KDC

پڕۆژەیاسای نوێی کۆچ و پەنابەرانی بەریتانیا بۆ ساڵی 2026 بە مەبەستی گۆڕانکاریی ڕیشەیی خرایە بەردەم پەرلەمان

حکومەتی بەریتانیا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پرسی پەنابەران، پڕۆژەیاسای کۆچ و پەنابەرانی بۆ ساڵی 2026 پێشکەش بە ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمان کرد، کە بڕیارە لە 13ی تەممووزی ئەمساڵدا بۆ جاری دووەم خوێندنەوەی بۆ بکرێت. پڕۆژەیاساکە کە بەشێکی زۆری سەرجەم ناوچەکانی شانشینی یەکگرتوو دەگرێتەوە، ئامانجیەتی گۆڕانکاریی گەورە لە جۆری پێدانی مافی مانەوە و دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێی دادوەری بکات.

بەپێی تێبینییە ڕوونکارییەکانی ناو پڕۆژەیاساکە، حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە دەسەڵاتێکی نوێی سەربەخۆ بۆ تێهەڵچوونەوە و پێداچوونەوەی دۆسیەکانی کۆچ دابمەزرێنێت، لەگەڵ توندکردنەوەی ڕێکارەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی ماددەی 8 لە ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

هاوکات یاساکە کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی جۆرە جیاوازەکانی داواکاریی پەنابەری و جێگرتنەوەیان بە یەک مۆدێلی یەکگرتوو بە ناوی پاراستنی بنەڕەتی، هەروەها دروستکردنی میکانیزمێک بۆ پابەندکردنی ئەو پەنابەرانەی هاوکاریی دارایی وەردەگرن بەوەی بەشێک لە تێچووەکانیان بگەڕێننەوە هەرکاتێک لە ڕووی داراییەوە توانایان هەبوو، سەرباری چاکسازی لە چوارچێوەی یاسایی تایبەت بە کۆیلایەتیی سەردەم و ڕووبەڕووبوونەوەی قۆستنەوەی مرۆڤ.

ئەم پڕۆژەیاسایە کە لە 53 ماددە و 5 خشتە پێکدێت و دابەشکراوە بەسەر 6 بەشی سەرەکیدا، تەواوکەری ئەو سیاسەتانەیە کە حکومەت پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بۆ گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵ بۆ سیاسەتی پەنابەری ڕایگەیاندبوو، بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەم هەنگاوانە، بڕیارە لیژنەی دادوەریی پەرلەمان لە ڕۆژی سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 دانیشتنێک ئەنجام بدات بۆ گوێگرتن لە بەڵگەکان سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی پەیوەستن بە تێهەڵچوونەوەی دۆسیەکانی کۆچ، ئەمەش شانبەشانی بڵاوکردنەوەی چەندین بەڵگەنامە و هەڵسەنگاندن لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە کە جەخت لەسەر ڕزگارکردنی سیستەمی پەنابەری و کەمکردنەوەی تێچووەکانی سەرشانی حکومەت دەکەنەوە.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

___

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕەوەندی کوردستانی بەدواداچوونێکی ئەنجام داوە

KDC

عێراق بەرەو کوێ ..؟

KDC

ئەمەریکا هاوڵاتیانی ئاگاداردەکاتەوە گەشت بۆ چوار وڵات نەکەن

KDC