دەنیز ئونداڤ، هێرشبەری بەڕەچەڵەک کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بە ئاستە بەرزەکەی لە مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، بووەتە جێگەی سەرنجی تەواوی میدیاکانی جیهان، ئەم یاریزانە توانیویەتی بە تەنیا ماوەیەکی کورتی یاریکردن، هەڵبژاردەکەی لە قەیرانی دەرکران ڕزگار بکات و بیانگەیەنێتە قۆناغی دووەم، کە ئەمەش کۆتایی بەو نەفرەتە هێنا کە لە مۆندیالەکانی 2018 و 2022دا بەرۆکی ئەڵمانیای گرتبوو.
سەرەڕای ئەوەی ئونداڤ لە هەردوو یارییەکەی ئەڵمانیادا وەک یاریزانی یەدەگ بەشداریی کردووە، بەڵام کاریگەرییەکی مێژوویی دروستکردووە، لە یەکەم یاری بەرامبەر کوراساو، گۆڵێکی تۆمارکرد و 2 گۆڵی دروستکرد، لە یاریی دووەمیشدا بەرامبەر کۆتدیڤوار، کاتێک ئەڵمانیا لە نیوەی یەکەمدا بە گۆڵێک لەدواوە بوو و بە ئاستێکی خراپ دەرکەوت، ئونداڤ لە خولەکی 60 هاتە ناو یاریگا و تەنیا دوای 8 خولەک ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، دواتریش لە کۆتا ساتەکاندا بە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم و سەرکەوتن، یارییەکەی بە ئەنجامی 2 بە 1 لە بەرژەوەندیی مانشافت یەکلا کردەوە و خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی پێ بەخشرا.
بەپێی ئامارەکان، ئەم یاریزانە لە کۆی 56 خولەکی یاریکردندا لەو 2 یارییە، بەشداریی لە 5 گۆڵدا کردووە بە تۆمارکردنی 3 گۆڵ و دروستکردنی 2 گۆڵی دیکە، بەمەش بووە یەکەم یاریزانی مۆندیالی 2026 کە بەشداری لە 5 گۆڵدا بکات، هاوکات ڕیکۆردێکی مێژوویی ساڵی 1990ی ڕۆجێر میلای شکاند وەک یەکەم یاریزان کە لە مۆندیالێکدا بەمشێوەیە بەشداری لە 5 گۆڵدا بکات.
کاردانەوەکان:
دوای ئەم درەوشانەوەیە، ئونداڤ جەختی لە گرنگیی بردنەوەی هەردوو یارییەکە و نیشاندانی کەسایەتییەکی بەهێزی هەڵبژاردەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکییان تەنیا تێپەڕاندنی قۆناغەکان نییە، بەڵکو گەیشتنە بە لوتکە و بەدەستهێنانی نازناوەکەیە و هەموو هەوڵێکیش بۆ ئەو مەبەستە دەدەن.
لە بەرامبەریشدا، یولیان ناگلسمان، ڕاهێنەری ئەڵمانیا، ستایشی جوڵە نایابەکانی ئەو یاریزانەی کرد و ڕوونی کردەوە کە هەرچەندە دەتوانێت لە پێکهاتەی سەرەکیدا پشتی پێ ببەستێت، بەڵام لە ئێستادا وەک یاریزانێکی یەدەگی یەکلاکەرەوە گەیشتووەتە لوتکەی ئاستی خۆی و هەردوو لا بەو ڕۆڵە گرنگە دڵخۆشن.
دەنیز ئونداڤ لە 19ی 7ی 1996 لە شاری ڤارێلی ئەڵمانیا لەدایکبووە، ئەو لە خێزانێکی کوردی ئێزدیی خەڵکی وێرانشاری باکووری کوردستانە کە باپیرەی لە دوای ساڵی 1980ەوە بەهۆی فشاری سیاسییەوە بەرەو ئەڵمانیا کۆچی کردووە.
کاروانی وەرزشیی ئەم یاریزانە بە چەندین وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە، لە تیپی لاوانی ڤێردەربریمەن لە ساڵی 2007 تا 2012 یاریکردووە، لە ساڵی 2015 لەگەڵ یانەی هاڤێلسی دەستی بە ژیانی پیشەگەری کردووە، دواتر چووەتە یانەکانی ئاینتراخت براونشڤیگ و ماپێن. لە ساڵی 2020 چووەتە یانەی سانت ژیلوازی پلە دووی بەلجیکی و لە ساڵی 2022 پەیوەندی بە برایتۆنی ئینگلیزییەوە کردووە، تا دواجار لە ساڵی 2023ەوە لە ڕیزەکانی شتوتگارتی ئەڵمانی جێگیر بووە.
سەبارەت بە ناسنامەکەی، ئەم یاریزانە هەمیشە جەخت لە کوردبوونی خۆی دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە بە زمانەکانی ئەڵمانی و کوردی گەورە بووە و بە هیچ شێوەیەک زمانی تورکی نازانێت چونکە ناچار بووە فێری کوردی ببێت،لە ڕابردووشدا، هەر بەهۆی هەستکردنی بە پەیوەستبوونی توند بە ڕەچەڵەکە کوردییەکەیەوە، بانگهێشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیای بۆ یاریکردن لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە ڕەتکردووەتەوە.
