لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان رێکارەکانیان دژی پەناخوازان توندتر دەکەن، حکومەتی ئیسپانیا بڕیارێکی مێژوویی داوە و دەستی بە گەورەترین پرۆسەی پێدانی مافی مانەوە بە سەدان هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە، ئەم هەنگاوە کە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئامانجییەتی ژیانێکی سەقامگیر و مافی کارکردنی یاسایی بەو کەسانە ببەخشێت کە بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی لەو وڵاتەدا دەژین.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی ئیسپانیا، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە و کارکردنی یاسایی کراوەیە و پرۆسەکە تاوەکو 30ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، وەزارەتی کۆچی ئیسپانیا پێشبینی دەکات کە نزیکەی 500 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەم پرۆسەیە سوودمەند بن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی پرسی کۆچ پێیان وایە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و لە نێوان 800 بۆ 840 هەزار کەسدایە.
بۆ ئەوەی کۆچبەران بتوانن لەو بڕیارە سوودمەند بن، پێویستە بیسەلمێنن کە پێش کۆتایی ساڵی 2025 بۆ ماوەی لانی کەم 5 مانگ لە ناو خاکی ئیسپانیادا ژیاون، هەروەها مەرجێکی دیکەی بنەڕەتی ئەوەیە کە نابێت هیچ پێشینەیەکی تاوانکارییان هەبێت، هەر کۆچبەرێک ئەو مەرجانەی تێدا بێت، مۆڵەتی یەک ساڵەی نیشتەجێبوون و کارکردنی پێدەدرێت، کە دواتر مافی نوێکردنەوەشی دەبێت.
حکومەتی ئیسپانیا هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ رێزگرتن و گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ ئەو کەسانە گەڕاندووەتەوە کە ماوەیەکی زۆرە لە وڵاتەکەیاندان، بە جۆرێک دەیەوێت مافە یاساییەکانیان بۆ دەستەبەر بکات تاوەکو لە تارماییەکان بێنە دەرەوە و بە شێوەیەکی فەرمی بەشداری لە کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا بکەن.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هاوپەیمانیی چەپڕەوی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتیی پێدرۆ سانچێز، بە تەواوی پێچەوانەی ئەو شەپۆلە توندەیە کە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکای گرتووەتەوە بۆ داخستنی دەرگاکان بەڕووی کۆچبەراندا، ئیسپانیا کە لە ساڵی 1986ەوە تاوەکو ئێستا 6 جار پرۆسەی لێخۆشبوون و بەیاساییکردنی کۆچبەرانی ئەنجامداوە، بەهۆی پیربوونی کۆمەڵگەکەیەوە پێویستییەکی یەکجار زۆری بە دەستی کاری بیانی هەیە، بەتایبەتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری و خزمەتگوزاری کە بزوێنەری سەرەکیی ئابووریی ئەو وڵاتەن.
