KDC

پەرلەمانی ئەوروپا یاسایەکی توند بۆ ناردنەوەی کۆچبەران پەسەند دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریی دەدات

پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ یاسایەکی نوێ و توندی بۆ ڕێکخستنەوەی پرۆسەی ناردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی پەسەند کرد، ئەمەش کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە، لە کاتێکدا لایەنگرانی یاساکە پێشوازییان لێ کرد، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەوروپی ناتوانن بەرپرسیارێتییە یاسایی و مرۆییەکانیان بخەنە ئەستۆی وڵاتانی دیکە.

یاسا نوێیەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بە دەنگی 418 پەرلەمانتار پەسەند کرا، لە بەرامبەردا 218 پەرلەمانتار دژی وەستانەوە و 30 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا، ئامانجی سەرەکیی یاساکە خێراکردنی پرۆسەی ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە کە مافی مانەوەیان لە ناو یەکێتیی ئەوروپادا نییە، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، دەسەڵاتداران دەتوانن کۆچبەران بۆ ماوەی تا 24 مانگ و لە هەندێک حاڵەتیشدا بۆ ماوەیەکی زیاتر دەستبەسەر بکەن، هەروەها یاساکە پرۆسەی داننانی هاوبەش بە بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوە لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا بەهێزتر دەکات و ئەرکی نوێش دەخاتە سەر شانی کۆچبەران بۆ ئەوەی ناچار بن هاوکاریی دەسەڵاتدارانی تایبەت بە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە بکەن.

لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەدا، ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕوونی کردەوە کە دەستبەسەرکردنی کەسانی لاواز، بەتایبەتی منداڵان و ناردنەوەیان بۆ وڵاتانی سێیەم، کارێکی زۆر هەستیارە و مەترسیی گەورەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە، ناوبراو هۆشداری دا کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە نادات هیچ کەسێک بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنێک کە مەترسیی لەسەر ژیانی هەبێت، جەختی کردەوە کە پێویستە بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی کەسی بن و تا تەواوبوونی قۆناغەکانی تانەدان جێبەجێ نەکرێن.

پەسەندکردنی ئەم یاسایە بووە هۆی دروستبوونی دابەشبوونێکی گەورە لە نێو پەرلەماندا، فراکسیۆنی چەپەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە تێپەڕاندنی یاساکە دەرەنجامی هاوپەیمانیی نێوان ڕاستڕەوی نەریتخواز و ڕاستڕەوی توندڕەوە و هۆشدارییان دا لە سەرهەڵدانی سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و پەیڕەوکردنی کردەوەی زۆرەملێ دژی کۆچبەران، مانون ئۆبری، پەرلەمانتاری چەپڕەوی ئەوروپی، ڕۆژی دەنگدانەکەی بە ڕۆژێکی ڕەش بۆ پەرلەمانی ئەوروپا وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەم یاسایە ڕەوایی بە دیپۆرتکردنەوەی بەرفراوان دەدات و دەرگا بەڕووی هەڵکوتانە سەر ماڵان، قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکاندا دەکاتەوە.

لە بەرامبەردا، لایەنگرانی توندکردنی ڕێکارەکان چەپڵەڕێزانیان بۆ بڕیارەکە کرد و وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی کۆچبەران لێکیان دایەوە، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، پێشوازیی گەرمی لە دەنگدانەکە کرد و بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسفی کرد کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گێڕانەوەی خێرای ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە یەکێتیی ئەوروپادا نییە.

وەک بەشێک لە سیستەمە نوێیەکە، یاساکە ڕێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات ڕێککەوتن بکەن بۆ بەکارهێنان و دروستکردنی سەنتەری ناردنەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەستبەسەرکردنی کۆچبەران تا کاتی دیپۆرتکردنەوەیان، ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان کە ئێستا تەنیا نزیکەی 20 لە سەدی بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو بیانیانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە یەکێتیی ئەوروپا دەژین، جێبەجێ دەکرێن، ئەم ڕێژە کەمەش لە ماوەی ڕابردوودا بووە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر بۆ توندکردنی یاساکان، بەجۆرێک کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە ساڵێک لەمەوبەرەوە هەوڵی داڕشتنی ڕێسای نوێی دەدا بۆ زیادکردنی پرۆسەکانی دیپۆرتکردنەوە، کە دواجار سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پڕۆژەکە بوو بە یاسا.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

چالاکوانێکی بۆکان دەستگیر دەکرێت

KDC

وێبنارێکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان سەبارەت بە پێگەی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا

Harmn

پۆتین :بێشک ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە ئۆکرانیا بەدیدێت

Harmn