KDC

ئەورووپا هەوڵەکانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران چڕتر دەکاتەوە

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئەورووپا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆچبەری لە ڕێگەی سپاردنی بە لایەنی دەرەکی، دوای دەنگدانی پەرلەمانی ئەورووپا، یاسای نوێی گەڕاندنەوەی یەکێتییەکە لە پەسەندکردن نزیکبووەتەوە، کە بەڵێنی گەڕاندنەوەیەکی خێراتر بۆ دیپۆرتکردنی کۆچبەران دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی گاردیان، ئەم یاسا نوێیە زەمینەیەکی دەستووری و یاسایی بۆ وڵاتانی ئەورووپا دەڕەخسێنێت تا بنکەی تایبەت بە گەڕاندنەوە، واتە ناوەندی دەرەکی لە دەرەوەی خاکی یەکێتیی ئەورووپا دابمەزرێنن.

ئامانج لەم ناوەندانە، ڕاپەڕاندنی کاروباری ئەو کۆچبەرانەیە کە مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئەورووپادا نییە و بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە.

سەرەڕای دژایەتی توندی وڵاتانی وەک ئیسپانیا و فەرەنسا و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، زۆرێک لە حکومەتەکانی تری ئەورووپا پەرۆشی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەم سیستمە نوێیەدا نیشان داوە، تەنیا چەند ڕۆژێک دوای دەنگدانەکەی پەرلەمانی ئەوروپا، 19 وڵاتی ئەندام نامەیەکی کراوەیان واژۆ کرد و تێیدا داوای بەکارهێنانی تەواوی ئەو دەرفەت و شێوازە نوێیانەیان کرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکی زۆر نزیکدا دەستپێدەکات.

گاردیان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا چەند وڵاتێکی وەک نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا، یۆنان و هۆڵەندا ئامادەکارییە سەرەتاییەکانیان تەواو کردووە و لەسەر هێڵی دەستپێکردنن بۆ دامەزراندنی ناوەندی هاوبەشی دەرەکی، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

سیاسەتی گواستنەوەی چاودێری کۆچبەران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەورووپا، وەک وەڵامێکی سیاسی بۆ بەرزبوونەوەی دەنگی ڕەوتی ڕاستڕەو و زۆربوونی لێشاوی کۆچبەران سەیر دەکرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا، دەستپێشخەریی جیاواز لەم بوارەدا بینراون، لەوانە ڕێککەوتنی نێوان ئیتالیا و ئەلبانیا بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا.

ڕەخنەگرانی ئەم جۆرە سیاسەتانە لەو بڕوایەدان کە سپاردنی دۆسیەی مرۆیی بە وڵاتانی تر و دامەزراندنی ناوەندی گەڕاندنەوە لە دەرەوەی خاکی ئەورووپا، ڕەنگە ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لاوازکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافی پەنابەری، لە بەرانبەردا، لایەنگرانی پرۆژەکە پێیان وایە ئەمە تاکە ڕێگەی گونجاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و کەمکردنەوەی فشارە دارایی و سیاسییەکان لەسەر سیستمی ناوخۆیی وڵاتانی ئەورووپا.

___

یاریەکانی ئەمڕۆ

Harmn

ڕوسیا پێداویستییەکانی گازی بۆ پۆلۆنیاو بولگاریا هەڵپەسارد

Harmn

ئۆکرانیا ،ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا

Harmn