جێگری سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و وەزیری بەرگری، دیلان یەشیلگۆز-زێگەریۆس، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
یەشیلگۆز لەگەڵ ڕۆب یێتێن، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، بە شێوەیەکی فەرمی بەشداری لەم لوتکە باڵایەدا دەکات.
شایەنی باسە کە لە مێژووی ناتۆدا ئەمە یەکەمین جارە ئافرەتێکی کورد لە ئاستێکی باڵادا نوێنەرایەتیی وڵاتێکی جیهان و بە تایبەتیش وڵاتێکی ئەوروپی بکات، لە کاتێکدا خۆیشی لەوێ لەدایک نەبووە.
دیلان یەشیلگۆز لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، لە حکومەتی ڕۆب یێتێندا وەک جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کار دەکات.

کاروانی پیشەیی دیلان یەشیلگۆز
دیلان یەشیلگۆز سەرۆکی گشتیی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD)یە، پێش ئەم کارە، لە حکومەتی مارک ڕووتەدا وەزیری داد و ئاسایش بووە، یەشیلگۆز هەروەها پێشتر سکرتێری دەوڵەت بووە بۆ سیاسەتی کاروباری ئابووری و کەشوهەوا.
یەشیلگۆز لە بنەڕەتدا خەڵکی دێرسیمە
دیلان یەشیلگۆزی کچە کورد، ساڵی ١٩٧٧ لە شاری ئەنقەرە لەدایکبووە و لە سەردەمی منداڵیدا، وەک خێزانێکی پەنابەر هاتووەتە هۆڵەندا. ئەو لە بنەڕەتدا کوردێکی دێرسیمییە.
لوتکەی ناتۆ (North Atlantic Treaty Organization) یان ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسیی باکوور، دوێنێ لە ئەنقەرە بە بەشداریی سەرکردەکانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەم ڕێکخراوە، کە لە نێوانیاندا دۆناڵد ترەمپ (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)، ئیمانوێل ماکرۆن (فەرەنسا)، کیر ستارمەر و فریدریش مێرتس (ئەڵمانیا) هەن، بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێکرد. لوتکەی باڵای ناتۆ ئەمشەو کۆتایی دێت.
جار جان دڵپۆلۆ / ئەنقەرە
