KDC

نیشتمانی نێو جانتای نووسەرانی کۆچبەر

کاتێک ئێمە لێرە و لەم جوگرافیا نامۆیەدا کۆدەبینەوە، ئێمە تەنیا کۆمەڵە نووسەرێک نین کە لە دەوری مێزێک بۆ گۆڕینەوەی چەند دەستەواژەیەکی باو و سواو کۆبووبێتینەوە، بەڵکو لە ڕاستیدا ئێمە پارچە پەرشوبڵاوەکانی جەستەی نەتەوەیەکین کە لە ئاوێنەی غەریبیدا، بەدوای وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا دەگەڕێت و هەوڵی کۆکردنەوەی مانا پەرتەوازەکانی “بوون” دەدات. لێرەدا و لە کایەی دژواری تاراوگەدا، زمان تەنیا ئامرازێکی تەکنیکی بۆ ئاخاوتن و گەیاندن نییە، بەڵکو زمان “نیشتمانێکی جێگرەوە”یە؛ بۆ نووسەری تاراوگە، زمان ئەو دوا قەڵا و پەناگە ئەنتۆلۆژییەیە کە تێیدا دەتوانێت لە شاڵاوە بێبەزەییەکانی سڕینەوەی ناسنامە و توانەوە لە ناو ئەوی تری بێگانەدا ڕزگاری بێت، بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەری و فەلسەفییەکە سەرهەڵدەدات و ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: ئایا ئێمە بە ڕاستی خاوەنی ماڵە مەعریفییەکەی خۆمانین؟ ئایا ئەو زمانەی تێیدا نیشتەجێین، خانووێکی ڕەسەنە یان هێشتا لە ژێر سێبەری دیوارە ڕووخاوەکانی عەقڵ و فیکری داگیرکەراندا، خەریکی ڕیزکردنی وشەین و بە کەرەستەی بێگانە خەونی کوردی دەچنین؟

ئەگەر لە جیاوازیی نێوان نووسەری ناوخۆ و نووسەری تاراوگەنشین بڕوانین، درک بەوە دەکەین کە ئەم جیاوازییە تەنیا دوورییەکی فیزیکی یان جوگرافی نییە، بەڵکو جیاوازییە لە نێوان “بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ برین” و “تێڕامانی قووڵ لە شوێنەواری برینەکە”؛ نووسەری ناو نیشتمان لە ناو جەرگەی زریانە توندوتیژەکاندا دەژیێت، ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بۆنی توندی بارووت، تەپوتۆزی شارە ماندووەکان و هاواری کپکراوی شەقامەکاندا دەستەویەخەیە و زمانەکەی ئەو زمانێکی گەرم، ڕەق و زۆرجار ڕاستەوخۆیە، چونکە واقیعی خوێناوی ڕێگەی پێ نادات پەنا بۆ جوانکاریی ئیستاتیکیی زیادە ببات، بەڵام لە بەرامبەردا، نووسەری تاراوگە لە مەودایەکی دوورەوە و لە ڕێگەی عەدەسەی غەریبییەوە سەیری مێژوو دەکات، ئەو لە نێوان دوو جیهانی دژبەیەکدا قەتیس ماوە: جیهانی “نۆستالژیا” کە ڕابردوو وەک پیرۆزییەکی دەستکارینەکراو دەپەرستێت، و جیهانی “نامۆبوون” کە ئێستای لێ تەڵخ و ناڕۆشن دەکات.

هەرچه‌ندە مەترسییە گەورەکە ڕێک لێرەدا دەردەکەوێت؛ ئەگەر نووسەری تاراوگە وریای پاراستنی پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی خۆی لەگەڵ لێدانی دڵی ژیانی ڕۆژانەی نیشتماندا نەبێت، زمانەکەی وردە وردە دەبێتە زمانێکی “مۆزەخانەیی”، زمانێک کە تەنیا بۆ لاواندنەوەی ڕابردوو و یادکردنەوەی یادەوەرییەکان دەشێت، نەک بۆ داڕشتنی نەخشەی داهاتوو، لە کاتێکدا نووسەری ناوخۆش بەهۆی گەمارۆدانی فیکری، سیاسی و ئابوورییەوە، زۆرجار ناتوانێت ئەو هەناسە ئازادە فیکرییە هەڵبکێشێت کە پێویستە بۆ “جیهانیبوون”، هەر بۆیە ئەم دوو جەمسەرەی نووسین پێویستیان بە تەواوکردنی یەکتر و دیالۆگێکی قووڵ هەیە بۆ ئەوەی گوتارێکی کوردیی یەکگرتوو و مۆدێرن بەرهەم بێت.

