سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، پەیوەندی بە پاڵەوانی کورد عەگید کابایال کرد و پشتیوانیی بارەگای بارزانی و خۆیی بۆ دەربڕی و ناوبراویش سوپاسی پشتیوانییەکانی کرد، کە هەمیشە بۆ گەنجانی کوردی تاراوگەیان کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەڕێز شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە پیرۆزباییەکی گەرمی ئاڕاستەی عەگید کابایالناسراو بە (کوردیش پاوەر) کرد ئەوەش دوای ئەوەی لە دەستکەوتێکی مێژوویی گرنگدا بووە پاڵەوانی جیهان لە یاری بۆکسێنی کێشی قورس (WBC).
شفا بارزانی لەم پەیوەندییەدا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی، هیوای بەردەوامی و دەستکەوتی گەورەتری بۆ ئەم پاڵەوانە خواست و ڕایگەیاند: تۆ ئەمڕۆ بوویتەتە جێگەی شانازیی ٨٣ ملیۆن ئەڵمان و ٦٠ ملیۆن کورد لە سەرانسەری جیهاندا.
هەروەها سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ عەگید کابایال و سەرجەم نوخبە و گەنجە سەرکەوتووەکانی کوردی لە تاراوگە دووپات کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم جۆرە سەرکەوتنە مەزنانە تەنیا دەستکەوتی کەسی نین، بەڵکوو دەبنە سەرچاوەی ورە و هێز بۆ لاوانی کورد و ناوی کوردستان لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا بە بەرزی دەهێڵنەوە.
لە بەرانبەردا، پاڵەوانی جیهان عەگید کابایال، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ بەڕێز شفا بارزانی و بارەگای بارزانی دەربڕی لەپای ئەم گرنگیی پێ دان و پاڵپشتییە بەردەوامانەیان بۆ گەنج و لاوانی کوردستانی لە تاراوگە.
