KDC

لێکۆڵەرێکی کورد لە فەرەنسا خەڵاتی زانستی بۆ تێزەکەی لەسەر ئەنفال بەدەستدەهێنێت

لە دەستکەوتێکی زانستیی بێوێنەدا، لێکۆڵەر و زمانناسی کورد عادل حەسەن ڕەشید، توانی پلەی دکتۆرا بە باشترین هەڵسەنگاندن لە زانکۆی ڕوان لە وڵاتی فەرەنسا بەدەستبهێنێت، ئەم سەرکەوتنە لە دوای پێشکەشکردن و بەرگریکردن بوو لە تێزێکی زانستیی قووڵ و بێهاوتا، کە تەرخانکرابوو بۆ شیکردنەوەی زمانەوانیی کۆمەڵکوژیی کوردان لە هەڵمەتی ئەنفالدا، کە تێیدا دەنگی قوربانیان و ڕزگاربووان بووە بنەمای توێژینەوەیەکی ئاستبەرزی جیهانی.

هەڵمەتی ئەنفال کە لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، تا ئێستا زۆرجار ئەم کەیسە لە ڕووی سیاسی و مێژووییەوە قسەی لەسەر کراوە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە نوێیە کە لە ئاستێکی باڵای ئەکادیمیی ئەورووپیدا ئەنجامدراوە، دەرگایەکی نوێ دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە برینەکانی ئەنفال لە ڕێگەی زانستی زمان و دەروونناسییەوە. ئەمەش دەنگی قوربانیان دەگەیەنێتە ناوەندە زانستییەکانی جیهان و بیرەوەریی نەتەوەیەک لە فەوتان دەپارێزێت.

ئەم لێکۆڵەرە کە خەڵکی شاری دهۆکە، توانی بە سەرکەوتوویی بەرگری لە تێزەکەی بکات کە تایبەت بوو بە قڕکردنی بەکۆمەڵی کوردان لە هەڵمەتی ئەنفالی ساڵی 1988، لە ڕێگەی شیکردنەوەی وتار و پشت بەستن بە شایەتحاڵی ڕزگاربووان و بەڵگە فەرمییەکان، بەرهەمی ئەم ماندووبوونە ئەکادیمییە بریتی بوو لە پێدانی پلەی دکتۆرا بە باشترین هەڵسەنگاندن و پیرۆزبایی تایبەتی لێژنەکە.

ناوەڕۆکی ئەم تێزە زانستییە کە بەشێوەیەکی زۆر ورد و مەیدانی کاری لەسەر کراوە، بەسەر سێ تەوەری سەرەکیدا دابەش کراوە، تەوەری یەکەم کە لە 454 لاپەڕە پێکهاتووە، تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوەیەکی زمانەوانیی قووڵ بۆ شیکردنەوەی قسە و دەربڕینی ئەو کەسانەی کە لە هەڵمەتی ئەنفالدا ڕزگاریان بووە.

لە تەوەری دووەمیشدا کە 401 لاپەڕەیە، شیکردنەوەیەکی بەراوردکاری لەسەر بنەمای کاری مەیدانی کراوە. لێکۆڵەر پشت بە 38 تۆماری دەنگی دەبەستێت کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و دواتر وەک بەڵگەی زمانەوانی بۆ زمانی فەرەنسی وەرگێڕدراون، خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم بەشە ئەوەیە کە شایەتحاڵەکان جۆراوجۆرن و بەپێی تەمەن، ناوچەی جوگرافی و ئایینەکانی وەک موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی پۆلێن کراون، هەروەها جۆری کەسەکانیش جیاوازن، لە هاووڵاتیی مەدەنی و پێشمەرگەوە بگرە تا دەگاتە وتاری سەرکردەکانی ئەو سەردەمەی وەک سەرۆک مەسعود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی، ئەم هەمەڕەنگییە تابلۆیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئایینی لەو ناوچانە نیشان دەدات کە ڕووبەڕووی قڕکردن بوونەتەوە.

تەوەری سێیەمی تێزەکە کە 327 لاپەڕە لەخۆدەگرێت، پشتی بە بەڵگەنامە مێژووییەکان، ئەرشیفی سەربازی و سەلماندنی هێرشە کیمیاییەکان بەستووە.

ئەوەی ئەم توێژینەوەیە زۆر تایبەت دەکات، تیشک خستنە سەر شێوازی دروستبوونی بیرەوەریی بەکۆمەڵە لەناو قوربانیاندا، لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی نەرم و زانستی دەریخستووە کە چۆن زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئازارەکان و برینە دەروونییەکان، هەروەها ئاماژە بە کاریگەرییەکانی سیاسەتی عەرەبکردن دراوە لەسەر زمانی قوربانییەکان، کە تا ئێستاش هەندێک وشە و دەربڕینی ئەو سەردەمە لە قسەکردنی ڕۆژانەیاندا ماوەتەوە و بووەتە نیشانەیەک بۆ ئەو برینە مێژووییە.

لە بەشێکی تری ئەم کارە زانستییەدا، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان نەوەکاندا خراوەتە ڕوو، نەوەی دووەمی خێزانە ڕزگاربووەکان کە لە سەردەمی ئارامیی هەرێمی کوردستان و کرانەوەی پەروەردەی کوردیدا گەورە بوون، زمانێکی ستانداردتر و جیاوازتر بەکاردەهێنن، بەمەش دەردەکەوێت کە کۆمەڵگای کوردی لە ڕووی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە هەنگاوی گەورەی ناوە و زمانەکەشی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

لێژنەی هەڵسەنگاندن کە لە 7 پرۆفیسۆر و توێژەری فەرەنسی پێکهاتبوون، سەرسامیی خۆیان بە وردبینی، ڕەسەنایەتی و قووڵیی ئەم تێزە دەربڕی، ئەوان بڕوانامەی دکتۆرایان بەرزترین پلەی پێبەخشی و هانی لێکۆڵەرەکەیان دا کە بەردەوام بێت لە کارە زانستییەکانی و پردی پەیوەندی و لێکۆڵینەوە لە نێوان زانکۆکانی ئەورووپا و کوردستان دروست بکات، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە پاراستنی بیرەوەریی بەکۆمەڵی گەلی کورد بکرێت.

لێکۆڵەرە کوردەکە بە پێزانینێکی زۆرەوە سوپاسی لێژنەکەی کرد کە گرنگییەکی گەورەیان بە کەیسی قوربانیانی ئەنفال داوە و کەشێکی زانستیی ئاستبەرزیان بۆ گفتوگۆکردنی ئەم بابەتە هەستیارە ڕەخساندووە.

___

ئێراق: مەترسی هەڵکشانی تای خوێن بەربوون هەیە

Harmn

دەست بە تەواوکردنی بەشێکی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەکرێت 

KDC

ناوەندی رەوەندی كوردلە دەرەوە پشتگیری كاندیدێکی كورد لە میونیخ دەكات

KDC