KDC

کۆپا رۆژئاوا لە یاریگایەکی مێژوویی ئەڵمانیا دەستپێدەکات

بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە، لە شاری هانۆڤەری وڵاتی ئەڵمانیا، پاڵەوانێتیی تۆپی پێی رۆژئاوا کە بە کۆپا رۆژئاوا ناسراوە، دەستپێبکات.

 پاڵەوانێتییەکە گەورەترین کێبڕکێی وەرزشیی نێوان تیپەکانی تۆپی پێی کوردانە لە تاراوگە و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە رەوەندی کوردی ئامادەی بینینی یارییەکان بن.
لە کێبڕکێکانی ئەمساڵی کۆپا رۆژئاوادا، چوار تیپی دیاری رۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە کۆبانێ، عەفرین، حەسەکە و قامیشلۆ رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ئەم کەرنەڤاڵە وەرزشییە، ئەحمەد حەسەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆپا رۆژئاوا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی ئەزموونی سەرکەوتووی ساڵانی رابردوویانەوە، ئەمساڵ زۆر بە باشی و لەسەر ئاستێکی بەرز تەواوی ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکان و پێشوازییکردن لە هاندەران تەواو کردووە.

یارییەکانی ئەمساڵ لە یاریگای یانەی ئێس ڤی ئەرمینیا لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، ئەم یاریگایە خاوەنی مێژوویەکی دێرینە و تەمەنی سەروو 100 ساڵە، هەروەها توانای لەخۆگرتنی 1000 هاندەری هەیە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پاڵپشتی لە تیپەکانیان بکەن.
ئەوەی زیاتر سەرنجی میدیاکان و چاودێرانی راکێشاوە بۆ پاڵەوانێتییەکە، پشتبەستنی تەواوەتییە بە یاریزانە گەنجەکان. بەڕێوەبەرانی خولەکە ئامانجیانە دەرفەت بە لاوان بدەن و نایانەوێت پشت بە یاریزانە بەتەمەنەکان ببەستن، چونکە یاریزانە لاوەکانی بەشداربووی ئەمساڵ خاوەنی توانایەکی هونەریی بەرز و لێهاتووییەکی وردن لە یاریگادا، ئەمەش وادەکات ئاستی کێبڕکێکان بەهێزتر و خێراتر بێت.

پاڵەوانێتییەکە بە شێوازێکی چڕ و خێرا رێکخراوە و تەنها یەک رۆژ دەخایەنێت، بە جۆرێک یارییەکان لە کاتژمێر 10ی بەیانییەوە دەستپێدەکەن و تاوەکو 7ی ئێوارە بەردەوام دەبن.

لەپێناو بەڕێوەچوونی یارییەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و پڕۆفێشناڵ، دەستەیەکی ناوبژیوانیی تێکەڵاو لە ناوبژیوانانی ئەڵمانی و کورد سەرپەرشتیی یارییەکان دەکەن، هەروەها بڕیارە رۆژێک پێش لێدانی فیکەی دەستپێک، پرێس کۆنفرانسێک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رێکبخرێت بۆ خستنەڕووی تەواوی وردەکارییەکان و ناساندنی زیاتری کۆپا رۆژئاوا.

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

___

شانۆگەریی نوای ئارام لە لەندەن مێژووی نەهامەتی و ڕزگاربوونی گەلی کورد دەگێڕێتەوە

Karzan

ئەمەریکا سزای ئابوری نوێی ڕوسیا دەدات و ،هاریکاری ئۆکرانیا بەبڕی 13,6ملیار دۆلار دەکات

Harmn

ئەڵمانیا لە لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ژمارەی داواکاری مافی پەنابەری

KDC