لە کاتێکدا تارمایی جەنگ و ئاوارەبوون باڵی بەسەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستاندا کێشابوو، دەستپێشخەرییەکی مرۆیی و یاسایی لە دڵی ئەوروپاوە بووە پردێک بۆ گەیاندنی ئازارەکانی گەلێک بە ناوەندی بڕیاردروستکردنی جیهانی.
چەند گەنجێکی دڵسۆزی رەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا، بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکان، لە دەرگای پەرلەمانی ئەوروپایان دا، راستە وەڵامی نامەکەیان دوای چەندین مانگ گەیشت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی هێندە بەهێز و ئەرێنی بوو، کە بووە مایەی گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ لاوان و کوردانی رۆژئاوای کوردستان و سەلماندی دەنگی حەق و مافخوازان لە کۆتاییدا هەر دەگاتە جێی خۆی.
سەرەتای ساڵی 2026، دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب گەیشتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و کارەساتبار، هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 155000 کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون،نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر کە لەو کاتەدا تاکە سەرچاوەی چارەسەری بریندارەکان بوو، بەهۆی بۆردومانی راستەوخۆوە بەتەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوو. ئەم دۆخە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش هۆشدارییان لەبارەیەوە دا، مەترسییەکی گەورەی گۆڕینی دیمۆگرافی و پاکتاوی نەتەوەیی بەرامبەر بە کوردانی ئەو ناوچانە دروست کرد.

لەو ساتە سەختانەدا کە بێهیوایی باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشابوو، لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات بێدەنگ نەوەستان.
شاهان عومەر فارس، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا، بە شانازییەوە باس لەو هەنگاوە مێژووییە دەکات و ئەوە دەخاتە روو کە لە رێکەوتی 12 ی کانوونی دووەمی 2026 و راستەوخۆ دوای تاوان و هێرشەکانی سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لە فیدراسیۆنی لاوان، لەوانە دکتۆرە ڤیان خەلیل و لوانا عەفاف حەج شێخموس و یاسمین موراد و دلژین باغستانی، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەکەن، ئەوان بڕیار دەدەن بیر لە رێگەیەک بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئەوروپاوە ببنە قەڵغانێک بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوا کە لەبەردەم مەترسیی هێرشی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریادا بوون، بۆ ئەم مەبەستەش، بە شێوەیەکی زۆر ورد دەستیان بە کۆکردنەوەی تەواوی بەڵگەکانی تایبەت بەو تاوانانە کرد کە دەرهەق بە کورد لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و حەلەب ئەنجام درابوون، تا بۆ پەرلەمانی ئەوروپای بنێرن و لەرێگەیەوە داوای پاراستنی مافی کورد لە سووریا بکەن، هەر بۆیە نامەیەکی فەرمییان ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا کرد بۆ پێداچوونەوە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی مەدەنی، بەتایبەتیش کورد.
نامە فەرمییەکەی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا تەنها نامەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی یاسایی تۆکمە بوو کە پشتی بە پەیماننامەکانی جنێڤ و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بەستبوو، لە نامەکەدا، پێنج داواکاریی سەرەکی خرانە روو، لەوانە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ لەو تاوانانەی روویانداوە، دابینکردنی پاراستنی دەستبەجێ بۆ هاووڵاتیانی مەدەنیی کورد، سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکان، پشتگیریکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر بە بەشداریی کارای کورد، لەگەڵ فراوانکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان.
سەرباری ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییە لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 ئاراستە کرا، بەڵام وەڵامی فەرمیی پەرلەمانی ئەوروپا نزیکەی 6 مانگ دواتر و لە رێکەوتی 8 ی تەممووزی 2026 بە واژۆی بۆگدان رژۆنکا، سەرۆکی لیژنەی داواکارییەکان، گەیشتە دەستی شاهان فارس، راستە ئەم وەڵامە پێداچوونەوەیەکی زەمەنیی زۆری خایاند و تا رادەیەک درەنگ کەوت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی هێندە پڕ بایەخ و جێگەی دڵخۆشی بوو کە بووە هەوێنێک بۆ دروستکردنی ئومێدێکی گەورە لای لاوان و گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
پەرلەمانی ئەوروپا لە وەڵامە چاوەڕوانکراوەکەیدا بە فەرمی دانی بە گرنگیی داواکارییەکەی فیدراسیۆنی لاواندا نا و رایگەیاند، پرسەکە بە تەواوی دەکەوێتە چوارچێوەی بوارەکانی چالاکیی یەکێتیی ئەوروپاوە، هەر لەبەر گرنگیی بابەتەکەش، دۆسیەکەیان رەوانەی لیژنەی کاروباری دەرەوە و لیژنەی لاوەکیی مافەکانی مرۆڤ کرد تا بە وردی چاودێریی بکرێت.

لەوەش گرنگتر، پەرلەمانی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە بە توندی سەرکۆنەی هەموو ئەو توندوتیژییانەیان کردووە کە بەرانبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەت پێکهاتەی کورد لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دراون، وەک تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی توندی مافی مرۆڤ وەسفی کردوون، هەروەها پەرلەمان دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی نەگۆڕی خۆیان بۆ پاراستنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورد لە سووریا و سەلماندیان کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ پاراستنی ئەو مافانە.
ئەم وەڵامەی پەرلەمانی ئەوروپا، کە بەرهەمی ماندووبوونی کۆمەڵێک گەنجی دڵسۆز بوو، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەوڵەکانی رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات دەتوانێت گۆڕانکاریی گەورە دروست بکات، دەرئەنجامی ئەم پرۆژەیە وای کرد کە کەیسی ئازارەکانی حەلەب و رۆژئاوا لە رەفەی بیرچوونەوەدا نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە بەشێک لە ئەجێندای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە بەرزترین ناوەندی یاسادانانی ئەوروپادا.
![]()
کارزان حەیدەر