هەروەها، پێویستە بە ڕاشکاوی بڵێین کە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە ستراتیژییەکانی عەقڵی نووسەری کورد، تووشبوونییەتی بە جۆرێک لە نەخۆشیی “ستۆکهۆڵم سندرۆم”ی کولتووری؛ ئێمە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لە ژێر سایە و هەژموونی سێ زمان و کولتووری زاڵی ناوچەکەدا ژیاوین و ئەم کاریگەرییە تەنیا لە ئاستی وەرگرتنی چەند وشەیەکدا نییە، بەڵکو چووەتە ناو قووڵاییی “سیستەمی تێڕامان” و مێتۆدی بیرکردنەوەمان، بە جۆرێک کاتێک نووسەری کورد بیردەکاتەوە، زۆرجار بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، پێکهاتەی عەقڵیی داگیرکەرەکەی بەکاردەهێنێت. کاتێک شیعر دەنووسین، زۆرجار لە ژێر سێبەری قورسی شیعرییەتی فارسیداین و کاتێک فیکر دادەڕێژین، عەقڵمان لەسەر ڕیتم و ستراکچەری فیکری عەرەبی یان تورکی ڕاهێنراوە، کە ئەمەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم “سەربەخۆییی فیکری” و بووەتە هۆی جۆرێک لە “خۆبەکەمزانین” کە نووسەری کورد وا تێبگات داهێنان تەنیا لە فەزای زمانەکانی تردایە، دەرەنجامەکەش ئەوەیە کە ئێمە بووینەتە “پاشکۆی فیکری” نەک “سەنتەری فیکری”، بۆیە ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی ڕادیکاڵی زمانەوانی هەیە کە تێیدا زمانی کوردی لە پاشکۆییی مانا و وێنە و پێکهاتە سەپێنراوەکانی زمانەکانی تر ڕزگار بکەین و بیگێڕینەوە بۆ کێڵگە فیکرییە ڕەسەنەکەی خۆی.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی یەکجار هەستیار و پڕ لە ئازار بدەم کە پەیوەندی بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی نووسەرەوە هەیە؛ کاتێک سەیری مێژووی ئەدەبیی خۆمان دەکەین، بەتایبەتی لە قۆناغی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی شەرمەزارکەر دەبینەوە، چونکە لە کاتێکدا جەستەی کوردبوون لە ژێر شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایددا پارچەپارچە دەکرا و لە ١٦-٣-١٩٨٨دا هەڵەبجە دەبووە مەیدانی تاقیکردنەوەی چەکە کیمیاییەکان، ئێمە خاوەنی نووسەرگەلێک بووین کە چاویان لەم هەموو کارەساتە نوقاندبوو و بە جۆرێک هەستیان نەدەبزووت کە ویژدانی مرۆڤایەتی بهەژێنن. جێگای سەرسوڕمان و پرسیارێکی جەوهەرییە بۆ نەوەی ئێستا، کە چۆن دەبێت نووسەرێک لە ناو دڵ و جەرگەی جینۆسایددا بژیت، کەچی لەو کاتە وردانەدا جوانترین و بێوەیترین شیعر و چیرۆکی سۆزداری دەربارەی دڵداری و جوانیی سروشت بنووسێت؟ ئەمە تەنیا نادیدەگرتنی واقیع نەبوو، بەڵکو “ئیفلاسی ئەخلاقی و فیکری” بوو، چونکە نووسەرێک نەتوانێت هاواری نەتەوەکەی بکاتە دەقێکی جیهانی، ناتوانێت بانگەشەی ڕووناکبیری بکات، و هەر ئەم دابڕانە جەستەیی و ڕۆحییە لە ئازار بووە هۆی ئەوەی فیکری ئێمە نەتوانێت وەک پێویست بەرەو ئاسۆیەکی جیهانی گەشە بکات.

