بە ئامانجی یەکخستنی سیستماتیکی قوتابخانە کوردییەکان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە تاراوگە، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لە چوارچیوەی ئەم کۆنگرەیەدا، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی تیشکی خستە سەر گرنگیی فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵانی دیاسپۆرا و ئاشکرای کرد، ئەمساڵ 2500 فێرخوازی کورد لە سەرتاسەری جیهان بە ئۆنلاین فێری زمانەکەیان بوون و بڕوانامەیان وەرگرتووە.
رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی ئەورووپا و جیهان، ساڵانێکە رووبەڕووی مەترسیی توانەوەی کلتووری و لەبیرچوونەوەی زمانی دایک بووەتەوە، بۆ بەرگرتن لەم مەترسییە و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، دامەزراوە کوردستانییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانیان بۆ بەستنەوەی نەوەی نوێی تاراوگە بە نیشتمانەوە چڕ کردووەتەوە، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، وەرچەرخانێکی گرنگ و هەنگاوێکی کردارییە بۆ کۆکردنەوەی پەرشوبڵاویی قوتابخانە کوردییەکان و رێکخستنیان لە چوارچێوەیەکی زانستیی یەکگرتوودا، تاوەکو زمانی کوردی ببێتە قەڵغانی پاراستنی کوردانی دیاسپۆرا لە تواندنەوە.
لە پەراوێزی کارەکانی یەکەم کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی کە ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026 لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا ساز کرا، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە لێدوانێکدا بۆ مایکی رەوەند ئاماژەی بە ستراتیژیەتی کۆنگرەکە کرد و رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان یەکخستنی تەواوی قوتابخانەکانی زمانی کوردییە لە ئەورووپا و سەرتاسەری جیهان، ئەم یەکخستنەش وەک هەنگاوێکی زانستی و سەرکەوتوو سەیر دەکرێت بۆ گەیاندنی زمانی شیرینی کوردی بە منداڵانی رەوەندی کوردستانی، چونکە زمان ناسنامەی راستەقینەی نەتەوەی کوردە.
سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە رۆڵێکی کارای هەبووە لە رەخساندنی دەرفەتی خوێندنی ئۆنلاین بۆ منداڵانی کورد لە هەموو جیهاندا، لە رێگەی ئەم پرۆگرامەوە وانەکان بە شێوەزارەکانی سۆرانی، کرمانجی، بادینی، زازاکی و هەورامی دەگوترێنەوە و تەنیا لەمساڵدا 2500 فێرخواز زمانەکەیان فێربوون و بڕوانامەی کۆتاییان پێ بەخشراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شفا بارزانی، سەرپەرستیاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی هاندەری دایکان و خوشکان بوو بۆ ئەوەی چ لە ماڵەوە و چ لە دەرەوە رۆڵی سەرەکی ببینن لە هاندانی منداڵەکانیان بۆ بەشداریکردن لەم پرۆگرامانە و قسەکردن بە زمانی کوردی لە نێو خێزانەکانیاندا، هەروەها داوای لەو قوتابخانە نوێیانە کرد کە هاتوونەتە نێو فیدراسیۆنی زمانەوە، بە شێوازێکی رێکوپێکتر و زانستییانەتر ئەو پەرتووکانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان دەنێردرێت، بەسەر منداڵانی دیاسپۆرادا دابەش بکەن تاوەکو پرۆسەی فێربوونەکە خێراتر و بەرهەمدارتر بێت.
شفا بارزانی جەختی لە خاڵێکی چارەنووسساز کردەوە و روونی کردەوە کە راستە فێربوونی هەر زمانێکی بیانی کەسایەتییەکی نوێ بۆ مرۆڤ دروست دەکات، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد بابەتەکە زۆر جیاوازە و راستەوخۆ پەیوەستە بە مان و نەمانەوە، بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا دوژمنانی کورد هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی، مانەوەی زمانەکە واتای مانەوەی نەتەوەکەیە، ئەگەر زمانیش نەمێنێت کورد نامێنێت، هاوکات دڵنیایی دا کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی تەواوی پێداویستییەکانی فێربوون دەخاتە بەردەست کوردستانیانی تاراوگە، بۆ ئەوەی زمانی کوردی بۆ هەمیشە بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
کارزان حەیدەر
