KDC

کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی کوردی لە ئالماتی بەڕێوەدەچێت

شاری ئالماتی باوەشی بۆ کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی کوردی کردەوە، تیایدا کۆمەڵێک لە زانایان، ئەکادیمیستان و نووسەرانی لێهاتووی جیهان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دیالۆگێکی قووڵی ئەکادیمییەوە، داهاتووی زمان، مێژوو و کولتووری کوردی بەرەو ئاسۆیەکی گەشتبینتر بەرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تەممووزی 2026، لە شاری ئالماتی لە وڵاتی کازاخستان، بە بەشداریی بەرفراوانی زانایان، ئەکادیمیستان، نووسەران و نوێنەرانی دامەزراوە کوردییەکان لە وڵاتە جیاوازەکانەوە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی کوردی دەستی بە کارەکانی کرد.

ئەم کۆنفرانسە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگی زانستی سەیر دەکرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئەکادیمییەکان، پاراستنی میراتی دەوڵەمەندی کوردی و گەشەپێدانی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر زمان و مێژووی کورد.

لە میانەی بەڕێوەچوونی پانێڵەکانی کۆنفرانسەکەدا، مژارە سەرەکییەکانی پێوەست بە زمان، مێژوو، کولتوور، ئەدەبیات و ئاسۆکانی داهاتووی توێژینەوە کوردییەکان خرانە ڕوو و لە لایەن پسپۆڕانەوە گەنگەشەی وردیان لەسەر کرا.

هەروەها ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە بە گەرمی پێشوازییان لە بەشداریی ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد و پێزانین و ڕێزی زۆریان بۆ ئامادەبوونیان لە شاری ئالماتی دەربڕی.

بەشداربووان هیوایان خواست کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە زانستییانە ببنە هەنگاوێکی کاریگەر و بنەڕەتی بۆ تۆکمەکردنی یەکڕیزیی کولتووری و ئەکادیمیی گەلی کورد.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی هەمیشە هەوڵی داوە پردی پەیوەندی لە نێوان کوردانی تاراوگە و ناوەندە زانستی و کولتوورییەکاندا دروست بکات، شاری ئالماتی لە کازاخستانیش مێژوویەکی دێرین و گرنگی لە ئامێزگرتنی کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، سازکردنی ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە لەم ناوچەیەدا لە ساڵی 2026دا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و بەستنەوەی توێژەرانی جیهانی بە مێژوو و زمان و کولتووری کوردییەوە.

 

کارزان حەیدەر

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

[email protected]

 

___

لیستی ئەو وڵاتانەی پەتای کۆرۆنا زۆرترین کاریگەری لەسەریان ھەبووە

KDC

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا دەكات

Karzan

سویسرا بڕیاردا زۆربەی ڕێککارە خۆپارێزییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لابەرێت

Harmn