خاڵێکی تریش کە بە پێویستی دەزانم لەم کۆڕەدا تیشکی بخەمە سەر، خەونی “بەجیهانیبوون”ە؛ لێرەدا دەبێت بپرسین بۆچی ناتوانین ببینە جیهانی؟ جیهانیبوون بە مانای لاساییکردنەوەی میکانیکیی تەکنیکەکانی ڕۆژئاوا نایەت، بەڵکو بە مانای “قووڵبوونەوە لە ناوخۆ” و گەیشتن بە لوتکەی گەردوونیی مرۆڤایەتییە، بەڵام کێشەی بونیادیی ئێمە لە “هونەری گێڕانەوە”دایە. ئێمە نەتەوەیەکی پڕ لە چیرۆکی تراژیدین، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە ئەم چیرۆکانە بە زمانێک بگێڕینەوە کە مرۆڤێکی ئەوپەڕی جیهان خۆی تێدا ببینێتەوە، چونکە گێڕانەوە لای ئێمە زۆرجار لە دوو بازنەی بەرتەسکدا دەخولێتەوە: یان تەنیا “شین و ڕۆڕۆ” و لاواندنەوەی ساکاری قوربانییە، یان گوزارشتێکی سیاسیی وشک و ئایدۆلۆژییە. بۆ ئەوەی خەونی جیهانیبوون بێتە دی، دەبێت ئێمەی “مرۆڤی کورد” لە ناو تێکستەکانماندا وەک “مرۆڤ” دەربکەوین، نەک تەنیا وەک “سواڵکەرێک بۆ چنینەوەی سۆز و بەزەیی”، چونکە جیهان گوێ لە هاواری قوربانییەکی لاواز و بێپڕۆژە ناگرێت، بەڵکو سەرسام دەبێت بەو کاراکتەرەی کە لە ناو جەرگەی مەرگ و جینۆسایدەوە، مانا بۆ “بوون” دەدۆزێتەوە.

لێرەدا، دەبێت ئێمە فێری ئەوە بین چۆن تاکی کوردی بکەینە پاڵەوانێکی تراژیدیی گەردوونی، وەک چۆن یۆنانییەکان، ڕووسەکان و جووەکان توانییان کارەساتە نەتەوەییەکانیان بگۆڕن بۆ شاکاری ئەدەبیی هەمیشەیی، نەک تەنیا بە ژماردنی ناوی قوربانییەکان و بەخشینەوەی وشەی شەهادەت؛ چونکە کاتێک دەڵێین ١٨٢ هەزار شەهید و تەنیا لە چوارچێوەی ژمارە و ئایدۆلۆژیادا قەتیس دەمێنینەوە، کارەکە دەگاتە شوێنێک کە دەربازبووەکانی کارەسات ئێرەیی بە کوژراوەکان دەبەن، کە ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنێکی چەوت و بێڕێزییەکی گەورەیە بە پرسی مرۆییی نەتەوە و مێژووەکەمان.

لەلایەکی ترەوە، یەکێک لەو برینە قووڵانەی جەستەی فیکری ئێمەی تووشی شەلەل کردووە، دوورکەوتنەوەیە لە “سرووشتی کوردبوون”؛ کوردبوون تەنیا ڕەگەزنامە و پاسپۆرتێکی بێگیان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە هەبوون کە لەگەڵ چیا، بەرد، ئاو و ئازادییەکی بێسنووردا یەکدەگرێتەوە، بەڵام لە ناو فەزای غەریبیدا، نووسەری کورد وردە وردە ئەم سرووشتە لە دەست دەدات و دەبێتە “کائینێکی کاتی”، کائینێک کە نە لە ناو کولتووری نوێدا دەبێتە خاوەن ماڵ و نە دەشتوانێت بە ڕەسەنایەتیی خۆیەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو فەزای نیشتمان، ئەم “هەڵواسراوییە” فیکرییەش وای کردووە کە بەرهەمەکانمان زۆرجار بێ ناسنامە و بێ ڕەگ بن.

