لەکاتێکدا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەرانی لەسەرانسەری جیهاندا هەڵپەساردووە و خەونی هەزاران کەسی لەباربردووە، بەڵام لە هەنگاوێکی جێی سەرنجدا، دەرگایەکی تایبەتی بۆ پێشوازیکردن لە کەمینە سپیپێستەکانی باشووری ئەفریقا کردووەتەوە، کە ئەمەش ڕەخنەی توندی شارەزایانی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
لە مانگی 1ی ساڵی 2025دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەرانی دەرکرد، بەهۆی ئەمەشەوە زیاتر لە 120000 پەنابەر کە پێشتر ڕەزامەندییان وەرگرتبوو، لە نێویاندا پەنابەرانی کامێرۆن و چەندین وڵاتی دیکە، لە دۆخێکی نادیار و سەختدا مانەوە و نەیانتوانی دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەم بڕیارە توندە، ئەمریکا لە نێوان مانگەکانی 10ی ساڵی 2025 بۆ 4ی ساڵی 2026، زیاتر لە 6500 کەسی لە کەمینەی ئەفریقانییەکان کە سپیپێستەکانی باشووری ئەفریقان وەرگرتووە و پلانیش هەیە لە مانگی 5ی ئەمساڵدا 10000 کەسی دیکەش لەو کەمینەیە وەربگرێت.
بیانووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە گوایە ئەو سپیپێستانە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، بەڵام حکومەتی باشووری ئەفریقا و شارەزایانی نێودەوڵەتی ئەم بانگەشەیە ڕەتدەکەنەوە، شارەزایانی بواری یاسای پەنابەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا هیچ بنەمایەکی مرۆیی یان بەرژەوەندییەکی دیپلۆماسیی نییە و بەتەواوی پێچەوانەی بنەماکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەوان پێیان وایە ئەو کەمینەیە وەک ئەو پەنابەرانەی دیکە نین کە لە جەنگ و مەترسیی ڕاستەقینە هەڵاتوون و بەوپەڕی نائومێدییەوە چاوەڕێی داڵدەدانن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ پێویستییەکانی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 2.5 ملیۆن کەس، چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە سیاسەتە جیاکارییانەی ئەمریکا و کەمبوونەوەی ڕێژەی وەرگرتن لە وڵاتانی وەک کەنەدا و بەریتانیا، نەک تەنها سیستەمی پەنابەریی جیهانی لاواز دەکات، بەڵکو پەنابەران ناچار دەکات پەنا بۆ ڕێگە نایاسایی و قاچاخەکان ببەن، کە ئەمەش ژیانیان و بەتایبەت ژنان و منداڵان دەخاتە بەردەم مەترسیی قۆستنەوە و مەرگێکی مسۆگەرەوە.

