کاروانی کۆچبەران بۆ ناو کەمپەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، خۆپێشاندەران گردبوونەوە و دووبارە کردنەوەی سەنتەرەکەیان بە پاشەکشەیەکی زۆر مەترسیدار ناوبرد.

بەریتانیا لە رێگەی کۆمەڵێک رێکاری توندی ئەمنی و دروستکردنی کەمپی داخراوەوە، دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانی کۆچبەرانی نایاسایی بهێنێت و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیان خێراتر بکات، کردنەوەی سەنتەرەکانی هاوشێوەی کامپسفیڵد، بەشێکە لەو ستراتیژەی کە حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەناخوازان دایڕشتووە، بەڵام ئەم جۆرە سەنتەرانە بەردەوام لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەیان لێدەگیرێت و بە پێشێلکردنی کەرامەت و مافە سەرەتاییەکانی کۆچبەران هەژمار دەکرێن، کە زۆرجار کێشەی دەروونی و تەندروستیی گەورە بۆ راگیراوان دروست دەکەن.

___

ئیتڵاعات پێنج هاووڵاتی کورد دەستگیر دەکات

KDC

گرووپێكی كۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە چوونە پۆڵەندا

KDC

ڕاوێژکاری ئاسایشی عێراق :داعشە زیندانیکراوەکان لەسەر ئاسایشی وڵات هەڕەشەن

Harmn