لە کەشێکی نیشتمانیی گەرموگوڕ و بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتیی سیاسی و نوێنەری پارتە کوردستانییەکان و بەرپرسانی هۆڵەندی، شاری فلاردینگن لە هۆڵەندا میوانداریی کۆڕێکی بەرفراوانی کرد، چالاکییەکە بووە خاڵی کۆکەرەوەی دەنگی کوردانی هەندەران بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بەهێز بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ڕێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە شاری فلاردینگنی وڵاتی هۆڵەندا، کۆڕێکیان بۆ سیاسەتمەدار مەلا بەختیار ڕێکخست، بابەتی کۆڕەکە تایبەت بوو بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە دوریانی گۆڕانکاریدا، لەم دیدارەدا 31 سەرۆک ڕێکخراو و فیدراسیۆن و بەرپرسی پارتە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئامادە بوون، هەروەها ئامادەبوونی بەرپرسانی هۆڵەندی، لەوانە ڤیلم د مان ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای شاری فلاردینگن و سیسی ددوکەلا لە سکرتاریەتی حزبی ئێس پەی هۆڵەندی، بایەخێکی نێودەوڵەتیی زیاتری بە کۆبوونەوەکە بەخشی.

دیدارەکە بە شیکردنەوەیەکی قووڵی یەک کاتژمێری لەلایەن سیاسەتمەدار مەلا بەختیارەوە دەستی پێکرد، کە تێیدا بە ڕوونی تیشکی خستە سەر ئەو بەربەست و پێشهاتانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، دوابەدوای ئەوە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر گفتوگۆیەکی کراوە و بنیاتنەر لە نێوان نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکاندا بەڕێوەچوو، کەشی گفتوگۆکان پڕ بوو لە هەستی بەرپرسیارێتی و پەرۆشیی نیشتمانی، کە ئامادەبووان بە یەکدەنگی پشتیوانیی خۆیان بۆ پرسە نەتەوەییەکان دەربڕی.
سەبارەت بە ئامانجی ئەم کۆبوونەوە سەرکەوتووە، شاخەوان ئەکرەم دوکانی سەرۆکی ڕێکخراوی چەپک، ڕوونکردنەوەی دا کە تێکچوونی باری ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک، وای خواستووە هەڵوەستەی جدی بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر جێگەی دڵخۆشییە نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەم جۆرە پەرۆشەوە بەشدارییان کردووە. پەیامی سەرەکیی ڕێکخەران ئەوە بوو کە کوردانی تاراوگە تەنها بینەر نین، بەڵکو لە کاتی هەر گۆڕانکاری و مەترسییەکدا بە خێرایی دێنە سەر هێڵ و لەگەڵ ئازارەکانی میللەتەکەیان دەبن، جەختیان کردەوە کە ئامادەن لە ڕێگەی چالاکیی مەدەنی و ڕێپێوانەوە، کۆمەڵگە و حکومەتی هۆڵەندا بکەنە پشتیوانێکی بەهێزی لۆجستی و سیاسی، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەزنی بمێنێتەوە و دەستکەوتەکان پارێزراو بن.

لە ئەم ڕێوڕەسمەدا و وەک وەفایەک بۆ خەباتی مەدەنی و سیاسیی درێژخایەنیان لە هۆڵەندا، مەلا بەختیار مەدالیای ڕێز و شکۆی پێشکەش بە هەریەک لە ڤیلم د مان و سیسی ددوکەلا کرد، ئەم کەسایەتییە هۆڵەندییانە بە سەرسامییەکی زۆرەوە باسیان لە ناوەڕۆکی کۆڕەکە کرد و دانیان بەوەدا نا کە پێشتر بەو شێوەیە ئاگاداری قووڵیی گۆڕانکارییەکان و دۆخی سیاسیی کوردستان نەبوون، ئەوان بە پێزانینێکی زۆرەوە باسیان لە گەلی کورد کرد وەک نەتەوەیەکی تێکۆشەر و خۆڕاگر و بەهێز، هەروەها سەرسامیی خۆیان بۆ توانا و کەسایەتیی شۆڕشگێڕیی مەلا بەختیار دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ خواست، هاوکات دەستخۆشییەکی گەرمیان ئاراستەی شاخەوان دوکانی و ڕێکخراوی چەپک کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم دیدارە ناوازەیە.

بەستنی ئەم جۆرە کۆڕ و دیدارانە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندا کە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانە، بایەخێکی ستراتیژیی گەورەی هەیە بۆ دۆزی کورد. یەکخستنی دەنگی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی بیانی، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دیپلۆماسیی سەردەم، ئەم هەنگاوانە نەک تەنها هۆشیاریی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە مافەکانی گەلی کورد زیاد دەکەن، بەڵکو دەبنە قەڵغانێکی پتەو بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی جیهانی لەبەردەم ئەو ئاڵەنگارییە خێرایانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت.

