لە بڕیارێکی گرنگدا کە هەواڵێکی زۆر خۆشە بۆ قوربانییانی دەستی تیرۆر و مرۆڤایەتی، دادگای باڵای هەرێمی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر پیاوێکی عێراقی و سزای 9 ساڵ و نیو زیندانیکردنی بۆ هاوژینی پێشووی دەرکرد.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ساڵانێک پێش ئێستا لە ریزی چەکدارانی داعشدا، دوو کچی منداڵی کوردی ئێزدییان وەک کۆیلە بەکار هێنابوو و دڕندانەترین جۆری ئەشکەنجە و دەستدرێژییان کردبوونە سەر.
بەپێی راگەیەندراوی دادگا و داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا، تاوانبارەکان بریتین لە توانا هـ ی تەمەن 43 ساڵ کە بە ئەبو عەبدوڵڵا ناسراوە، لەگەڵ ئاسیا ر ی تەمەن 29 ساڵ، ئەم دوو کەسە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 لەو ناوچانەی عێراق و سووریا کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، سەرەتا کچێکی 5 ساڵان و دواتریش کچێکی 12 ساڵانی کوردی ئێزدییان وەک کەنیزەک و کۆیلە راگرتووە.

لە رەوتی دادگاییکردنەکەدا وردەکارییەکی زۆر دڵتەزێن ئاشکرا بووە، کە دەرخەری سروشتی ئەو تاوانانەن کە دەرهەق بەو منداڵانە کراون. دەرکەوتووە کە هەردوو کچەکە ناچار کراون بەردەوام کاری نێوماڵ بکەن و بە زۆر بیروباوەڕی داعشیان پێگوتراوە، داواکاری گشتی ئەوەی خستووەتە روو کە توانا چەندین جار دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر هەردوو کچەکە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئاسیای هاوژینی نەک هەر رێگری نەکردووە، بەڵکو بە خواستی خۆی ژوورەکەی بۆ ئامادە کردوون و تەنانەت پێش دەستدرێژییەکان ماکیاژی بۆ یەکێک لە کچەکان کردووە.
ئازارەکانی ئەم دوو کچە تەنیا بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو رووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی سەختیش بوونەتەوە، دادگا ئەوەی سەلماندووە کە پیاوەکە بە گسک لە کچە گەورەکەی داوە و ژنەکەش ئاوی کوڵاوی بەسەر دەستی کچە بچووکەکەدا کردووە، هەروەها وەک سزایەک زۆرجار ناچاریان کردوون بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ لەسەر یەک قاچ بوەستن.
وەک پێشینەی ئەم رووداوە و هەڵاتنی تاوانباران، کاتێک لە کۆتایی ساڵی 2017دا گرووپی داعش رووبەڕووی شکست بووەوە، ئەم ژن و مێردە لە سووریاوە هەڵاتن، لە جیاتی ئەوەی کچە کوردە ئێزدییەکان ئازاد بکەن، بێبەزەییانە رادەستی چەکدارەکانی دیکەی داعشیان کردن، دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەو تاوانانەدا، لە نیسانی 2024 هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا توانیان ژنەکە لە شاری رێگنسبێرگ و پیاوەکە لە ناوچەی رۆس دەستگیر بکەن، سەرەڕای ئەوەی پارێزەری ژنەکە هەوڵی دەدا پاساو بهێنێتەوە کە گوایە بریکارەکەی بە زۆر بە شوو دراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە داعشەوە نەبووە، بەڵام دادگا گوێی بەو بیانووانە نەدا.
دوای پرۆسەیەکی دادگاییکردن کە ساڵێک و نیوی خایاند، راستییەکان بە تەواوی سەلمێندران و دادگا بە فەرمی پیاوەکەی بە تاوانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ سزادا، هەروەها هاوژینی پێشووییشی بە پشتیوانیکردن و بەشداربوون لەو تاوانانە تاوانبار کرد، تاوەکو ببنە وانەیەک بۆ هەموو ئەوانەی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن.

