KDC

فیلمێکی کوردی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە بەریتانیا بەدەست دەهێنێت

کورتەفیلمی هونەریی بەلەمە کاغەزییەکەم، کە چیرۆکێکی پڕ لە مانا و دیمەنی سەرنجڕاکێش لە خۆ دەگرێت، لە نێوان دەیان بەرهەمی جیهانیدا درەوشایەوە و توانی خەڵاتی باشترین کاریگەرییە بینراوەکان لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی ئازادانە لە وڵاتی بەریتانیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی نوێ بۆ رەوتی سینەمای کوردی تۆمار دەکرێت.

هۆزان شێرزاد، نووسەر و دەرهێنەری کورتەفیلمەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکانی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە سەرەتاکانی ساڵی 2025 دەستی پێکردووە، ئەو روونیکردەوە کە ئەم سەرکەوتنە تەنیا لە چوارچێوەی لێهاتوویی دەرهێناندا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەستکەوتی کارێکی تیمیی دڵسۆزانەیە کە تێیدا کۆمەڵێک هونەرمەند و شارەزای بوارە جیاوازەکان بە گیانێکی پڕ لە بەرپرسیارێتییەوە هاوکار بوون بۆ خولقاندنی ئەم کارە داهێنەرانەیە.

یەکێک لە هێما سەرەکی و پڕ بایەخەکانی ناو چیرۆکی فیلمەکە، بەلەمێکی کاغەزیی تایبەت بوو کە ئەرکی دروستکردنی بە چالاک لەتیف و عەلی نەوزاد سپێردرابوو، ئەم دوو هونەرمەندە دوای چوار رۆژ لە کارکردنی بەردەوام و بێوچان توانیان بەلەمەکە ئامادە بکەن، پاشان چەندین رۆژی دیکەشیان بۆ رێکخستنی دیکۆر و پێداویستییە وردەکانی تری فیلمەکە تەرخان کرد، ئەو رۆژانە بۆ تەواوی ستافەکە ببووە سەرچاوەی ئەزموونکردن، یادەوەریی شیرین و هاوکارییەکی بێوێنە.

سەبارەت بە رکابەرییەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەرهێنەرەکە باسی لەوە کرد کە فیلمەکە لە نێوان زیاتر لە 60 کورتەفیلمی وڵاتانی جیاوازی جیهاندا هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی ئازادانە لە بەریتانیا، دوای بینین و هەڵسەنگاندنی وردی بەرهەمەکان لە لایەن لێژنەی دادوەرانەوە، باشترین کارەکان لە هەشت پۆلی جیاوازی خەڵاتەکاندا دیاریکران، لە نێوانیاندا، کورتەفیلمی بەلەمە کاغەزییەکەم بە شایستەیی و بەهۆی وردەکاری، داهێنان و ماندووبوونی تیمی کاری بینراو، خەڵاتی باشترین کاریگەرییە بینراوەکانی پێشکەش کرا.

هۆزان شێرزاد جەختی لەوەش کردەوە، ئەم سەرکەوتنە بۆ ئەوان تەنیا وەرگرتنی ناسناوێک نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی کە بە کارکردنی رژد و دڵسۆزانە، بەرهەمی کوردی دەتوانێت پێگەی شایستەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بدۆزێتەوە، ئەو خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە توانیویانە لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە خزمەتێکی بچووک بە سینەمای کوردی بگەیەنن و جێپەنجەی خۆیان جێبهێڵن.

کورتەفیلمی بەلەمە کاغەزییەکەم کە لە لایەن هۆزان شێرزادەوە کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ کراوە، پێشتریش پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمار کردووە، فیلمەکە توانیویەتی لە خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لاوانی عێراقدا خەڵاتی بەنرخ بەدەست بهێنێت، ئەمەش نیشاندەری بەردەوامیی داهێنانی ستافی فیلمەکەیە لە گەیاندنی پەیامە مرۆیی و هونەرییەکان بە بینەران.

___

پرۆفایلی ڕۆبێرتۆ باجیۆ

Harmn

بۆچوونی  مامۆستا نیاز جاف لەسەر بەستنی یەکەمین کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد 

KDC

نەتەوەیەکگرتووەکان: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری کۆنگرەی نەتەوەکان و دەوڵەتەکان CNSدەکەن

Harmn