بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەرلین کە لە 20ی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەدەچێت، ژیان عومەر وەک کاندیدی پارتی سەوزەکان لە بازنەی 3ی ناوەڕاستی بەرلین (Mitte 3) دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کرد، ناوبراو کەمپینێکی کۆمەکی دارایی ڕاگەیاندووە بە مەبەستی پاراستنی مافی کۆچبەران، دیموکراسی و پێکەوەژیان لە پایتەختی ئەڵمانیا.
ژیان عومەر پێی وایە ئەم هەڵبژاردنە سیمای داهاتووی بەرلین دیاری دەکات، بۆیە ئامانجیەتی لەناو پەرلەماندا ببێتە دەنگی بەرگریکار لە ئازادی، فرەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆڤ، بێ گوێدانە ڕەچەڵەک و ئایین. ئەو جەخت دەکاتەوە کە هێشتنەوەی بەرلین وەک شارێکی کراوە بۆ هەمووان، پێویستی بە خەباتی بەردەوام هەیە.
بۆ سەرخستنی ئەم ئامانجانە و بەهێزکردنی دەنگی پەنابەران و کۆچبەران لە پەرلەماندا، ئەو کاندیدە داوای پاڵپشتیی دارایی لە هاووڵاتییان دەکات لە ڕێگەی بەستەری (https://gruenlink.de/ljvp9cy5zw). ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەر بەخشینێک، چ گەورە بێت یان بچووک، یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە دەنگدەری زیاتر و بونیادنانی کەمپینێکی بەهێزتر لە پێناو بەرلینێکی دادپەروەر و یەکگرتووتر.
ژیان عومەر سیاسەتمەدارێکی بە ڕەچەڵەک کوردە و یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی پارتی سەوزەکان، کە پێشینەیەکی بەهێزی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و کۆچبەران هەیە، هەڵبژاردنی ساڵی 2026ی پەرلەمانی بەرلین وێستگەیەکی چارەنووسسازە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری پارتە ڕاستڕەوەکان و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسیی شارەکە، بەتایبەت لە پرسەکانی مافی نیشتەجێبوون، ئابووری و پاراستنی فرەکلتووریدا. بازنەی 3ی ناوەڕاستی بەرلینیش یەکێکە لەو ناوچە ستراتیژییانەی کە دەنگی پێکهاتە جیاوازەکان تێیدا یەکلاکەرەوەیە.
