KDC

بەریتانیا بۆ پەنابەران: بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە دەبێت تا 10,000 پاوەند قەرەبوو بدەن

 

لە نوێترین پرۆژەیاسای پەنابەریدا کە مشتومڕی زۆری دروستکردووە، حکومەتی بەریتانیا هەوڵ دەدات مەرجێکی دارایی قورس بخاتە بەردەم ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتەکەدا داوای مافی مانەوە دەکەن.

بەپێی پرۆژەکە، پێویستە هەندێک لە پەنابەران بڕی تا 10,000 پاوەند وەک قەرەبووی تێچووی نیشتەجێبوون و ئەو هاوکارییە داراییانەی لە سەردەمی چاوەڕوانیی کەیسەکانیاندا وەریانگرتووە بۆ حکومەت بگەڕێننەوە، ئەگەر نا، پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەییان لێ قەدەغە دەکرێت.

ئەم پرۆژەیاسایە لە کاتێکدایە کە فشاری دارایی لەسەر حکومەتی بەریتانیا زۆرە و ساڵانە تێچووی هاوکاریکردنی پەنابەران دەگاتە نزیکەی 4 ملیار پاوەند، بە لای زۆرێک لە باجدەران و هاووڵاتییانی بەریتانیاوە، ئەم جۆرە بڕیارانە لە ڕووی سیاسییەوە سەرنجڕاکێشن، چونکە وای پیشان دەدات کە پارەی گشتی بە بەرپرسیارێتییەوە خەرج دەکرێت و ئەوانەی توانایان هەیە دەبێت قەرەبووی حکومەت بکەنەوە.

شەبانە مەحمود وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەرگریی لەم هەنگاوە دەکات و پێی وایە، هەرچەندە دابینکردنی هاوکاری بۆ پەنابەران مافێکە، بەڵام هاوکات بەرپرسیارێتیشە کە کاتێک ئەو کەسانە جێگیر دەبن و توانای کارکردنیان دەبێت، قەرەبووی باجدەرانی بەریتانی بکەنەوە بۆ ئەوەی سیستەمەکە بەردەوام بێت.

بەڵام لە دیوەکەی دیکەوە، پرۆژەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی پەنابەران بووەتەوە، ڕەخنەگران باس لەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە و وەک سزایەکی داراییە بۆ کەسانێک کە لە جەنگ و چەوساندنەوە و توندوتیژی هەڵاتوون، هاوکات تیشک دەخەنە سەر دژایەتییەکی گەورە لە سیستەمەکەدا، ئەویش ئەوەیە کە پەنابەران لە ماوەی چاوەڕوانییاندا بەپێی یاسا بۆیان نییە کار بکەن و داهاتیان هەبێت، کەچی دواتر حکومەت داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێ دەکات، هەندێک لە ڕێکخراوەکانی وەک دامەزراوەی هێلین ئەم کارە، وەک دڵڕەقییەک وەسف دەکەن کە کێشە ڕاستەقینەکانی سیستەمی پەنابەری چارەسەر ناکات، بەتایبەت کێشەی خاوی و دواکەوتنی پڕۆسەی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان کە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی خەرجییەکانە.

 

لە ڕووی ئابووری و واقیعیشەوە پرۆژەکە جێگەی گومانە، بەپێی توێژینەوەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد، دوای پێنج ساڵ لە وەرگرتنی مافی پەنابەری، تەنها کەمتر لە سەدا 15ی پەنابەران داهاتی ساڵانەیان دەگاتە سەروو 20,000 پاوەند، زۆربەی پەنابەران بێکار دەبن یان لە کارە کەم‌داهاتەکاندا کار دەکەن، بەهۆی ئەم داتایانەوە، شارەزایان پێیان وایە کۆکردنەوەی ئەو پارەیە لە پەنابەران کارێکی زۆر قورسە و ڕەنگە تێچووی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە زیاتر بێت لەو پارەیەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، هەروەها شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە مەرجانە ڕەنگە ببنە هۆی ساردکردنەوەی پەنابەران لە کارکردن، لە ترسی ئەوەی کە دەستبەجێ بکەونە ژێر باری قەرزێکی قورسەوە.

 

زۆربەی پەنابەران بە ئارەزووی خۆیان نابنە قورسایی بەسەر حکومەتەوە، بەڵکو زۆرجار بەبێ هیچ پارەیەک دەگەنە وڵاتەکە و لەلایەن خودی سیستەمەکەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، ئەمەش وا دەکات کە پرسیارێکی گەورە دروست بێت سەبارەت بەوەی ئایا ئامانجی سەرەکیی پرۆژەیاساکە بەڕاستی گەڕاندنەوەی پارەیە، یان تەنها ناردنی پەیامێکی سیاسییە بۆ ڕازیکردنی شەقام.

ئێستا چاوەکان لەسەر پەرلەمانی بەریتانیان بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرۆژەیاسایە، ئەو گفتوگۆیانەی لە پەرلەمان دەکرێن نەک تەنها چارەنووسی ئەم پرۆژەیە، بەڵکو ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی پەنابەری لە بەریتانیا بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دیاری دەکەن و وەڵامی ئەو پرسیارەش دەدەنەوە کە ئایا حکومەت دەتوانێت خەرجییەکانی کەم بکاتەوە بەبێ دروستکردنی بەربەستی نوێ بۆ ئەو کەسانەی پێشتر بە سەختییەکی لەڕادەبەدەردا تێپەڕیون.

 

 

کارزان حەیدەر

http://Karzanhaedar1@gmail,com

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

009647504475408

 

___

ئۆکرانیا پلانی هەیە ،کە گەمارۆدراوانی ئازۆفستال لە ماریۆپۆل چۆل بکات

Harmn

کۆنفدراسیۆن بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

Harmn

ئەڵمانیا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری یادی شەهیدکردنی شاری هەڵەبجە دەکەن

Harmn