هەروەها، نەبوونی “سەنتەری فیکری” گەورەترین خەوشی بونیادیی ئێمەیە، چونکە نووسەرانی ئێمە وەک دوورگەی دابڕاو لە یەکتر دەژین و پێویستمان بە “قیبلەنمایەکی فیکری” هەیە کە تێیدا جیاوازیی دیالێکت، ناوچە و ئایدۆلۆژیاکان وەک مایەی دەوڵەمەندی ببینرێن، نەک وەک هەڕەشەیەک بۆ دابەشبوون. نەبوونی دەزگایەکی نیشتمانیی فیکری وای کردووە کە هەر نووسەرێک بۆ خۆی مانیفێستۆیەکی جیاوازی هەبێت و کەسیش گوێ لە ئەوی تر نەگرێت، ئەمەش وای کردووە کە “فیکری کوردی” نەبێتە “شاکارێکی مەعریفی” و هەمیشە لە سفرەوە دەست پێ بکەینەوە، چونکە ئەوەی پێش خۆمان نووسیویەتی وەک بناغە بەکاری ناهێنین، بەڵکو وەک ڕکابەرێکی کاتی دەیبینین. نموونەی هەرە دیار و تاڵ، ئەو نەوەیەی دوای ساڵانی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان دەرکەوتن؛ ئەوان بە ناوی نوێکارییەوە، کۆمەڵێک وتار و فەلسەفەی بێگانەیان بە وەرگێڕانێکی شێواو و تەڵخ هێنا و تەنانەت زۆرجار بە ناوی خۆیشیانەوە بڵاویان کردەوە و پاشان بە لووتبەرزییەوە ڕایانگەیاند کە “ئەوەی پێش ئێمە نووسراوە بێبایەخە”، کە ئەم “باوککوژییە” فیکرییە زیانێکی گەورەی لە ڕەوتی گەشەی مەعریفیی ئێمە دا و متمانەی لە نێوان نەوەکاندا بە تەواوی لەناو برد.

نووسەرانی تاراوگەنشین، لە کۆتاییی ئەم باسەدا دەمەوێت بڵێم کە ئێوە لێرە تەنیا نووسەر نین، بەڵکو ئێوە “باڵیۆزی ڕۆحی نەتەوەیەکن” لەبەردەم دادگای ویژدانی جیهانیدا؛ ئەرکی ئێوە تەنیا نووسین بۆ ناوەوەی خۆمان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە “کورد” وەک “مانا” و “چەمکێکی فیکری” لە ناو بیرکردنەوەی جیهانیدا جێگیر بکەن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە باڵایەش، دەبێت سەرەتا لەو “خۆبەکەمزانینە” و ئەو “سروشتە پۆپۆلیستییە” ڕزگارمان بێت و ئەو دەنگە بێگانانەی لە ناو هۆشماندا دەنگ دەدەنەوە کپ بکەین تا زمانی کوردی بە هەموو سیمیۆلۆژیا و جوانییە بێدەنگکراوەکەیەوە قسە بکات.

ئێمە پێویستمان بە “خەونی گەورە” هەیە و جێگای داخی قووڵە کە هەندێک لە نووسەرانی ئێمە شەرم لە ناوهێنانی گوند، شار و مێژووی خۆیان دەکەن، لە کاتێکدا مەزنیی ئەدەب لە ڕەسەنایەتییەوە دەست پێ دەکات؛ ئەگەر گابریێل گارسیا مارکێز توانی گوندێکی وەک “ماکۆندۆ” بکاتە پایتەختی خەیاڵی و فیکریی جیهان، بۆچی ئێمە نەتوانین چیاکانمان، ئەشکەوتەکانمان و برینە ئەنفالکراوەکانمان بکەینە ڕووبەرێکی جیهانی بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی؟ با ئەم کۆنفرانسە تەنیا کۆبوونەوەیەک یان ڕێوڕەسمێکی کاتی نەبێت، بەڵکو ببێتە بەردی بناغەی “سەنتەرێکی فیکریی نیشتمانی” کە تێیدا نووسەری تاراوگە و ناوخۆ لە یەک خاڵدا یەکبگرنەوە: کە ئەویش پەیڤێکی ئازاد و فیکرێکی سەربەخۆ بێت.

 

میران ئەبراهام

 

___

رۆژی جیهانی دایک‌ و ئه‌رکه‌کانمان!

Harmn

سکۆتلەندە: دەنگی بێ برانەوەی سەربەخۆی !!!

Harmn

جەنگی سارد دابەش بوونی جیهان بۆ دوو بەرە

Harmn